باشووری كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی "داگیركاری تەواو"دایە

09/12/2018

حەسەن جودی

لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991وە رۆژ بەرۆژ داگیركارانی كوردستان – بەتایبەتی توركیا و ئێران – و دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان لەهەوڵی داگیركردن و خۆسەپاندن بوون بەسەر باشووری كوردستاندا. ئەمەشیان لەمیانەی سوود وەرگرتن بووە لە ناكۆكیی و ململانێی نێوان لایەنه سیاسییەكانی باشوور و پابەندنەبوونیان بە ستراتیژیی نەتەوەیی و نیشتمانیی و تێكشكاندنی كەسێتی تاكی كورد و لێكترازانیی پێكهاتەكانی كۆمەڵگادا. لەئاكامی ئەمەدا؛ ئەمڕۆ هەوڵدانەكانیان بۆ داگیركاریی و خۆسەپاندن گەیشتۆتە ترسناكترین قۆناخی خۆی، ئەگەر رێگیرییەكی جددی نەبێت، ئەوا باشوور بەتەواوی و لەڕووی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و ئیدی سەربازییش داگیر دەكرێت، ئیدی باشوور، بە خاك و خەڵكییەوە، لەژێر مەترسیدارترین پیلانی داگیركاریی دایە و تەنانەت بۆتە گۆڕەپانی شەڕێكی‌ جیهانیی و هەرێمیی ئەوتۆ كە كۆتاییەكەی دیار نییە. 

لێرەدا؛ هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەو داگیركاریی و خۆسەپاندنە زۆر و هەمە لایەنەن، ئەوەی گرنگە دەكرێ چی بكرێ بۆ ئەوەی ئەو داگیركارییە چیتر بەردەوام نەبێت و لەنێو گێژاوی خۆرهەڵاتی ناوین و ئێراق و كوردستاندا، هەم دەسكەوتەكانی گەلەكەمان بپارێزرێت و لەو ململانێ و شەڕ و ناكۆكییەی ئێستای ناوچەكە بەكەمترین زیان لێی دەربچین، هەمیش بتوانرێت وەك گەلی كوردستان پێگەی شایستەی خۆی لەداهاتوودا بەدەستبێنێت.

مسۆگەر بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی بە بێدەنگبوون، بە ملكەچیی و وابەستەبوون پێی و كەوتنە نێو بازنەی سیاسەت و ستراتیژییەكانی داگیركارانەوە نایەتەدی، بەڵكو بە رووبەڕووبوونەوەی دەبێت لەهەموو ئاست و كایەكاندا. بچووكترین سازشكاریی لەگەڵ داگیركاراندا، دەبێتە هاوكاریی و پشتیوانیی لێی. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ چییە؟ دەسەڵاتێكی ستەمكار و تاڵانكاری وابەسته بە داگیركاران لە باشووردا باڵادەسته، كە‌ هەبوون و مانەوەی خۆی لە هەبوون و مانەوەی هەژموونی داگیركاراندا دەبینێتەوە. هەرچی رژێمە داگیركارەكانیشن هەرچییەكیان بوێت لەڕێی ئەو دەسەڵاتەی باشووردا جێبەجێی دەكەن. بێگومان ئەو رژێمانە دژ بە رەوت و بزووتنەوە نیشتمانپەروەریی و نەتەوەیی و دیموكراتیخوازییەكانن، بۆیە دەسەڵاتی باشووریش بێئەملاو ئەولا لەبەرامبەر بە‌و رەوت و بزووتنەوانەدا ئەوە جێبەجێ دەكات كە ئەوان دەیانەوێت.

بۆیە پێویست دەكات بەهەموو شێوە و رێبازێك بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی و وابەستەیی ببینەوه و نەك هەر رێگە نەدرێت ئەو داگیركارییە بگاتە سەركەوتنی خۆی، بەڵكو دەبێت هەرچی پێگە و ستووندی داگیركاریی هەیە هەڵوەشێنرێتەوه. بەمەش دەتوانرێت‌‌ قۆناخێكی نوێ لە باشوور دەستپێدەكات كە بەئاراستەی بونیادنانی سیستەمێكی دیموكراتیی نیشتمانیی لە باشوور بونیاد بنرێت و باشوور لەناوەندی شەڕی تایبەتی داگیركارییەوە ببێتە ناوەندی ئازادی و دیموكراتی و دادپەوەریی خاوەن سەروەریی و شكۆداریی خۆی.

حەسەن جودی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی