دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، پارتی چۆن سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكاتەوە؟

09/12/2018

 



دوای ئەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێرانی خۆی بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی كوردستان دیاریكرد و لە دوای سڕبوونی كارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمیش ئێستا لە هەموو كات زیاتر پارتی مەبەستێتی سەرۆكایەتیی هەرێم كارابكاتەوە، بەتایبەتی كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە دیاریكراوە.

كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم رەنگە ئاسان نەبێت، چونكە بە گوێرەی یاسای ژمارە(1)ی ساڵی2005 كە بە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ناسراوە و لە دانیشتنی رۆژی 7-6-2005ی پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایە دەرچووە، لە ماددەی دووەمی یاساكەدا دەڵێت: "هاووڵاتییانی كوردستان بە دەنگدانێكی گشتی و نهێنی و راستەوخۆ، سەرۆكێك بۆ هەرێم هەڵدەبژێرن كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتییان دەكات و بەناویانەوە دەدوێت و هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا دەكات".

لێرەدا دەبینین ئەو ماددەیە بەربەستە لەبەردەم پارتی بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئاسانی كارابكاتەوە، دروستتر نێچیرڤان بارزانی بكاتە سەرۆكی هەرێم، بە گوێرەی ئەو ماددەیە، دەبێ سەرۆكی هەرێم لە لایەن هاووڵاتییانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام سەرباری ئەو بەربەستەش، ئەوەی بۆ پارتی ئاسانكارییە، زیادبوونی ژمارەی كورسییەكانێتی لە پەرلەمان، كە لەگەڵ چەند كورسیێكی دیكەی لایەنەكان، دەتوانێ ئەو یاسایە هەموار بكاتەوە، ئەوە لە حاڵەتێكدا ئەگەر پارتی بیەوێت لە پەرلەمان نێچیرڤان بارزانی بكات بە سەرۆكی هەرێم، خۆ ئەگەر ئەوەش نەكات، یان سەرنەگرێت و پارتیش سووربێت لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كارابكاتەوە، دەبێ هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەموو ئاماژەكان دەڵێن، ئەوەی یەكەمیان ئەجێندا و بەرنامەی پارتییە بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، واتە یاساكە هەموار دەكاتەوە بە جۆرێك سەرۆكی هەرێم لە پەرلەماندا هەڵدەبژێرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشووتر كۆی حیزبەكان داوایان دەكرد سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، واتە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە دەگەیەنێت.

دوای ئەوەی بەرێز سەرۆك بارزانی رازی نەبوو كە جارێكی دیكە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژبكرێتەوە، ئەو پۆستە بە بۆشی مایەوە و زیانی بۆ پێگەی سیاسی هەرێم هەبوو، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان پێویستە سەرۆكێكی هەبێت كە تەعبیر لە هاووڵاتییانی كوردستان بكات، ئاخر بە گوێرەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، سەرۆك لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكیدا نوێنەرایەتی هاووڵاتییان دەكات، بە گشتیی سەرۆكی هەرێم تەعبیر لە خەڵكی كوردستان دەكات و هاوكات سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە.
بۆیە ئەو پۆستە بە لای پارتییەوە لە ئێستادا كە نێچیرڤان بارزانی كاندید كردووە، زۆر گرنگە، بەتایبەتی دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەر كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی لە رووی دیپلۆماسییەت و دیالۆگەوە هەنگاوێكی دیكەی هاویشت و فۆكەسی جیهانیشی كەوتە سەر كە توانی ئیدارەی قەیرانەكان بدات، بەتایبەتی لە پرسی دیالۆگدا، توانی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری2017 رازی بكات بە دانوستاندن و هەندێ رێككەوتن كە دواجار هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە مەترسی شەڕی ناوخۆیی دووركەوتنەوە.

راستی تا ئێستا زۆر روون نییە كە سەرۆكایەتیی هەرێم چۆنچۆنی كارا دەكرێتەوە، واتە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، ئینجا لە پەرلەمان یان بە هەڵبژاردنی گشتی، ئەگەرچی باسی هەردوو رێگەكەمان كرد، یان هەمواركردنەوەی یاساكە، یانیش هەڵبژاردنی لەناو خەڵك، بەو پێیەی خەڵكی كوردستان ماندووبوونە بە هۆی چەند هەڵبژاردنێك و هاوكات ئێستاش ئەو پرسە بە ئاسانتر لە پەرلەمانیش یەكلا دەبێتەوە، چونكە پارتی دەتوانێ رێژەی یاسایی مسۆگەر بكات بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، بۆیە ئاماژەكان زیاتر بۆ ئەوە دەچن لە پەرلەمان ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام بە گشتی پارتی بە هەر رێگەیەك بێت، ئەو پۆستە كارا دەكاتەوە، تەنانەت ئەگەر دەستووری هەرێمیش دەربكات، ئەو پۆستە چالاك دەكاتەوە.
بۆیە لێرەدا گرنگە هەندێ لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەگوێرەی ئەو یاسایە بخەینەڕوو بۆ ئەوەی كوردستانیش گرنگی ئەو پۆستە روون بێتەوە، چونكە ماوەیەكی دیكە ئەو پرسە دەبێتە مژارێكی دیاری ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان و دەیان خوێندنەوەی یاسایی و سیاسی بۆ دەكرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە چالاكییەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم سڕكراوە و بەمەش زیانێكی زۆری لە پێگەی هەرێمی كوردستان داوە.

بەشێك لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم:

- سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێمە، هاوكات سەرۆكی باڵای راپەڕاندیشە لە هەرێمی كوردستان.
- سەرۆكی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە نوێنەرایەتی هاووڵاتییانی كوردستان دەكات و هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا دەكات.
- ئەو یاسایانەی ئەنجوومەنی نیشتمانی هەرێم (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێت و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بدات و رەوانەی ئەنجوومەنی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە.
- لە حاڵەتێكدا ئەنجوومەنی نیشتمانی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی دەردەچوێنێت.
- سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی هەرێم بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت.

سەرۆكی هەرێم لە چەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە:
- ئەگەر پتر لە نیوەی ئەندامەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان دەستلەكار بكێشنەوە.
- ئەگەر لە ماوەی 45 رۆژدا لە بانگهێشتكردنی بۆ كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسایی ئەندامان پەیدا نەبێت.
- ئەگەر ئەنجوومەن متمانەی بە ئەنجوومەنی وەزیران لە سێ پێكهاتەی وەزارەتی جیاوازی یەك لە دوای یەك نەدا.
- ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەن گۆڕا و خولی هەڵبژاردنیش 6 مانگ یان كەمتری مابوو.
- سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبووردنی گشتی هەیە بە گوێرەی یاسا.
- پەسەندكردنی حوكمی لە سێدارەدان، یان سووككردنی بۆ بەندكردنی هەتا هەتا.
- سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە، بەگوێرەی یاسایەكی تایبەت.
-لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی ئەنجوومەنی نیشتمانی دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاری و گفتوگۆكردنی پرسگەلێكی دیاركراو كە كۆبوونەوەكەی بۆ دەكرێت، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات.
- دەسەڵاتی هەیە رێگە بدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، هەڵبەت لێرەدا دەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەدەست بهێنێت.
- سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی ئەنجوومەنی نیشتمانی، هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت. وەك ئەوەی كە پێشووتر پێشمەرگە رەوانەی كۆبانێ كرا.
- دوای ناونانی سەرۆكوەزیران لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتمانییەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت.
- كاتێك ئەنجوومەنی نیشتمانی، ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت.
- دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدار و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران.
- سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەران و سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە.
- دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و دەركردن و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان.
- بەخشینی نیشان و مەدالیا.
- سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە.
لێرەدا دەبینین سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرترین دەسەڵاتی هەیە، بەتایبەتی سەرۆكی راپەڕاندن و هێزە چەكدارەكانیشە، بەجۆرێك سەرۆكی هەرێم دەتوانێت زۆربەی پرسە سیاسییەكان لە لای خۆیەوە یەكلایی بكاتەوە، لە هەندێ حاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، لە هەمووی دیارتر سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە و هاوكات لەسەر داوای ئەو پەرلەمان دەتوانێت بڕیاری جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بدات، واتە دەبێ سەرۆكی هەرێم ئەو هێزە بجوڵێت.
بەگشتی ئەو پۆستە بەلای پارتییەوە زۆر گرنگە و لە ماوەیەكی نزیكدا زۆرترین قورسایی سیاسی و یاسایی و پەرلەمانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو پۆستە كارا بكاتەوە، ئینجا بە هەر شێوەیەك بێت، دەیەوێت لەو خولەی پەرلەماندا هەرێمی كوردستان خاوەن سەرۆكی خۆی بێت. بەتایبەتی كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتییە بۆ ئەو پۆستە و لە ماوەی رابردووشدا بەتایبەتی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 وەك كەسایەتییەكی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی جیهان دەركەوت و توانی ئیدارەی كێشەكان بدات. ئەمە جگە لەوی هەر خۆی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ماوەی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی هەرێم تێكەڵاویەكی زۆری لەگەڵ سیاسی و سەركردە و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی وڵاتان هەبووە، هاوكات لەسەر ئاستی كوردستانیش پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكان باشە.
سەرچاوە: یاسای ژمارە (1)ی ساڵی2005/ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی