مولەر، دادوەرێك وەك مۆتەكە

10/12/2018

هونه‌ر تۆفیق

دادوەری هەر تەنیا ئەرك نیە ، بەڵكە ڕۆڵێكی باڵای ناو كۆمەڵگەی سیاسیە . دەستەڵاتێكی سەربەخۆی قەزایی و یاساییە پارێزگاری لەو عەقدە سیاسی و كۆمەڵایەتیە دەكات لەنێوان خەڵك و دەستەڵاتدا بەستراوە . لەهەر كۆمەڵگەیەكدا دادوەر و داواكاری گشتی ئەو ڕۆڵەباڵایە ئازایانە بگێڕن ، مافی خەڵك پارێزراو دەبێت . گەندەڵی بنەبڕدەكرێت . دادپەروەری و ئازادی دێتەدی . بۆ نمونە ڕۆبێرت مولەری دادوەر لەئەمریكا كە وەك مۆتەكەكەی دۆناڵد ترامپ ناسێنراوە ، ئازایانە رۆڵە باڵاكەی خۆی دەبینێت بە سەرپەرشتی كردنی دۆسیەی تێوەگلانی ڕوسیا لە دەستكاری كردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا . لەگەڵ ئەوەشدا كە خۆی سەر بە پارتی كۆماریەكانە ، ماوەی دوو ساڵە بێ كۆڵدان لە لێكۆڵینەوەی بەردەوامدایە لەو ئەركەی پێ ی سپێردراوە . هەرجارەی لە گۆشەیەكەوە بومەلەرزەیەك لە كورسی سەرۆكایەتی ترامپ ئەدات . تا ئێستاكە چەندین كەسی لە پۆستە باڵاكانی ئیدارەكەی ترامپی لەكارخستووە بەهۆی تێوەگلانیان لە دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە . بەهۆی مولەرەوە ترامپ ئیدارەیەكی لاواز دەكات لە كۆشكی سپیدا . بە بۆچوونی میدیاكانی ئەمریكا و سیاسەتمەدارەكانی ئەو وڵاتە مولەر ناهێڵێت ترامپ چوارساڵەكەی لە سەرۆكایەتی تەواوبكات و لەدەستەڵاتی دەخات . سەرباری ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە ، ئەو پێشنیاری ڕەشوانەی بەهۆی تەماحی پۆستی باڵاوە ناڕاستەوخۆ ترامپ بە مولەری داوە ، كەچی توندترە لە لێكۆڵینەوەكانیدا و كۆڵی نەداوە .

دادوەر دەبێت مولەر ئاسا بەرگری لە دەنگی سیاسی خەڵك و مافەكانیان بكات . نەك وەكو ئەنجومەنی شوراكەی هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی بەرگری لە خەڵك و دەنگە سیاسیەكانیان بكەن ، بەردەوام خەریكی شەرعیەتدان بوون بەو ناشەرعیەتیە سیاسیەی دەستەڵاتی هەرێمی پێ بەڕێوە دەچێت .

هونەر تۆفیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە