ئەگەر حوکمداری بۆ خەڵک دەکەن هاوڕێی کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا جێبەجێبکەن

11/12/2018

پێشڕەو بابەشێخ



دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لێرەو لەوێ، لە کۆڕوکۆبونەوەکان و لە ڕاگەیاندن،  باس و خواسی شەقام و گفتوگۆ سادەو دووقۆڵیەکان،  تەنانەت دانیشتنی ئاسایی نێوان خێزانەکانیش باس باسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و شێوازوپێکهاتەی ئەم کابینەو بەشداری ئەم لایەن و ئەو لایەنە لە کابینەکەدا.

ئەوەی لێرە من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم شێوازی کارکردنی حکومەت و کاربەدەستەکانێتی،  ئیتر لەهەر لایەنێک بێت و کاندید و پێشنیازکراوی هەر پارتێکی سیاسی بێت، چونکە لەدواجاردا لەسەرۆکی ئەنجومەنەکە تا فەرمانبەرێکی خوارەوە لە پێگەیەکدایە کە موڵکی گشتیە نەک ئەم و ئەو.

خزمەتکردنی تاکی کورد و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەی یاسایی و بەپێی ڕێنمایی خزمەتکردنە بە کۆمەڵگا بە گشتی . 

بۆ هاوڵاتی خێر لەخۆنەدیوی کورد، کێ خزمەت دەکات گرنگ نیە ئەوەندەی چۆن خزمەت دەکات گرنگە،  پێکهاتەی کابینە چۆنە و کێ پێکی دێنێت ئەوەندە گرنگ نیە تا ئەوەی چۆن خزمەت بە خەڵک دەگەیەنێت و چۆن یاسا پێشێل ناکات.

مەرج نیە ئەوەی کاربەدەستە یاسایی بێت،  بەڵام مەرج بێت چۆن یاسا جێبەجێدەکات و پێشێلی یاسا ناکات . ئەگەر مەرج نیە کەسی کێن ئەوانەی حوکمداری دەکەن،  بەڵام با مەرج بێت لە خزمەتکردن و دامەزراندن و کار ڕاییکردنی خەڵکدا جیاوازی کەسی نەکرێت جیاوازی  و پلەداری بۆ هاوڵاتی دروست نەکرێت.

ئەگەر مەرج نیە خەڵکی هەرشاروگوند و کوچەوکۆڵانێکی لە وەرگرتنی پلەی باڵای وەزیفی با مەرج بێت جیاوازی نەکرێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتکردن بۆ هەر شارو کوچەو کۆڵانێک بە یەکسانی و بەپێی پێداویستی . 

ئیتر تاکی کورد ماندوە، وەڕسە، لەهەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکان، چونکە جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی و برسیکردن و جیاوازی کردن و پشک پشکێنە هیچی تری نەبینی. 

ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ئەم خەڵکە ماندوە قەرەبوو بکرێتەوە قەرەبویەک ژیانێکی سادەو ئارامی پێ ببەخشرێتەوە، قەرەبویەک ئەوەی لێی زەوت کراوە بۆی بگەڕێنرێتەوە، قەرەبویەک ئەوەی لێی بێبەشکراوە پێی بدرێتەوە، هیچی زیادە پێشکەش مەکەن تەنها مافە زەوت کراوەکانی بدرێتەوە . موچە زیاد مەکەن موچە خوراوەکان بدەنەوە بەخەڵک، موچەی نوێ موچە کۆنەکان بگێڕنەوە بۆ دۆخی خۆی . یاسا و ڕێنمایی نوێ دەرمەکەن تەنها یاساکانی پێشوتر جێبەجێبکەن و پێشێلیان مەکەن، دزی نوێ مەدۆزنەوە تەنها دزەکانی پێشوتر بدەنە دادگا، بەندیخانەکان خاڵی مەکەن دادگاکان سەربەخۆ بکەن.

گۆڕانکاری لە دەم و چاوەکان مەکەن، بەڵکو گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و شێوازی حوکمڕانیتان بکەن . هێنانەدی یەکسانی بە گۆڕانکاری لەسیستەم و شێوازی بەڕێوەبردن دەبێت نەک ئەم و ئەو، گۆڕانکاری بە گۆڕینی شێوەی ژیانی خۆتان دەکرێت نەک بێ ئاگا بوون لە شێوەی ژیانی هاوڵاتی، ئەگەر دەتانەوێت بۆ خەڵک بن و وەک خەڵک بن، شانازی بکەن و شەرمی ناوێت،  یەکجار ڕەوشتی هاوڕێی کۆمەڵەی کاک نەوشیروان بخوێننەوە و چەند خاڵێکی لێ هەڵبژێرن و بیکەن بە پێوەر بۆ ژیانی ڕۆژانەی کارکردن و حوکمڕانیتان، بیکەن بە دەستپێکی شێوازی نوێی کارکردنتان، بیکەن بە شاڕێگەی شێوازی حوکمڕانیتان و فەرمانڕەواییتان و فەرمانەکانتان . 

ئەگەر دەتانەوێت ئیتر ناهەمواریەکانی سەر خەڵک و گوزەرانی خەڵک دوبارە خراپ نەبێتەوە، ئەگەر دەتانەوێت ببن بە موڵکی گشتی و یەکسانی و دادپەروەری و وەک یەک ژیان بێتە کایەوە، ئەگەر دەتانەوێت جیاوازی چینایەتی نەمێنێت، ئەگەر ئارەزوتانە حوکمڕانیەکی دروست و تەندروست بێننە کایەوە بەو پەڕی شکۆوە ڕێنمایی سەرکردەیەک جێبەجێبکەن کەچەندین ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ژیانی هەر تاکێک و بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و نەتەوە و ئاین و کلتورو خۆشبەختی و وەک یەکی لەنێوان هەموان و نەهێشتنی جیاوازی دەسەڵاتدارێک و بێ دەسەڵاتێک لە ڕێگای هاوڕێی کۆمەڵەوە خستۆتیە ڕوو . 

ئەگەر دەتانەوێت ئیتر ئەرکی خۆتان جێبەجێبکەن و مافی خەڵک زەوت نەکەن، ئەگەر دەتانەوێت حوکمداری ڕاست و شۆڕشی خزمەتگوزاری بکەن، ئەگەر دەتانەوێت چیتر سەروەت و سامانی میلەت نەخۆن، ئەگەر دەتانەوێت ڕێز لە بیروڕاوئازادیە کەسیەکان بگرن، ئەگەر دەتانەوێت چیتر دەست بۆ سەروەت و سامانی هەموان نەبەن یا چیتر لە خەڵک دانەبڕێن و خۆتان نەکەن بە مشەخۆری سەر قوتی خەڵک، ئەگەر دەتانەوێت بۆ هەمیشە بێنەوە نێو خەڵک و ببن بە لانەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئاسودە بڕۆن و جارێک ڕەوشتی هاوڕێی کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا بخوێننەوە و جێبەجێی بکەن .ئەگەر دەتانەوێت گومانی خەڵک بڕەوێتەوەو بێگومانی لەنێوان دەسەڵات و جەماوەر دروستبێتەوە، یا دەتانەوێت حوکمداری ڕاستەقینە جێگای هەڵخەڵەتاندن و دەستی دەستی بگرێتەوە ئیتر بڕۆن تەنها و تەنها بەشێک لە هاوڕێی کۆمەڵە بخوێننەوە، هیچی تر نا و واز لە هەموو نوسین و وتار و بیرو باوەڕەکانی تری بهێنن، چونکە  ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ببن بە دەسەڵات بەدەستێکی خزمەتگوزار و یەکسان و دادپەروەر و دەست پاک و تاکێکی خۆ بەخش لە پێناو نەتەوەو نیشتمان و مرۆڤایەتی، ئەوەندە جێبەجێ بکەن و ببن بە فریاد ڕەسێک بۆ گەلێکی ستەم دیدە و ماندو و خێر لە خۆ نەدیو . ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ئەرک و ماف هاوتای یەکتر بن و دادی کۆمەڵایەتی بێتە دی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی