یەكێتی و گۆڕان لەزەمەنی جێگرایەتی (پارتی)دا

11/12/2018

عەدنان سەید حسێن


ئەو كاتەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رەشنووسی جیاوازیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو دۆخی سیاسی، ئابوری و ئەمنی هەرێمی كوردستان چەند فەرسخێك لەپێش ئەمڕۆوە بوو.

 پارتی كەبینی زۆرینەی پەرلەمان دەیانەوێت دوور لەخواستی ئەو یاساكە دابڕێژنەوە هانای بۆ"خراپترین" برد (وەك دواتر سەرۆك وەزیران دانی پێدا نا)، رێگری لە یوسف محمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمان كرد، كە بچێتەوە سەر كارەكەی لە شاری هەولێر، بەوەش پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ پەكخراو بەتەلفۆنێكیش ئاگاداری وەزیرەكانی گۆڕان كرا نەیەنەوە بۆ هەولێر.

بەزۆر ناردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان و داخستنی دەرگای ئەو دامەزراوە تەشریعیە و رووداوەكانی دواتر دەریخست پارتی سڵ لەهیچ شتێك ناكاتەوە بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی.

ئامانجی ئەمڕۆی پارتی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی دەستورە بەشێوەیەك لەگەڵ خواستەكانی ئەو حزبەدا یەك بگرێتەوە بەتایبەت بوونی (45) كورسی پەرلەمان و پشت ئەستور بەدۆستەكانی (سەرووی 10 كورسی) دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی پێك بهێنێت جیاواز لەسێ ساڵ لەمەوپێش، كە لە 23 حوزەیراندا بۆ یەكەمجار خۆی بەكەمینەی پەرلەمانی بینی.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەوەی تا چەند پارتی دیموکراتی کوردستان هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بەو پێیەی لە پەرلەمان زۆرینەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، دەڵێت: "نەبوونی دەستوور نەقسێکی گەورەیە، نەقسێکی گەورەش بوو کە لە کاتی خۆی نەخرایە بەردەم بۆ ئەوەی رای لەسەر بدرێت، هەڵەیەکی گەورەبوو کرا، ئەوەش بە نیەتێکی پاک بۆ ئەوەی یەکڕیزی کورد بە حیساب بپارێزین، بە دڵنیاییەوە لەو چوار ساڵەی داهاتوو ئینشەڵڵا دەبێت ئەو بابەتە کۆتایی پێبهێندرێت و ببین بە خاوەن دەستوورێکی رێکوپێک".

كەواتە پارتی ئەمجارە "نیەتپاكی" پێشوو بەكارناهێنێت و بەبێ گوێدانە " یەکڕیزی کورد "دەستوور تێدەپەڕینێت.

هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دەتوانن پلاتفۆرمێكی هاوبەش پێكبهێنن، لەسەردەمی برا گەورەیی پارتیدا بۆ ئەوەی پرسە چارەنوسسازەكانی وەك دەستور، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەو شێوە تێپەڕنەبێت كەدواتر بەتەنها بەچۆكدا بكێشن بۆی.

دابەشبوونی ئیداری هەرێمی كوردستان پێمان دەڵێت پارتی ناتوانێت حكومەتی زۆرینەی هەڵبژاردن دروست بكات، لەهەرێمێكدا (دێگەڵە) هێشتا سنوری دوو حزبی دەسەڵاتدارە، لەهەرێمێكدا پێشمەرگە بەسەر هێزەكانی حەفتاو هەشتادا دابەشكراوە، بۆیە هێزەكانی سلێمانی دەبێت وردتر لەم قۆناغە بڕوانن بەپێشمەرجەوە بەشداربن، دۆسێی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی نوسینەوەی دەستوور، پۆستەكانی حكومەتی فیدراڵ و پارێزگاری كەركوك بەدەرنەبن لە پیكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پارتی كەكوڕە گەورەی سەرۆكەكەی بۆ سەرۆكایەتی چوارساڵی داهاتوو دەستنیشانكردووە، هەموو هۆكارێك دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی حكومڕانیەكی باشتر لەئامۆزاكەی بگرێتەبەر، ئەوەش هەلێكی زێڕین دەبەخشێت بەپارتە سیاسیەكان مناوەرەیەكی باشتر بكەن سوورتر بن لەسەر بەشداری راستەقینەو بەدامەزراوەیی كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پلاتفۆرمە هاوبەشەكە بۆ ئەم قۆناغە پێویستیەكە تابتوانن ئەو كاراییە بدەن بەپەرلەمان كەبتوانێت دەستورێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان بنوسنەوە كەببێتە بنەمایەك بۆ حوكمڕانییەكی باش و ببنە چاودێرێكی بەهێزیش بەسەر حكومەتەوە، باشتر لەخولەكانی پێشووی پەرلەمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی