عەلمانیەت ئایین نییە*

11/12/2018

جه‌مال پیره‌


ئەوانەی بەدواداچوونیان هەیە و بە هێمنی بیر دەکەنەوە تێدەگەن و دەزانن عەلمانیەت دین و ئایدیۆلۆژیا نییە و دژی هیچ دینێكیش نییە وەك پرەنسیپ، بەقەد ئەوەی شێوازێکی حوکمڕانییە رێگا نادات دین یان هەر بیرکردنەوەیەکی هاوشێوەی، ببێت بە مەڕجەع و پاشخانی سەرەکی ژیانی سیاسی و یاسایی، دژی خۆسەپاندنە بەناوی دین یان هەر بیروباوەڕێکی ئایدیۆلۆژی، زیاتر بایەخ بە پرسی ژیانی مرۆڤ دەدات وەك لە بابەتەکانی تر، هەروەها بایەخ بە پرسە ماددییە بەرجەستەبووەکان دەدات لەجیاتی خۆسەرقاڵکردن بە بابەتە غەیبییەکان.
سەرەنجام تێرمێکە بێجگە لە میراتی سەدان ساڵە، بەرهەمی شەڕی نێوان رۆشنگەریی و رێنینسانسی ئەوروپییە دژی دەسەڵاتی هاوبەشی نێوان پادشا و کلێسا!
بەرهەمی عەقڵیەتی سەدان ساڵ بیرکردنەوە و ئەزموونی شەڕ و ئاژاوە و ستەم و چەوساندنەوەی ئاشکرای خەڵك بووە لەلایەن دەسەڵاتدارێتی زۆربەی جار هاوپەیمانی نێوان پادشا و قەشەکان.
رەگوڕیشی عەلمانیەت دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی یۆنانی، بۆ فەیلەسوفەکانی نموونەی وەك ئەپیکۆرس، بەڵام بە واتا مۆدێرنەکەی لەماوەی چەرخی رۆشنگەری ئەوروپیدا دەرکەوتووە، هەڵبەتە لەسەر دەستی بیرمەندانی وەك جۆن لۆك و دیدرۆ و ڤۆلتێر و سپینۆزا و جێمس مادیسۆن و تۆماس جیفرسن و تۆماس بین و بێرتراند راسل و کریستۆڤەر هیچنز.

ئێمە بەخوێندنەوە و وردبوونەوە لەو رووداوانە زۆر بەئاسانی دەتوانین بگەینە ئەو بۆچوونەی کە بڵیین عەلمانیەت دژی دینەکان ناوەستێتەوە، بەڵکو بەبێلایەنی لەبەرامبەریاندا دەوەستێت، بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەرکەوتووە عەلمانیەت لە پرسی دەستێوەردانی دەوڵەت و حکومەتدا خزمەتی دینی کردووە، نەك بەپێچەوانەوە.
واتا عەلمانیەت دین نییە و دژی پرەنسیپ و بیروباوەڕی هیچ دینێکیش نییە تا لەگەڵ هاتنی ناوی دیندا راستەوخۆ ناوی بێت، یان ئەگەر کەسێك یاخود دەسڵاتێك پڕۆپاگەندەی عەلمانیبوونی کرد، ئیتر راستەوخۆ تۆمەتی دژە دینی بۆهەڵبەسترێت!
چەمکێکە ئەگەر زۆر بەسادەیی و بە کورتی وەسفی بکەین تۆقێنەری ئەوانەیە کە دەیانەوێ بەدروشمی جیاجیا، خەڵك و کۆمەڵگا هەلخەڵەتێنن و بەرژەوەندی تایبەت بەدەستبێنن.
لەراستیدا عەلمانیەت وەك چۆن کێشەی لەگەڵ ئەوانەدا هەیە کە بەناوی دینەوە خەریکی دەستێوەردانی ژیانی کۆمەڵگا و بەرژەوەندییە شەخسی و تایبەتییەکانیانن، ئاوەهاش دژی ئەوانەیە کە بەناوی دیموکراسی و ئازادی و وڵاتپارێزی و نەتەوەپەرستییەوە خەریکی خۆسەپاندن و گەندەڵکاری و دزی و تاڵانی و قازانجە تایبەتەکانیانن لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی!
مەبەستمە بڵێم عەلمانیەت وەك شتێکی ئەپستراکت مەزەندە ناکرێت، بەڵکو شایانی نوێبوونەوە و گونجاندنە بەگوێرەی بارودۆخی ئەو وڵاتەی کە تەبەنی دەکات، بەواتایەکی دی هەڵگری ئەو شوناسە نییە کە دنیابینی ئایینی و سیاسی ئەو ناوچە دواکەوتووەی خۆمان پێیدەبەخشن، ئەوە نییە هەر هیزێك دینی نەبوو عەلمانییە، و هەر کەس و هێزێکیش دینداربوو دژی عەلمانییەتە!
ئەوانەی کە پێیانوایە عەلمانیەت یەکسانە بە ئیلحاد و بێدینی دوو دەستەی دینین، یەکێکیان ئەوانەن کە دین بۆمەبەستی سیاسی یان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆ نموونە لەو کتێبەی کە بەناوی (ئینسکلۆپیدیای عەرەبی جیهانی) لە عەرەبستانی سعودییەدا دەرچووە عەلمانیەت وەك بەشێك لە (رەوتی بێدینی) وەسفکراوە، ئەمەشیان دیارە کە لەژێر کاریگەری سیاسەتی ئەو دەوڵەتەوە نووسراوە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندی و مانەوە و نان و ئاوی خۆیان لەو دژایەتییەدا دەبیننەوە!
 دووهەمیشیان دیندارە دڵپاکەکانن کە زۆربەیان لە سادەیی و قووڵنەبوونەوەدا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری دەستەی یەکەم!
ئەوانەیشی کە پێیانوایە لەگەڵ دیندا نەبوون واتا عەلمانیبوون، دوو دەستەن، یەکێکیان ئەوانەن کە بەرژەوەندی سیاسی و شەخسی خۆیان لەئیدیعاکانی عەلمانیبووندا دەبیننەوە و لەو پەنایەدا مەبەست و مەرامە سیاسی و تایبەتییەکانیان بەدیدەهێنن، دووهەمیشیان ئەوانەن کە لەبنچینەدا بڕیاریانداوە دژی هەر بیرکردنەوەیەکی دینی بن و بەهیچ شێوەیەك قەبوڵی نەکەن لەناو کۆمەڵگادا شتێك هەبێت بەناوی بیرکردنەوەی دینی، و بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پەیامەشیان عەلمانیەتیان کردووە بە قەڵغانێك و لەکاتی پێویستدا پەنای بۆدەبەن و پێناسەی تایبەت بەخۆیانی بەسەردادەسەپێنن!
هەرچەندە بناغەی هاتنەئارای عەلمانیەت زۆر بەتوندی بەستراوەتەوە بە لە یەکترجیاکردنەوەی دین و دەوڵەت، بەڵام لەراستیدا تا ئێستا تێگەیشتنی باو لەم بارەیەوە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بریتییە لەوەی ئەو چەمکە تەڵەیەکی رۆژئاواییە دژ بە هەر هەوڵێك بۆ بەردەوامیدان بەو تێگەیشتنە، لێرەدا دەبێ بپرسین ئایا ئەو لەیەکتر جیاکردنەوەیە ئەوەیە کە دین لە ناو کۆمەڵگادا دەربکرێت، وەك ئەوەی کە رەوت و ئاراستە دینییەکان پڕۆپاگەندەی بۆ دەکەن؟ یان ئەوەیە کە تەنها رێگە لە پیاوانی ئایینی بگرێت دوور لە یاسا و رێساکانی دەولەتداری دەستێوەردان لە دەوڵەت و کاروبارە مەدەنییەکانی بکات؟
یاخود راستییەکەی ئەوەیە عەلمانیەتی دەرکردنی دین نییە لەناو کۆمەڵگا، بەڵکو دوورخستنەوەی موققەدەسە لە دەستێوەردانی سیاسی و ئیداری لەناو دەولەتدا، کە ئەمە دوو بابەتەی تەواو جیاوازن، لەلایەك دەرکردن نییە و لەلایەکی تریش دین نییە، موقەددەسە، بەوەی کە مەرج نییە موققەدەس تەنها دین بێت، لەوانەیە کەس و سەرکردەیەکی دیاریکراو بێت، یان هەر شتێکی تر لەناو کۆمەڵگاکاندا وەك موققەددەس بناسرێت.
 ئەگەرچی لەم راڤەکردنانەدا تەنها و تەنها تیشك دەخرێتە سەر دین، کە لەراستیدا ئەوە تەنها دین نییە بەناوییەوە خەڵك دەچەوسێنرێتەوە یان هەوڵی خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگادەدرێت، بەڵکو لەمێژوودا رەنگە هەزاران نموونەمان لەبەردەستدا بێت کە بەناو و بەهای کرانەوە و رۆشنگەریی و دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە ئەم هەوڵە دەدرێت.
هەر کەسێك بەوردی چاودێری ئەم بابەتە بکات بۆی دەردەکەوێت کە بەرگریکارانی عەلمانیەت و دژەکانی زۆرتر هەوڵدەدەن لەپەنای دینەوە بابەتەکە هەڵسەنگێنن، بەرگریکاران بەشێکیان لەوانەن کە هەموو پێشکەوتنێکی مرۆیی لەچاوی دژایەتیکردنی دیندا دەبیننەوە، بێ گوێدانە رەنگدانەوەی نێگەتیڤەکانی ئەم بۆچوونە و کاریگەریی خراپی بەسەر کۆمەڵگا و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەشێکیشیان لەبەرەی دەسەڵاتدارێتییەکی خراپی دژە مرۆییدا بەو ناوەوە سێرە لە دژە عەلمانییەکان دەگرن، و خۆیان وەك عەلمانی راستەقینە نیشان دەدەن!
بەمەش پاساو دەدەنە دژە عەلمانییەکان ئەوانەی وەك ئاماژەمان پێدا لە ژێر کاریگەری دینەکاندان، پاساوی ئەوەی عەلمانیەت بکەن بە سیمای سەرەکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان، وەك ئەوەی لەو ناوچەیەی خۆماندا بینیومانە دەسەلاتە دیکتاتۆرییەکانی وەك حزبی بەعسی سەدام حوسێن و بەشار ئەسەد و شۆڤێنیزمی تورکی و هتد، بەردەوام هەم خۆیان هەوڵیانداوە ئەو ناوەیان پێببەخشرێت، هەمیش دژە عەلمانییەکان هەوڵیانداوە نموونە و شێوازی دەسەلاتدارێتییە دیکتاتۆرییەتییەکانیان وەك رووی راستەقینەی عەلمانیەت بشوبهێنن! بێئاگا لەوەی هەم خۆیان سەرگەرمی هەوڵێکی شکستخواردوون لە ناساندنی راستەقینەی عەلمانیەت و هەمیش لە خوێندنەوەی شێوازی بیرکردنەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا کەوتوونەتە نێو هەڵەی فیکری، و بەو جۆرە بیرکردنەوانەیان رووی راستەقینەی بێئاگایی خۆیان لە ئەسڵ و فەسڵی بابەتەکە ئاشکرا دەکەن.
بەکورتی مەبەستی سەرەکیم لەو خوێندنەوە خێرایە جیاکردنەوەی تێڕوانینەکانن دەربارەی عەلمانیەت و رووە راستەقینەکانی لەگەڵ ئەو هەولانەی کە بۆ مەبەستی سیاسی دەیانەوێت لەپەنای دژایەتیکردنی ئەو چەمکەدا خزمەت بە پڕۆژەکانی دژ بە مرۆڤ بکەن، ئەو پڕۆژانەی کە لە مێژوودا تەواوی مرۆڤایەتی بەدەستییەوە ناڵاندوویەتی.

*لەژمارە ٧٣ی هەفتەنامەی صباح کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی