زۆر شت !

11/12/2018

دڵشاد ئەنوەر

یەکێتی و پارتی و گۆڕان بەتەمای چین ؟کەرکوک بەرەو کوێ ؟ پارتی چی لە بەغدا وتوە ؟ حکومەتی هەرێم، چۆن پێکدەهێنرێ ؟ 
.
ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵێک پرسیارن ، زۆریان لەبارەوە دەوترێ و دەنوسرێ ، بەڵام بەشی زۆری زانیاریەکان هەڵەن ، کە رەنگە لایەنەکان خۆیان بەهەڵە بیدەنە میدیا یاخود لەو رێگەیەوە هەوڵی لە خشتە بردنی ڕای گشتی بۆ مەبەستی جیاواز بدرێ.

کەرکوک

لە کۆبونەوەی ئەمرۆی نێوان یەکێتی و پارتی دا ، زۆر لەسەر کەرکوک هەڵوەستە نەکراوە، واتە رێک پێچەوانەی ئەوەی دەوترێ گوایە لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێککەوتون .
کەرکوک وەکو چۆن فاکتەری درزە قوڵەکەی نێوان یەکێتی و پارتی بوو لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، ئاواش رێککەوتنی ئەم دوولایەنە لەسەری ئاسان نابێ.
لەسەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا، باسی کرکوک کراوە بەم شێوە، بارزانی زۆر پێداگیری لەسەر رێککەوتن لەسەر نەوت و گاز کردووە ، لەبەرانبەر ئەمەدا ، زور لاری لە پۆستی پارێزگاری کرکوک نەبووە، کە بدرێتە چی پێکهاتەیەک.
تەبعەن لایەنە عێراقیەکان یاری دەکەن ، پارتی چی دەڵێت ، دەیگەیەننە یەکێتی و بە پێچەوانەشەوە .
ئێرانیش کردویەتیە مەرج بەسەر لایەنە عێراقیەکانەوە، دەبێت مامەڵە لەگەڵ پارتی دا بکەن ، چونکە پارتی حیزبێکی تۆکمە ترە، لەکاتێکدا یەکێتی کۆمەڵێک گروپ و تاقمن و رۆژیک جۆرن و رۆژیک دژن.
مەرجی ئێران بۆ رێکەوتنی بەغدا لەگەڵ پارتی ، ئەوەیە ئێران تموحی هەیە لە حاڵەتی توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەری، لە حاجی ئۆمەران و لەتورکیاوە شمەک بۆ وڵاتەکەی هاوردە بکرێ.
ئەو دوو خاڵە وایکرد ، واتە باند باندی یەکێتی و تموح لە حاجی ئۆمەران ، بەغدا نە وەزیری داد بداتە یەکێتی ، نە لەمەسەلەی کرکوکدا زور گوێی لێبگرێ .

رێککەوتن لەگەڵ بەغدا

کرۆکی ریککەوتنی پارتی لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، هەموو داهاتە ناوخۆییەکان رادەستی بەغدا بکرێ ، تەنانەت لەمەسەلەی کرکوک و هەندێ مەسەلەی تریشدا تنازول بکەن ، بەڵام تەنها لەمەسەلەی نەوت و غازدا حسابێکیان بۆ بکرێ و بێ بەش نەکرێن.

پارتی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی دا

پارتی لەگەڵ بەغدا رێککەوتوە و ئەوێی مسۆگەر کردووە ، لەهەرێمیش براوەی هەڵبژاردنە ، بۆیە کاتی یاری کردنیەتی بەویستی خۆی.
گۆڕان لە داڕوخانی جەماوەری نزیک بۆتەوە ، کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی دیسان تەواو زەق بۆتەوە، بۆیە پارتی دەیەوێ بەسود وەرگرتن لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا، لێرەش ئیشی خۆی بکات .
یەکێتی لە کۆبونەوەکە، داوای ٤٠% ی پۆستەکانی کردوە، گوایە ١٠% بدرێتە گۆڕان و ٥٠% بۆ پارتی ، بەڵام لەسەر ئەمە هیچ رێککەوتنێ نەکراوە، پێناچێ نە پارتی رازی بێت ، بێگومان گۆڕانیش ڕازی نیە ، ئێستا شەری گۆران و یەکێتی لەسەر جێگرەکانە.
بەکورتی و کوردی، پارتی بەغدای زەمان کردووە ، لە هەرێمیش براوەیە ، شەر و ململانێ کەوتوتە نێوان گۆران و یەکێتی، پارتیش گرفتی لەگەڵ درەنگ و زوو نیە، چونکە ئیشی خۆی کردووە و بەرچاوی ڕوونە.

دڵشاد ئەنوەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی