بۆچی؟

12/12/2018

ئاشتی عەبدوڵا


لەکۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان بۆ رێکەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت، جگە لەناوەرۆک و چۆنێتی بەرێوەچوونی ئەم دانوستانانە، ئەوەی سەرنجی راکێشام نەبوونی ژن بوو!
ئێمە چاومان راھاتووە لەسەر ئەوەی لەو کۆبوونەوە گرنگانەدا، کە بڕیاری گرنگی تیادا دەدرێت ژن بوونی نیەو ئەو دیدە پیاوانەیە لەسیاسەتی پارتەکاندا وا بەئاسانی کاڵ نابێتەوە، بەڵام ئەوەی کە جێی پرسیارە ئەوەیە، بانگەشە کاتێکی زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوەو دروشمەکانی سەرجەم پارتە سیاسیەکانمان لەبیرە، کەدەیانوت لەبەرنامەو کارنامەی ئەم جارەماندا رۆڵی ژن بەرجەستەکراوەو بۆ ئەم خول و کابینەیە پێویستە ژنان بەفعلی بەشداربن، لەھەڵبژاردندا دەیان کاندیدی ژن ھەزاران دەنگیان بۆ پارتەکانیان کۆکردەوە، تا بتوانن بەرێژەی کورسیەکانیان بچنە نێو دانوستانەکان و پشکیان بەرکەوێت، بەڵام ئەوەی بینیمان تاکە یەک ژنیش بەشدارنەبوو بۆ ئەم دانوستانانە، ھیچ پارتێک نوێنەرێکی ژنی دیاری نەکرد، ئەرێ بەراست بۆچی ؟ ئەم دیدە پیاوانەیە پێیان وایە ھەر ئەوان دەتوانن بریاری چارەنووساز بدەن و ھەر ئەوان دەتوانن تەعبیر لەسیاسەتی پارتەکانیان بکەن ؟ ئەی بۆ ژنان رازی بوون؟

ئاشتی عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی