كەڵكەڵەی كوردبوون!

13/12/2018

كامەران سوبحان

تەنها چەند ڕۆژێكی كەم، پاش هەڵهاتنی لەدەستیی داعش، بۆ یەكەمجار بە ماكسییەكی ڕەنگ نیلیی تۆخ، قژێكی هەڵپڕوسكاویی ڕوخسارێكی ژاكاو، چاوەكانی پڕ پڕبوون لە توڕەیی، نیگاكانی دەیانویست كۆمەڵێ ئازار و ڕوداو بگێڕنەوەو نەیاندەزانیی لە كوێوە دەست پێبكەن.! كاتێ خۆی و ئامۆزاكەی هاتنە پەرلەمان، لەسەر كورسییەكە دانیشت، سەری شۆڕكردەوە بۆ لای قاچەكانیی. "چەند خولەكێ بێ دەنگیی ژورەكەی تەنی" ژورەكە هێندە بێ دەنگ بوو، هیچ شتێ نەدەبیسترا جگە لەو بێ دەنگییە قوڵەی ئەو كیژە هەڵهاتووە ئێزیدییەی دەستی داعش.! پرسیارێكی تەقلیدیی لێكرا. چۆن هەڵهاتیی؟ من چەند خولەكێكی كەم مامەوە، بە كوردییەكی ڕەوان و پڕ لە حوزن، وەڵامی دایەوەو دەستی بە گێڕانەوكە كرد.! 

ئەو كات نەك من، هیچ كەس نەیدەزانی "نادیە موڕاد" دەبێتە وەرگری خەڵاتی نۆبڵ و دەبێتە یەكێ لە بەناوبانگترین فیگەرە ژنەكانی ئێمە لەسەر ئاستی دونیا. 

جاری دووەم: نزیكەی ساڵێ پاش یەكەم بینین، لە "بەرلین" بینیمەوە. لەچاو یەكەم بینیندا، زۆر گۆڕابوو. هەم لە جلوبەرگ و ڕوخسار، هەم لە قسەكردن! 

جارێ سێیەم: پێش ساڵێ لەمەوبەر لە بەرلین بینیمەوە. زۆر گۆڕا بوو. هەمو شتێكی گۆڕا بوو.. ستافی لەگەڵ بوو. شۆفێری تایبەتیی، وەرگێر و سكرتێر. زۆر شتی گێڕایەوە. نزیكەی دە كەس لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوو. "سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی. چەند نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووسێكی كورد. 

نادیە موراد، بە زمانی كوردیی باسی هەمو  ئەو قۆناغانەی كرد،  لە دوای هاتنی لە كوردستانەوە بۆ ئەوروپا پێی گەیشتووە. باسی بێ باكیی بەرپرسانی كوردیشی كرد، لە ئاست تاوانی فڕاندنی كچانی ئێزیدیی و ڕزگار نەكردنیی ژمارەیەكی زۆر كیژە ئێزیدییەكانی لای داعش.! من بۆ یەك چركە لەو سێ بینینەی نادیە موراددا، ئەو هەستەم لا درووست نەبوو، كە خۆی بە كورد نازانێ و خۆی بە عەرەب بزانێ.!

ئەوە چ پەتا و بیركردنەوەیەكە، هەمو چەمك و ڕوداو و پێشهاتەكان، بە چاویلكەی كوردبوونەوە ببینرێ.! هەر ڕوداوێ، لە هەر كوێیەكی ئەم سەرزەمینە ڕودەدات، كۆمەڵێ، كە نوێنەرایەتی زۆرێ لە چینە جیاوازەكانی ئێمە دەكات، لە (نووسەر، سیاسیی، ڕۆژنامەنووس، مامۆستای زانكۆ، گوتاربێژ و چالاكوانی مەدەنیی و...هتد)چاویلكەی كوردبوونەكە دەكەنە چاویان، گەر ڕوداو و پێشهاتەكان لەگەڵ بەرژەوەندیی كورد بوون، دەبنە هاوئاواز و هۆنینەوەی پەخشانی بێتام و بێ لەزەت.!

نابێ بەم دیدە بچوك و كورتبینانە لەم ڕوداو و دەستكەوتە گەردونە فراوانە بڕوانین. بەردەوامیش هەوڵی داتاشینی پاشگریی كوردبوون، بدەین بۆ كۆی شتەكان.سیاسەتی كوردیی، ئەدەبی كوردیی، هونەری كوردیی. دیبلۆماتیی كوردیی. نادیە موراد، بە كوردی قسە بكات، یان بە ئینگلزیی، یان بە فارسیی، چ گرفتێكە؟ گرنگ ئەوەیە، ئێستا ئەو خانمە ئێزیدییە، بووەتە سیمبولێكی مەزن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی هێما و ئاماژەی بۆ دەكرێت. گەر لە سی ساڵی ڕابردوودا، كۆمەڵێ سیاسیی كورد، هێما بووبن، بۆ شكست و ناشیرینییەكانی ئێمە. ئەوا لە ئێستادا، نادیە موڕاد خۆی و ناوبانگ و نۆبڵەكەی بوونەتە، هێمایەكی گەورە و گەشاوەی نێودەوڵەتیی، لەبریی ئەوەی دانیشن، لە فەیسبووك، ئەم ڕوداوە گەورەیە بچوك بكەینەوە بۆ ئەوەی بە كوردی قسەی كردووە یان نا؟!

كامەران سوبحان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی