یەکێتی دەبێت بە ئۆپۆزسیون!

14/12/2018

شێرزاد حەسەن رەزا

بەدرێژایی حکومڕانی لە هەرێمی کورستاندا،حیزبەکان بەڵێن دووبارە و چەند بارە دەکەنەوە ، کە دەست بە کاری حکومی دەکرێت هەمان تاسەو حەمام ،کێشەکان چی بوون بەهەمان شێوە و خراپتر بەسەر خەڵکدا دێتەوە،پرسیارە سادەکانی خەڵک،کارەبا کەی چاک دەبێت؟بیست ساڵ پێش ئیستا چۆن بوو ئیستا لەوە خراپتر!!ئاو چۆن بوو؟؟رێگاوبان ؟بژێوی خەڵک نەک وەک خۆی نیە بەڵکو خراپتر!

  ئەگەر بە مێژووی ئابووری و ئارامی و متمانەدا بچینەوە زیاتر بێ ئومێد دەبین،چونکە رێژەی گەندەڵی وتاوانکاری نەک کەمی نەکردوە بەڵکو لەگەڵ زیادبوونیدا شێوازی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە.هەریمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ٣١،٤٢٦،١٤٤ بەرمیل نەوتی دەرهێناوە كە داهاتەكەی دەكات (١،٨٣٨،٨١٨،٥٥٥)  دولار ، بەرێژەی ٦٥% پارەكە  بە قەرز و مەسروفات لی براوە بۆ كۆمپانیا و كەسانی وەهمی كە كەس نازانی چۆن و بە چ شێوەیكی سەرفكراوە یان قەرزكراوە كە دەكاتە زیاتر لە زیاتر لە  ١،١٣٠،٠٢٣،٨٥١ دولار ، ئەوەی كە ماوەتەوە بۆ حكومەت٧٠٨،٧٩٤،٧٠٤ دولار ،  سەدا ٣٥% ماوەتەوە بۆ حكومەت ! ئەمەش بۆ ئەوەی بە هاوڵاتیان بڵێن كە ئێمە ناتوانین موچەی فەرمانبەران بدەین كە ئەوەش دورە لە راستیەوە ، باشە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی هەرێم رۆژانە ٥٢٣ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنێت و ناتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات! باشە بۆ ٢٥٠ هەزارەكەی عیراق تەسلیم ناكات بۆ ئەوەی بودجە لە عیراق بنێریت و موچەی فەرمانبەران بدرێت؟؟ 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک حیزبێکی وریا و خاوەن دیدێکی مەدەنی  بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە زۆر قۆناغدا قوربانی بە دەستکەوتە تایبەتی وحیزبیەکانی خۆی داوە،هەر لە دیدی مامەوە بۆ چارەسەری شەڕی ناوخۆ تا دەستبەرداربوون لە زۆر لە پلەو پۆستەکان،لە حکومەتی هەرێمدا،تا ئەو رادەی کە زۆنی سەوز زۆر باجی قورسی ئابووری ودیموکراسی داوە.

دروست بوونی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی ئۆپۆزسیون،ماڵوێرانیەکی تری رێرەوی چاکسازی و باشتربوونی بارودۆخەکە بوو،نەک لەبەر ئەوەی بیرۆکەی ئۆپزسیۆن بوون،ڕێگەچارەیەکی نەگونجاوبێت بۆ چارەسەری دۆخەکە بەڵکو کادرانی گۆران لە حکومەتدا نمونەیەکی شکستخواردووی ،ئەو هەموو هیوایە بوون کە خەڵک و دەنگدەر لەسەر ئەم بزوتنەوە هەڵیچنی بوو،لە دواین هەڵبژارندا بی هیوای خەڵک وباجی بەشداربووانی ئەم بزووتنەوە بە روونی دەرکەوت.

بۆ ئیستا و کابینەی نوێ ی حکومەت باشترین بژاردە لەبەردەم یەکێتی نیشتمانی دا،ئەوەیە بیر لە دروست بوونی سەرکردایەتی کردنی بەرەیەکی ئۆپۆزسیونی کارا بکاتەوە تاوەکو لەم رێگەوە بتوانێت دۆخی هەرێم بەتەواوەتی بگۆڕێت،ژیانی سیاسی و ئابووری خەڵک هەرێم باش بکات،ئەگەر نا بەشداری نیوەناچڵی حکومەت،کۆتایەکی تری عەقڵی ئۆمیدە بە باشتر بوونی ژیانی خەڵک و هەلسانەوەی بەهێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

لێکدانەوەکان ئەوە پشت راست دەکەنەوە کە یەکێتی لە سەرکردایەتی کردنی بەرەی ئۆپۆزسیوندا سەرکەوتوو دەبێت،چونکە هێزی هەیە و پەروێز ناخرێت،لە حکومەتی خۆجێ ی سلێمانیدا خۆی بەباڵا دەستی دەمێنێتەوە،لە ئیدارەدانی ئەو کێبڕکێدا ئەزموونی زۆر باشی هەیە،کادر و رێکخستنی زۆری هەیە بۆ دروست کردنی فشار و راگەیاندنێکی زیرەکی هەیە ئەگەر بیخاتە کار.

ئەم رێگە قورسە تەنها لە توانای یەکێتی دایە بتوانێت ببڕێت.ئەم گۆرانکاریە هیچی لە هەلگیرساندنەوەی شۆرش کەمتر نیە،لە دوای ساڵی ۱۹۷٦،چونکە بێ هیوای سەرجەم جومگەو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایی داپۆشیوە.

شێرزاد حەسەن رەزا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی