بەرەو رێككەوتنی سێ قۆڵی

15/12/2018

كارزان هه‌ورامی

پارتی نایەوێت كوردستان بەلاوازی بچێتەوە بۆ بەغدا باشترین چارەسەر دروستكردنی هاوپەیمانییەتیەكە لەنێوان هێزە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بەیەك دەنگی بچنەوە بۆ بەغدا و لە كوردستانیش ئیدارەی وڵات بدەن، كۆبوونەوەی شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئەو راستیەی سەلماند كە پارتی پێش ئەوەی حكوومەت پێكبهێنرێت دەیەوێت رەوشی سیاسی كوردستان جێگری بكات چونكە ناكرێت بەم دۆخەوە حزبەكان بچنە حكوومەتێكەوە كە دواجار ئامانجی پارتی نەبێت ئەویش دروشمی (كوردستانێكی بەهێز)، رەنگە باشترین بژاردە بۆ ئەمە واژۆكردنی رێككەوتنێك بێت لەنێوان ئەو لایەنانەی كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن ئەوانیش (پارتی و یەكێتی و گۆڕان)، رەنگە پارتی نیازێكی وای هەبێت رێككەوتنێك لەنێوان هەرسێ لایەن بكات ئەم رێككەوتنە لە سێ ئاست كاری پێدەكرێت(یەكەم پەیوەندی نێوان حزبەكان دووەم پابەندبوون بە بەرێوەبردنی حوكم لە كوردستان سێییەم كورد بەیەك دەنگی لەبەغدا دەبێت)، رەنگە ئەم رێككەوتنە بۆ هەموو لایەك باش بێت بەتایبەت بۆ گۆڕان و یەكێتی چونكە لەدوای تەقەكردن لە مەزاری نەوشیروان مستەفا هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ ئەگەری هەڵپژان لەنێوان هەردوولا هیچ رێگەیەكیش نییە بۆ ئەوەی رێككەوتنی دەباشان زیندوو بكەنەوە بۆیە گرنگە هەردووكیان لە چوار چێوەی رێككەوتنێك بن كە دواجار پارتیش تێدا بەهاوسەنگی دەركەوێت، دەبێت هەموو لایەكیش ئەوە بزانن كە پارتی بەدەر نییە لە كاریگەبوون لەسەر ئەو دوو هێزە بەتایبەت (لەرێككەوتنی دەباشان چونكە پارتی لاری هەبوو دواجار وەك پێویست رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا) بۆیە پێش ئەوەی حكوومەت دروست بكرێت دەبێت دۆخی سیاسی سلێمانی ئاسایی ببێتەوە, دواتر كاربكرێت لەسەر جێبەجێكردنی نەخشەی سیاسی بەرێوەبدرنی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

ئەوەندەی زانیاری سیاسیم پێدرابێت لەناو یەكێتی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە پشتیوانی لە چەشنە هەوڵێكی لەو شێوەدەكەن بزووتنەوەی گۆڕانیش نەك لەبەر ئەوەی حەزی لێیە بەڵكو لەبەر ئەوەی نایەوێت بەهۆی باڵادەستی یەكێتیەوە لە سنوری سلێمانی لەناو بچێت, باشترین بژاردەش بۆ ئێستای حزبە سیاسییەكان گەرانەوەیە بۆ رێككەوتنێكی لەو شێوە چونكە رەنگە جۆری مامەڵەی حكوومەتی تازەی عێراق لەگەڵ كوردستان گۆڕانكاری بەسەردابێت، پێشووتر سەرجەم پرسەكان لەبەغدا یەكلا دەكرانەوە بەڵام لە یەكلا نەكردنەوەی وەزیری دادی بەغدا دەركەوت كە كوردستانیش لە داهاتووی عێراق دەیەوێت خۆی یەكلا بكاتەوە یان بەشداری راستەقینە یان گۆِرانی هەڵویستی سیاسی هێزە كوردستانییەكان دەبێت ئەو هاوكێشەیان لەبەرچاو بێت كە دەرفەتی زێڕین لەبەغداوە لەدەست نەدەكەن، رەنگ بێت رێككەوتنێكی لەوشێوەیە دواجار متمانە بۆ هێزە سیاسییەكان بگەرێنێتەوە، ناكرێت بەهۆی نەبوونی متمانەوە دامەزراوەكانی حكوومەت پەك بخرێن، رەنگیش بێت ئەمە سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ دەربازیوونی حزبەكان لە چەقبەستووی سیاسی, كۆمەڵێك پرسیش هەیە دەبێت بەرێككەوتن چارەسەر بكرێن، لەوانە پرسی سیستەمی سیاسی لە كوردستان و پرسی دەستووری كوردستان و رێكخستنەوەی هەیكەلیەتی بەرێوەبردنی وڵات لەسەرجەم پرسەكان ئەم هێزە سیاسیانە دەوری گرنگ و كاریگەریان دەبێت.

رەنگ بێت بۆ چەند ساڵی داهاتوو كوردستان بیەوێت لەرووی ئابورییەوە هەنگاو بنێت, بۆ ئەمەش سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا دەرفەتێك بۆ كورد دەكاتەوە كە سەرچاوەی ئابووری خۆی بەهێز بكات هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە رێگای بۆری نەوتی كوردستانەوە باشترین زەنگی سەركەوتنی ئابووری كوردستانە كە لە داهاتوودا كاربكرێت بۆ ئەوەی بازاری گازی ئەوروپا پربكاتەوە، هەرێمی كوردستان لەرێگای هەناردە كردنی نەوتی خۆیەوە بۆ بەندەرەكانی جیهان باشترین بژاردەی لەبەر دەست دەبێت تا لەو رێگایەوە هێزە نێودەوڵەتییەكان مامەڵەی لەگەڵ بكەن، ئەم خاڵە زۆر گرنگە لەناو رێككەوتنی سیاسی جێگای بكرێتەوە ناكرێت سیاسەتی ئابووری حكوومەتی هەرێم بەهۆی كاری ململانێی سیاسی بكرێتە قوربانی وەك ئەوەی لەماوەی رابردوو روویدا لە كوردستان ئەمەش پێویستی بە متمانە و هاتنە پێشەوەی هێزە سیاسییەكان هەیە لەو بارەوە.

كارزان سەباح هەورامی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی