سودمەندنەبوونی كورد لەدۆخی نوێی شەڕی دژ بەتیرۆر

15/12/2018

عومەر عەلی محەمەد

ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دۆزی كورد لە ناو ئەو چوار دەوڵەتەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، بەتایبەتیش لە كوردستانی باكور لە توركیادا، چونكە مامەڵە كردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەم ناوچەیەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە دۆخی كوردەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە ئێستا دۆزی كورد بۆتە تەوەرەیەكی سەرەكی لە ناكۆكی و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچ كام لە ووڵاتانی زل هێزو ناوچەكەش ناتوانن خۆیانی لێ بێ ئاگا بكەن و بەبێ باسكردنی كێشەی كورد درێژە بە سیاسەتەكانیان بدەن .

هەریەك لەو ووڵاتانە كاتێك كە هەنگاوێكی نوێ دەنێن یان هاوپەیمانیەتێكی سیاسی دروست دەكەن یان پلانی داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانیان دادەنێن، لە هەموویدا ڕەچاوی بەرژەوەندی خۆیان دەكەن، بەتایبەتیش ئەو سیاسەتانەی كە پیادەی دەكەن لە دوای ڕاپەڕینەكانی بەهاری عەرەبیەوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو بابەتە گرنگەكانی وەك دیموكراسی و ماف و گەلان و پاراستنی مافەكانی هاوڵاتی لە ئێستادا جێگەی سەرنج و ڕەخنەی ئەمەریكیەكان و ئەوروپاییەكانیش نین، لەم دۆخە نوێیەدا شەڕی تیرۆرو بەرەو ڕووبەڕوو بونەوەی گروپە تیرۆریستەكان و شەڕی داعش مانشێتی یەكەمی سیاسەتەكانیانەو دەیانەوێت هەموو حكومەت و هێزو لایەنەكانی ناوچەكە بكەنە بەشێك لە داینەمۆی بەگەڕ خستنی پلانەكانیان دژ بە ئەو گروپانە، لە ئەم قۆناغەدا توانیویانە كوردیش وەك فاكتەرێك بەگەڕ بخەن و بیكەن بەبەشێك لە جێبەجێ كەری پلانەكانی خۆیان، بۆنمونە لە هەرێمی كوردستاندا توانیان كورد وەك لایەنێكی كاریگەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی  داعش بەكار بهێنن و لەم پێناوەشدا كورد قوربانییەكی زۆریدا لە شەهید بوون و برینداربوونی هەزاران پێشمەرگە .

هەروەها لە سوریاشدا توانیان كە هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك لایەنێكی كاریگەرو ئەكتیف لە ڕوی سەربازیەوە دژ بە داعش بەكار بهێنن، لە نێو ئەو هێزانەشدا لایەنی كوردی كە خۆی لە پەیەدەدا دەبینێتەوە پشكی شێریان هەیە هەربۆ ئەم مەبەستەو لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا دەیانەوێت سود لە هێزەكانی پژاكیش وەربگرن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێراندا ئەگەر لە ئایندەدا ڕووبدات .

لەم نێوەندەدا وڵاتانی هەرێمایەتی لە ناوچەكەدا باشتر لە كورد لە بارودۆخە نوێیەكە تێگەیشتون و دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، بەڵام كورد بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا هەتا ئێستاش خاوەنی پلانی ستراتیژی یەكگرتو نیەو ئەوەش كە دەیكات بە ڕێكردنی سیاسەتی ڕۆژانەیە، لە عێراقدا پارتە دەسەڵاتدارەكان هەماهەنگی باشیان لەگەڵ هاوپەیمانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆردا دروست كردو خستیانە خزمەت بەرژەوەندی خۆیانەوە، بەڵام كورد كە ریفراندۆمی ئەنجامدا، وەڵامی خۆی وەرگرتوو ،نزیكەی لە سەدە پەنجای خاكی كوردستانی لەدەستداو كوشتن و وێرانكاری و ئاوارەیەكی زۆری لێ كەوتەوەو ئەوەش ئەنجامەكەی بوو، لە سوریاشدا كورد ئامادەیی هەموو  هاوكاریەك بوو لەگەڵ ئەمەریكیەكان و هەتا كۆتایش شەڕی داعشی لەگەڵ كردن و هەموو قوربانیەكی بە گیانی شەڕڤانان و هاوڵاتیانیدا بەڵام پاش كۆتایهاتنی شەڕەكە، راستە كە هەتا ئێستا ئەمەریكا دەست بەرداری كورد نەبووە (چونكە یاریەكە درێژەی هەیە) بەڵام هەتا ئێساش ئەمەریكا دانی نەناوە بەوەی كە پەیەدە هێزێكی ستراتیژی و گرنگ بێت و پێویستە لە ئایندەی سوریادا ڕۆڵی كاریگەری هەبێت و گەلی كوردیش بتوانێت بۆخۆی مافی چارەنوسی خۆی دیاری بكات .لەبەر ئەوە بەشێوەیەكی گشتی ئێمە دەبینین كە كورد خاوەنی دیدگاو پلانی ستراتیژی نیە بۆ ئەم دۆخە نوێیەو لەبەر ئەوە شتێكی ئاساییە ئەگەر لە ئەنجامدا ئەمەریكیەكان و ووڵاتانی ناوچەكەش كورد بەهێزێك گرنگ و كاریگەر نەبینن و مامەڵەیەكی ئیجابی لەگەڵدا نەكەن و گۆرانكاریەكانیش بە قازانجی كورد نەبن.

پەكەكە كە لە ئێستادا كۆمەڵێك پارت و لایەن لە ژێر باڵیدا سیاسەت دەكەن، نابینین مامەڵەیەكی ئیجابی و تێگەیشتنێكی نوێی هەبێت بۆ دۆخە نوێیەكەو پێداچوونەوە بەهەندێك لە ئەدەبیاتی سیاسی و تێڕوانینەكانیدا بكات، بۆ ئەوەی ببێتە هێزێكی كاریگەر لەلای ئەمەریكاو ووڵاتانی ناوچەكەو هەتا ئەویش بتوانێت لە دۆخە سیاسیە نوێیەكە بەهرەمەندبێت، نەك درێژە دان بەسیاسەتە تەقلیدیەكانی(شەڕی چەكداری) ببێتە مایەی زۆربوونی فشارو ناساندنی وەك هێزێكی تیرۆریست (هەروەك ئێستا ئەمەریكیەكان و ڕۆژئاواییەكان بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن)، بەڵام ئەوەی كە لە ئێستادا دەیبینین پەكەكە سیاسەتەكانی لەسەر بنەمای كاردانەوە دادەڕێژێت و بەرامبەرەكانی چۆنیان دەوێت و چۆن پلانی بۆ دەكێشن، بەو شێوەیە مامەڵە دەكات. كە دوا جار بەبەرژەوەندی ئەوان و زیانی بزووتنەوەی سیاسی كوردو هاوڵاتیانی كوردوستانی باكوریش تەواو دەبێت، ئەم دۆخە نوێیە پێویستی بە عەقڵێكی سیاسی و دیبلۆماسی نوێ هەیە، كە پشت بە توێژینەوەی زانستی نوێ ببەستێت بۆ هەنگاو هەڵگرتن لە هێنانەدی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكاندا، لەبەر ئەوە پێویستە لەئەم دۆخە نوێیەدا هەنگاوەكان دابڕاو نەبن لە دۆخە سیاسیەكەو دیدو تێروانینی ئەمەریكی و ڕۆژئاواییەكان و ئەو بارودۆخە سیاسیە نوێیەش كە لە توركیادا هاتۆتە ئاراوە، كە گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتیش لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشە پێدان، چونكە لە دوای ئەوەوە توركیا لە ڕووی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێگەی كوردیش لە ڕوی سیاسی و ئابوریەوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو مافی چالاكی سیاسی هەیەو دەتوانێت ئازادانە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات و نوێنەری خۆی هەبێت بۆ سەرۆك كۆمار و پارلەمان و شارەوانیەكان .لە بەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی ئەو بارودۆخە بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا پێویستە خاوەنی پلانی خۆی بێت كە دۆخەكە زیاتر بەرەو پێش ببات ، ئەمەش كارێكی ئاسان نیەو پێویستی بە سەركردەی كارامەو هوشیارو خاوەن عەقڵی ستراتیجی هەیە .

عومەر عەلی محەمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی