ئەی کوردینە ئەردۆگان مەترسییە بۆ ھەمووان!

15/12/2018

ئارێز عەبدوڵڵا


سەرەتا ئومێدی گەورە لەسەر ئەردۆگان ھەڵچنرا و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا کە کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکا. بەداخەوە ئەوە روینەدا، بەپێچەوانەشەوە نەک کێشە ناوەخۆیەکانی چارەسەر نەکردن، کێشەشی بۆ کوردی پارچەکانی تریش دروستکردن.

سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کوردی رۆژئاوا روونن کە نەک ھەرچاوی بەرایی لەچوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتیش بە بەشێک لە مافەکانی خۆیان شادببێ بەڵکو ھەڕەشەکانی گەورەن و ھێرشەکانیشی لە ھی داعش نەرمترنین. 

ئەرۆدگان پاساو بۆ ھەڵوێستەکانی خۆی دێنێتەوە ،ھەرچەندە کەڕ و کوێریش دەزانن کە پاساوەکانی بێ بنەمان، بەڵام ھەڵوێستی راستەقینەی خۆی و دەوڵەتەکەی دژایەتی کردنی مافەکانی کوردە بەبێ جیاوازی. ئێستا ئۆردۆگان لە ھەموو کات باشتر تەعبیر لە ئایدۆلۆجیەتی دەوڵەتەکەی دەکا کە کۆڵەگەیەکی سەرەکی ئینکاری کردنی ماف و دژایەتی کردنی کوردە. 

لەگەڵ ھەموو تێبینەکانمان بۆ سیاسەتی ئەم حزب و ئەو حزب تێبینی ئەوەش دەکەین کە ئامانجی ئەو رووبەروو بونەوەی خواستی نەتەوەیی کوردە، بۆیە دەبێ ھەموو کوردێک ئەو راستیە بزانێ ئەگەر لە رۆژئاوا بۆی بچێتە سەر ئەوا نۆرەی باشوریش دێ.

ئارێز عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی