بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار پارێزەری سەروەری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی

15/12/2018

لەتیف مستەفا شێخ ئەمین

بەگوێرەی مادەی ٦۷ لەدەستوری عێراق سەرۆکی کۆمار پارێزەری سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکی وڵاتە ،لە ئێستادا کە خاکی وڵات ڕوبەڕووی کردەوەی دوژمن کارانەی تورکیا بۆتەوە لە داگیرکردن وبۆردومان کردن ،ڕۆژانە سەروەری و سەلامەتی خاکی عێراق پێشێل دەکرێ و زیانی پێدەکەوێ، ئایا ئەرکی دەستوری ئێوە نیە نەک وەک کوردێک بەڵکو وەک پێگە ڕەسمیەکەتان بێنە دەنگ؟

ئەی ئەو دەسەڵاتە بۆ چیەو کەی بەکار دەهێنرێت؟ دەست درێژ ی و پێشێل کاری سەروەری سەلامەتی خاکت لەوە زیاتر دەبێت کە بەقوڵایی۳٠ کیۆمەتر خاکی وڵاتەکەت داگیر بکەن و ڕۆژانە بۆردومانی گوندو شارۆچکەکانت بکەن؟ دواترینیان بۆردومانی شەنگال و مەخمور بوون؟ ئێوە دەسەڵاتی دەستوریتان هەیە بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی مادەی ٥۸ داوا لەپەرلەمانی وڵاتەکەتان بکەن کە دانیشتنێکی ئاسایی ساز بکات بۆ باسکردنی ئەو بابەتە.

هەروەها بەو پێیەی بەشێکن لەدەسەڵاتی جێبەجێکردن بەگوێرەی مادەی ٦٦ لەدەستور داوا لە ئەنجومەنی وەزیران بکەن کە بەئەرکی خۆی هەستێ وەک لایەنی جێبەجێکاری فیعلی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەشتوانن وەک پیشاندانی ناڕەزایی ئەو بانگهێشتنەی لەلایەن تورکیاوە بۆتان کراوەو لە داهاتوشدا بۆتان دەکرێت ڕەت بکەنەوە، من دڵنیام ئەگەر سەرۆک کەسێکی غەیرە کورد بوایە هەڵوێستی دەبوو، هەروەک چۆن سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە هەڵوێستیان نواند، من ئەمە وەک تانەو تەشەر نانوسم بەڵکو داوا دەکەم هەڵوێستتان هەبێت، ناکرێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر لەهەڵوێستی سەرۆک کۆمار بەهێزتر بێت ،بەتایبەتی کە ئەو ناوچانەی دەستدرێژی بەردەوامیان دەکرێتە سەر کوردستانن.

ئایا لەوەدەترسن ئەگەر هەڵوێستێک بنوێنن لەوانەیە زیانی بۆ پەیوەندیە شەخسیەکانی خۆتان هەبێت لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا ؟ ئەگەرنا چ تەفسیرێک هەیە بۆ بێ دەنگیتان، بەتایبەتی کە ئێوە جگە لە واجبی دەستوری واجبێکی نەتەوەیی و ئەخلاقیشتان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەگەرنا هەقی خەڵکی کوردستانە بڵێن وەرگرتنی پۆستەکان لەبەغدا بەتایبەتی پۆستە سیادیەکان بەتایبەتی تریش پۆستی سەرۆک کۆمار جگە لە زیان و لاوازکردنی پێگەی کورد سودی چیە؟.

لەتیف شێخ مستەفا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی