مەنبەج، وێنەیەکی تاریک لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا

16/12/2018

هونەر تۆفیق

 

ساڵی ١٩٧٤ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێنری کیسنجەر سەردانی تورکیای کرد ، بۆ ئەوەی ئەنقەرە ڕازی بکات هێرش نەکاتە سەر قوبرس . چونکە ئەمریکا لەنێوان دوو دۆستی ئەندامی ناتۆدا ( تورکیا و یۆنان ) ناتوانێت هیچیان لەدەستبدات . کیسنجەر لەپاش گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن . بە کۆشکی سپی گوت : تورکەکان بەڵێنیان پێدام کە هێرش نەکەنە سەر قوبرس .، بەڵام بڕوایان پێناکەم ، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا قوبرس داگیربکەن . ئەوەش ڕویدا .

ماوەی دوو ساڵە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر تێڕوانینی جیاوازیان بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا ئاڵۆزی گەورەی تێکەوتووە . لەپاش هەڵگیرسانی شەڕەکەوە نەخشەی سوریا لەهەر لایەکەوە سەیری دەکرێت ستراتیژێکی تایبەتی هەیە . لەباکورەوە جۆرە ستراتیژێکە بۆ هێزە دەرەکیەکان ( ئەمریکا ، ڕوسیا ، تورکیا ، ئێران ، سعودیە ) جیاواز لە باشوور . ڕۆژهەڵاتی فورات لە ستراتیژدا جیاوازە لە خۆرئاوای فورات . لەهەندێک شوێندا شارۆچکەیەک لەناو بەرژەوەندی سەربازی و سیاسی ئەو هێزانەدا دەبێتە پێگەیەکی ستراتیژێکی هەستیار ، لە نمونەی شارۆچکەی مەنبەج .
مەنبەج وێنەیەکی تاریکە لە پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمریکادا . لەستراتیژی هەرکامیاندا بێت ، جیاوازە لە کۆبانێ و عەفرین . دەشێت مەنبەج خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەو ناڕوونی و پێچانەبێت لەنێوان هەردوو هێزدا .
لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی تورکیا ، ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەمریکاییەکان ڕاستگۆنین لەگەڵیاندا ، چونکە پشتیوانی لە هێزەکانی پەیەدە دەکەن . کونسوڵی ئەمریکا لەهەمان ڕۆژدا ( دوێنێ هەینی ) بۆ یەکەم جارە سەردانی دەروازەی سمێلکا دەکات لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤادا . چونی ستیڤ ڤەیگن بۆ سمێلکا و بەسەرکردنەوەی ئەو دەروازەیە و پشکنینی ئیدارە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پەیوەندیەکان کە کۆمەکە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ رۆژئاڤای لێوە دەپەڕێتەوە ؍ مانا و هێمای سیاسی و سەربازی خۆی هەیە . پەیامێکە بەتایبەت بۆ تورکیا کە ئەمریکا لەو دەروازەیەوە دەتوانێت ئیدامەی شەڕێک بکات کە هەرگیز ئامادەنیە ڕووبەڕوو و ڕاستەخۆ بێت لەگەڵ ئەنکەرەدا . بەڵام ئەگەر تورکیا بەرپای بکات ، پردی سمێلکا دەبێتە پردی کاروانێکی بێ کۆتایی بۆ کۆمەکی یەپەگە و ئەو هێزانەی لەبری ئەمریکا شەڕی تورکیا دەکەن لەپێناو بەرگری لە خاکەکەی خۆیاندا .
بەپێ ی هەڕەشەکانی ئەردۆغان و سوپاسالارەکەی بێت ، تورکیا ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوەی بۆ سەر مەنبەج دەستپێدەکات . پێناچێت ئەمریکا وەکو عەفرین گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا دابگیرسێنێت و داوا لە هێزە هاوپەیمانەکانی بکات وەکو عەفرین ، مەنبەج بۆ تورکەکان چۆڵ بکەن . چونکە لەدەستدانی مەنبەج لە ستراتیژی سیاسی و سەربازی ئەمریکادا واتا لە دەستدانی کۆی خۆرهەڵاتی فورات . دەکاتە بەیەکجاری دەرکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوریادا . 
لەناو ئەو وێنە تاریکەی مەنبەجدا ، تورکیا سەرەتا لە بۆردمانی کەمپی مەخمور و چیای شەنگالەوە سەرەتای جەنگەکەی ڕاگەیاند . کونسوڵی ئەمریکاش لە هەولێر بەسەردانکردنی دەروازی سمێلکا وەڵامی یەکەمی تورکیای دایەوە کە ئامادەی ئەو جەنگەین . هەرچەندە بەغدا و قاهیرە و فەرەنسا بە توندی ئیدانەی ئەو بوردمانانەی تورکیایان کرد و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێست و ڕوونکردنەوەیەکی نەدا . بەڵام ئێران و ڕوسیا بە هەستیاری سەیری ئەو وێنە تاریکە دەکەن . جیاواز لە هێرشی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین لە هێرشی مەنبەج دەڕوانن . دەمێکە هەر یەک لە ڕوسیا و ئێران چاوەڕوانی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی تورکیا دەکەن لە زۆنگاوی شەڕی ناوخۆی سوریادا . یاخود باشترە بڵێین دەمێکە دەیانەوێت تورکیا باجی بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆی سوریابدات . بەتایبەتی لەم کاتەدا کە پەیوەندی هەریەک لەمیسر و سعودی عەرەبی بەتورکیاوە لەو پەڕی ئاڵۆزی و دژبووندایە . سعودی عەرەبی دەیەوێت مەنبەج ببێتە خاشقچیەکەی تورکیا . وەک چۆن بەهۆی کوشتنی خاشقچیەوە سعودیە ناچار بە تەنازول کرا لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا ، سعودیەش بۆ تۆڵەی یەمەن ، لە شەڕی مەنبەجەوە دەیەوێت تورکیا ناچار بە تەنازول لەشەڕی ناوخۆی سوریادا . بۆیە تێکڕای هێزە دەرەکیەکانی شەڕی سوریا بەو پەڕی هەستیاریەوە چاوەڕوانی ئەو حەماقەتەی ئەردۆغانن کە ڕەنگە ببێتە سەرەتایی کۆتایی شەڕی ناوخۆی سوریا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی