ئایا دوای رۆژئاوا نۆرەی باشوورە؟

20/12/2018

كه‌مال ره‌ئوف

هەموومان دەزانین هەڵكەوتەی سروشتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەو شێوەیەیە، وڵاتانی بەهێزی ناوچەكە، هاوشێوەی وڵاتانی سعودیەو میسریش، كە خاوەن ئیمكاناتێكی زۆری مرۆیی سوپاو مادین و سەربازین، هێشتا پێویستیان پشتیوانی وڵاتانی زلهێزی جیهانە. بۆ كورد كەخاوەن دەوڵەت نییەو پێگەی نێودەوڵەتی لاوازە، ئەم پێویستیە چەند بەرامبەرە، بەڵام لەگەڵ ئەم راستیە گرنگە باس لەوەش بكرێت، كورد بۆ خۆی چی لەهگبەكەیایەتی بۆ مامەڵەكردن بەئاراستەی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیە، ئاخۆ ئێمەی كورد لەلاوازیمانەوەیە كە بەردەوام داوایی ئاشتی و برایەتی لەبەرامبەر ئەكەین، یان لە بوونێكی قوڵی قەناعەتەوەیە بۆ پێكەوە ژیان، ئاخۆ بەراست كورد تا ئەو رادەیە بروایی بە ژیانی دیموكراتیانەیە كە شەری بۆ بكات، یان چەمكی دیموكراتیەتی كردۆتە پەناگایەك تا بەئارامی لەپاڵ هێزە دەسترۆیشتووە تۆقینەرەكانی تردا بژی، دیارە ئەم برایەتی و خۆبەستنەوەیە بەدیموكراتیەتەوە لەلاوازیەوەیە بۆیە كورد لەنەتەوەكانی تری ناوچەكە زیاتر دەستی برایەتی درێژكردوەو پەرچمی دیموكراتیەتی بەرزكردۆتەوە، خۆ گەر وانیە دەبوو كورد، لە هەموو گەلەكانی تری ناوچەكە لەناوخۆیدا بەئاشیانەترو بەتەبایی بژیایە و یەكتری قبوڵ بكردایە، كەبەداخەوە لەواقیعدا وانییە.

 ساڵی 2002 كە هێشتا لەعێراق دەسەڵاتی بەعس لەدەسەڵاتدا بوو، لە سوریاش لەو پەری هێزو توانادا بوو، لە دیمشق لەگەڵ كۆمەڵێك لەرۆشنبیرانی كوردی رۆژئاوا گفتوگۆمان بوو لەسەر ئایندەو دۆخی كورد لە سوریا، سەرنج راكێشترین، بۆ چوون كە گوێم لێبوو ئەوە بوو، لەناو ئەو پەیڤانەدا كە پربوون لە نائومێدی و رەخنە گرتن لە رۆڵی پارتە كوردیەكان، بە پەكەكەشەوە، ئەو بۆچوونە بوو، كورد لەسوریا سەرباری سەرنجیان لەسەر پەكەكە، بەڵام قەرزاری ئەوەن، كە لەوانەوە فێری سیاسەت و جۆرێك كاری حیزبایەتی بوون، سیاسەت و حیزبایەتیەك كە تەواو جیاوازە لە ئاراستە باوەكان بوو. پەكەكە ساڵانێكی زۆر لەكۆمەڵگەی رۆژئاوادا تۆویی سیاسەتێكی چاند، كە ئەستمە جارێكی تر، كورد لەرۆژئاوا، بگەرێتەوە خاڵی سفر، رەگە گەرانەوەی سوپای ئەمریكا، قورس بێت، ئەگەری زۆرە سیناریۆی عەفرین لەچەند شوێنێكی تر دوبارە بێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ مێژوو چەندین سەركەوتنی وەك كۆبانێ‌ یان تۆمار كرد، بۆیە پاشەكشەكان هەرچۆنێك بێت هیچی یەكسان نابێت، بە گەرانەوەی كورد لەرۆژئاوا بۆ چوارگۆشەی یەكەم و ناگاتە ئاستی شكاندنی ئیرادەی خەڵكێك كە رۆژگارێك بەبروا بەخۆبوون توانیان وێنەیەكی تەواو جیاواز لەخۆگری نیشانی جیهان بدەن و لەبەرهەمەكەشی تامی ئازادی بكەن. 

بەرپرسەكانی ئیسرائیل دەڵێن" ئەمریكا پێیان راگەیاندوین كە بە پرۆسەیەك هێزەكانیان لەناوچەكە دەكشێننەوە، بەڵام دەشڵێن، بەدیلی ترمان هەیە ". هەندێك لەسیناتۆرەكانی ئەمریكاش پاشەكشەی هێزەكانیان بە كارێكی ناشیانەی ترامپ دەزانن.

بەدور لەخۆشباوەری سیاسی و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكاو ئەوانی تر، ئەوەی لەناوچەكە ئەگوزەرێت، تارمایی گۆرانكارییەكی گەورەیە، لەراستیدا گەر خۆ هەڵنەخەڵەتێنین لەبەرچاو گرتنی پێگەی كورد و بەرژەوەندیەكانی، چەقی گۆرانكاریەكان نین، بۆیە ئەبێت بەئاسایی چاو لەهەر بادانەوەیەكی نێودەوڵەتی بكرێت كە لەبەرژەوەندی كورد نەبێت، بەپێچەوانەوە دەبێت ئامادە سازیش هەبێت، كە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەست بخرێتە سەرو بەرژەوەندی كورد و چاو لەقوربانی و شەری داعش و ئەو گوتارانەش بپۆشرێت كە پربوون لە پیاهەڵدان و دەست لەپشتدانی كورد، ئەمە نەك تەنها لە رۆژئاوا بەڵكو لە تەواوی كوردستان و لەبەرامبەر هەموو هێزە كوردیەكان ئەگەری بەهێزە. بەڵام لەگەڵ ئەو راستیانەشدا، دۆخی كورد بەگشتی پرسە سیاسییەكەی هیچ دەوڵەت و لایەنێك ناتوانێت نادیدەی بگرێت، بەڵام لەهەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە كورد خۆی چی ئەوێت و بەنامەی چییەو چی پێدەكرێت لەو گوانكاریانەی كە بەرێوەن.

كەمال رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی