تویتێك بەتامـی بۆمب

تویتێك بەتامـی بۆمب

سامانی وەستا بەكر


1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەگەڵ تویتەكەی سەرۆكـی ویلایەتە یەكگتـرووەكانـی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ئاشكـرا بوو گـڕ لە خەرمانـی كورد بەربوو لەچەندین سەرچاوەو مێدیای جیاوازەو لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كرا  تا ئاستـی هێرش كردنە سەر  ئەو وڵاتە سەرۆكەكەی و دابەزاندنـی لە دۆستەوە بۆ دوژمن و خائن!

ئـایـا ئەمریكا خائنە یان كورد بە هەڵە پشتـی پـێ بەستووە؟

لە دنیای سیاسەتا دوژمن و دۆست تا سەر نیە ئەكرێ دوژمـنـی ئەمڕۆ دۆسـتـی سبەی بـێ و پێچەوانەكەشـی ڕاستە بەڵام شتێك هەیە پـێـی ئەوترێ بەرژەوەندی ستراتیـژی كە ئەكرێ بۆ چەندین دەیە بەردەوامـێ هەبـێ كە كورد هەندێ جار لە یەكەمیانا سەركەوتوو بووە بەڵام هەرگـیز بە درێژای مێـژوو لە دووەمیانا سەركەوتوو نەبووە.

كورد توانیویەتـی لە قۆناغێكا دۆسـتـی ئەمریكابـێ ئەگەرچـی خوێنێكـی زۆریش بەرامبەر ئەو دۆستایەتییە لەجەستەی ڕژابـێ بەڵام لەپای ئەو هەموو قوربانـی گوێڕایەڵـییە تا ئاستـی خۆ چەمانەوە نەیتوانیووە بەرژەوەندی ستراتیـژی لەگەڵ ئەمریكا گرێبدا.

ئەوانەی گلەیـی لە ئەمریكا ئەكەن بە مەنتقـی خێزان بیـرەكەنەوە كە هەمیشە خێـزان ئەبـێ یەكگرتوو  هاوسۆزبـێ كە ئەمە لە سیاسەتا بوونـی نیە بەڵكو لەبری گلەیـی گرنگە بەدوای ئەو كۆدانەیا بگەڕێـی كە درگا بەڕووی گرێدانـی بەرژەوەندی ستراتیژیدا لەگەڵ ئەمریكا یان هەر هێزێكـی تردا ئەكاتەوە كە لەو ڕێگەیەوە بتوانـی كارێك بكەی بەشێك لە بەرژەوەندییەكانـی ئەو هێزانە بە بەردەوامـی بەدرێژەپێدانـی دۆستایەتـی كردنتدا هەڵبواسـرێ.

گومانـی تیانیە سەرۆكـی ئێستای ئەمریكا  كۆی تەمەنـی پیاوێكـی بازرگان بووە ئێستاش بۆ زۆربەی پرسە گرنگە جیهانییەكان و لە ناویشیانا پرسـی جەنگ بەزمانـی ژمارە قسەئەكات كە هەمیشە بۆ هەر پرسێك باس لە تێچوون و دەستكەوتەكانـی ئەكات، ئەوەی ئەم سەرۆكەی زۆر سەرقاڵ كردووە ئەو بەڵێنانەیە كە بۆ چاككردنـی باری ئابوریە لاوازەكەی ئەو وڵاتە بە بەراورد بە پێشـووتر یاویەتـی بە خەڵك كە باشكردن و تۆكمەكردنـی ئابوری ئەو وڵاتە كلیل و گرەنتـی هەڵبـژاردنەوەیەتـی بۆ خولێكـی دیكەی سەرۆكایەتـی  وڵاتەكەی.

ئەو وڵاتە لە كاتێكا گەورەترین زل هێـزی جیهانـی بوو كە وەك ئیمبراتۆری گۆی زەمین خۆی ناساندبوو بەهۆی ئابوریە بەهێزەكەیەوە بەڵام ئێستا چەندین قەرزی جۆراو جۆر بەردرگای پێگرتوەو لەماوەی سالانـی رابردووا چەند جارێك ڕووبەڕووی كورتهێنانـی بودجە بۆتەوە هەر ئەوەش وای كردووە كە ئەم سەرۆكە نوێیە چاو بە چەندین ڕێكەوتن مۆركراوی جیهانیا بخشێنێتەوە كە خودی ئەمریكا كۆڵەكەی ڕاگرتنـی بووە بۆ نمونە "ڕێكەوتنـی دابەزاندنـی پلەی گەرمـی جیهان كە بەشێوەیەكـێ بەرچاو ساڵانە بەرزئەبێتەوە، ڕێكەوتنـی بازرگانـی بێ سنور و دانانـی باج لەسەر هەناردەی زۆرترین وڵاتانـی جیهان بۆ ئەو وڵاتە، چاوخشانەوە بەو بڕە پارەیەی ساڵانە ئەمریكا تەرخانـی ئەكات بۆ ناتۆ.....هتد"

لە دواترین تویتـی سەرۆكـی ولاتە یەكگرتووەكانـی ئەمریكادا نوسیوویەتـی "ئێمە پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین تا ژیانی بەنرخمان لەپێناویدا ببەخشین، "ئاخۆ ئەمریكا بێ ئەوەی هیچی دەستبكەوێت دەیەوێت ببێتە پۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ كە ژیانی بەنرخی خۆی ببەخشێ ‌و چەندین ملیار دۆلار بەخەرجكردن بدات، كەچی ئەوانی تر كە ژیانیان دەپارێزین پێی نازانن، ئێستاش كاتی ئەوەیە ئەوانی دیكە شەڕ بكەن"، ئەمە دووبارە جەخت كردنەوەی ئەو سەرۆكەیە لەسەر دەست گرتنەوەو تێچووی جەنگ كە ئەو پێـی وایە هەر وڵاتێك پێویستـی بە هاوكاری ئەوانبـێ ئەبـێ هاوكاری تێچووی جەنگیان لەگەڵدا بكات.

لێرەوە ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە دوور نیە ئەمریكا بە بەشداری كردنـی لە شەڕی سوریادا بڕی تێچووی زیاتر بووبێ لە دەستكەوت و كوردیش نەیتوانیووە هیچ بەرژەوەندییەكـی ستراتیژی ئەمریكا گرێبدات بە خۆیەوە و لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە ناتوانـێ دوستبەرداری یەكێك لە گەورەترین دۆستە دێرینەكانـی بێت كە ساڵانێكە زۆرترین بەرژەوەندی ستراتیژی ئەو دوو وڵاتەی پێكەوە گرێیاوە، هەربۆیە ئەكرێ كشانەوەی ئەمریكا كشانەوەیەكـی كاتـی و تەكتیكـی بێت تا ئەو كاتەی توركیا ئامانجەكانـی خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەپێكـێ و پاشان ئەمریكیەكان بگەڕێنەوە شوێنـی خۆیان. بەو شێوەیە ئەمریكا دوو دەستكەوتـی ئەبێت :

یەكەم دڵـی دۆستە دێرینەكەی ڕازی ئەكا و بەرژەوەندییەكانـی خۆی لەگەڵ توركیایا ئەپارێزێ كە خاكـی ئەو وڵاتە ناوچەیەكـی ستراتیژی گرنگرە بۆی هەروەك چۆن ڕێگە ئەگرێت توركیا ببـێ بە دۆستـی ڕوسیا كە ئەمەیان گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانـی ئەمریكا لەو ناوچەیە.

دووەم بەو كشانەوە تاكتیكیە پەستانێك ئەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی كە بەرژەوەندییەكانیان گرێدراوی ئەمریكایەو لەژێر چەتری ئەواندا پارێزراون لە هەڕەشەی ئێـران، توركیا و ڕوسیا كە گیـرفانیان زیاتر بكەنەوە بۆ تێچووی ئەو شەڕەی كە چەند ساڵێكە لە سوریا بەردەوامـی هەیە تێچووەكەی پشـكـی شێـری بەر ئەمریكا كەوتووە.

سوپایەك كە لە ١٧٧ وڵاتا بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەرباز بوونـی هەبـێ و بە شێـرپەنجە ناوببرێت كە بچێتە هەر شوێنێك هەرگێـز پاشەكشەی لێناكات ئاسان نیە هەر وا بەئاسانـی دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت كە بۆتە چەقـی ململانێـی نێوان ئەمریكا و دووژمنە مێـژووی و دێرینەكەیان ڕوسیا كە ئەگەر بەرژەوەندییەكـی ئابوری و ستـراتیـژی گەورەتـر لە پشت ئەم كشانەوە كت و پرەوە نەبێت كە بەندە پێم وایە كاتـی و تەكتیكیە كە ئەبوو كورد حسابـی بۆ ئەم ئەگەرە بكردایەو لەبری ئەم ڕاچڵەكانە زەمین لەرزێنە بۆ كورد تەنها وەك هەواڵێكـی بێزاركەر وەرگیرایە.

لە ئێستایا كاریگەرترین وەڵامـی هەنووكەی هێـزە كوردیەكان وە بەتایبەت هەسەدە بۆ ئەمریكا بەجێهێشتنـی بەرەكانـی شەڕی داعشە بۆ هێـزەكانـی ئەمریكا تا ئەو وڵاتە پێداچوونەوە بۆ ئەو كشانەوە كت و پڕە بۆ كورد و داڕێژراوە پێش وەختە لە بەرژەوەندی توركیادا بكات وە هێـزە كوردییەكان بە تایبەتـی هێـزەكانـی سوریای دیموكرات لە هەوڵـی توندوتۆڵكردنـی سنورەكانیانبن بەڕووی داگیـركارییە چاوەڕوانكراوەكەی توركیادا.

ئەوەی كە ئەمێنێتەوە ئەوەیە كە كورد ڕووبەڕووی شەڕێكـی نەخوازراو ئەبێتەوە كە گرنگە زۆر بە وریای مامەڵەی لەگەڵ بكات چونكە دوور نیە توركیا تەنها شەڕی سنورەكان بكات هەر كە گەشتە ئامانجەكەی خۆی كە پشتێنەیەكـی ئەمنیـیە بە قوڵای ٤٠ كیلۆمەتر و درێژای كۆی سنوری ئەو وڵاتە بە هێـزە كوردیەكانەوە ئیـتر لەوەودوا ئەو شەڕە بە ئەنەكەسە و پارتە دژەكانـی پەكەكە یان پەیەدە بسپێرێ بەڵام ئەوەی گرنگە كورد خۆی لە شەڕی كورد دژ بە كورد بپارێزێ چونكە سۆزی جیهانـی بۆ مەسەلەی كورد كەم ئەكاتەوە دوورنیە دواتر توركیا لەبری داگیركەر بكات بە فریاد ڕەس.

گرنگە كوردانـی هەر چورا پارچە لەوە دڵنیابن كە چیتـر كەیسـی كورد نە لە ڕۆژئاوا و نە لە باشور ناچێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و دۆزی كورد چەندین قۆناغی سەختـی تێپەڕانووە و تاكـی كورد وورە لە تواناكانـی خۆی وەرگرێت و لە ئەگەری هەر ڕوداوێكدا خۆی ڕادەستـی هەرەس نەكات .

گرنگە ئەم ڕووداوانەی توزخورماتوو، كەركوك، عەفرین و ئەوەشـی كە لە منبج و بەشێكـی خاكـی ڕۆژئاوی كوردستانا ڕووئەیەن ببێتە هۆكارێك كە چیتـر كورد لەبری گەڕان بەدوای دۆستێك و پارێزەرێك لە چنگـی داگیركەرانـی كوردستان بەدوای بەرژەوەندیەكـی ستراتیـژی، ئابوری یان جیۆپۆلیتیكـی بەهێزدا بگەڕێن كە زلهێزەكان ناچاربكات لەبری  دۆستایەتیەكـی كاتـی دڵبەستێكـی هەمیشەیت لەگەڵدا بكەن.

سامانـی وەستا بەكر



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved