ئێمە هێشتا گوندیین

ئێمە هێشتا گوندیین

ئەحمەدی مەلا


259 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وەك دانیشتوانی بندیواری عەسرانی مزگەفەتان قسان دەكەین. گوندیین چونكە دەمانەوێ دنیا وەكی مە بێ، ئێمە خۆمان دەبین بە پێوەر. وەك چۆن باران هەموومان تەڕ دەكا، دەبێ بە هەمان بەزمیش هەتاو هەموومان پێكەوە وشك بكاتەوە. ماجەرای شار لای یەك بە یەكی ئەهلی گوندە، لە یەك پەنجەرەوە سەیری دنیا دەكەین، هەر ئەو دنیایە راستە كە ئێمە دیبینین، ئەوەی دیكە قسەی بێ دەماغ و هەڵەوەر و گەمژەكانە.

وەكو نەورس لەسەر گۆفەكەكان بە پارچە ساردینێك دەیكەینە چەقەچەق، لە تۆڕی ماسیگەران دەڕەوێنەوە، بە هەزار تەرحە حەپەحەپی سەگ لێكدەدینەوە و هیچیشیان ئەوە نییە كە ئێمە بۆی چووبووین.

ئێمە لە مێژایە گوندیین، بەڵام ئەو دەمەی عەرد هی خۆمان بوو، ئاوی زوڵاڵ و ئاوی قورس و سوكمان جودا دەكردەوە، عەردی رەش و سپی و زۆنگ و بەردین و زیخینمان دەناسییەوە، دەمانزانی چەندێ هێز بەكاربێنین بۆ خاكەناسەكانمان، چەندێ ئاودێریمان پێویستە بۆ ئەوەی بیبەرەكانمان تیژ بن، چەندە خۆرمان دەوێ بۆ ئەوەی تەمامەتەكانمان بگەنە ئەوجی سووربوون و تێراوبوون، ئەو دەمە مرۆڤی بە سەلیقە بووین، گوندیی بووین بۆ خودا و خەڵقی خودا.

ئێستا گوندیی شارەكانین، نەدیدكۆكە و نەزانین، هێشتا ئیمامی بوخاری نمایەندەمان دەكا، موختاری گەڕەك بە ریشسپی خۆمان دەزانین، گووگل فریامان دەكەوێ تەنها بۆ ئەوەی لە چڵكاوەكان بپەڕینەوە و سەرچاوەی ئاوی سازگارمان نیشان نادا. زۆر جار، وەك مرۆڤ دەوەڕین و هیچمان بە دڵ نییە لە خۆمان بترازێ.

لە ناوەوە ناشرینین، لە دەرەوەش جوانتر نین. گوندیی نەزانین، نە قەدری باران دەزانین نە گزنگی خۆرمان خۆشدەوێ، سواری گەمژەیی خۆمان دەبین و مێشكمان بەتاڵترە لە كودییەكی پایزانە، بەڵام چی لە بەتاڵی مێشك قورسترە كە هەنگاوەكانمان قورستر دەكات و بەیانیان درەنگ، درەنگ لە خەو هەڵدەستین و دواتر دێینە سەر فەیسبووك باسی نەبوونی هەلی كار دەكەین...ئێرەیی بە دار و بەرد دەبەین، هیچ شتێكمان خۆشناوێ، تەنانەت ئەو لەشە قورسەی خۆشمانمان لێ بووەتە بەڵا و هەموو رستەكانمان بە بەڵام وەڵام دەدینەوە...تازە زۆر درەنگە، كار لە كار ترازاوە، ئەگەر بچینەوە گوندیش كەس بە فلسێكی قەڵب نامانكڕێ...ئێمە هەڵەوەڕانی سەردەمی نوێین.

ئەحمەدی مەلا



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved