مێژوو وەك چەكێك لەشەڕی دەروونی دژی رۆژئاوای كوردستان

21/12/2018

کامەران مەنتک

یەكێك لە لایەنە كارەسات ئامیزەكانی مێژوو، پیرۆزكردنی رابردو و بچووك كردنەوەی ئێستایە، دەسەلاتداران لە سەرەتای مێژژوەوە ئەو چەمكەیان وەكو ئامڕازێك بەكارهیناوە بۆ پیرۆزكردنی رابردوو، بێگومان رابردووی خۆیان. ئەمەش لە پێناو هیێشتنەوەو گەورەكردنی دەسەڵاتی ئێستایان، تاوەكو بەردەوام هەموو كایەكانی ناو كۆمەڵگا لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەكاربێنن. 

لەم روەوە مێژووی كورد لە دوو ئاستەوە دژی كورد خۆی بەكارهێنراوە، لە لایەن ئەو هێزانەی كوردستانیان بەسەر دابەش كراوە، یاخود ئەو هێزانەی لەسەر ئاستێكی جیهانی ململانێ لەسەر ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بە تایبەتی، كە دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكدەهینێت، بەمەبەستی ئەوەی وا لەتاكی كورد بكەن هەمیشە رابردووێكی رەش ببینێت و ئیرادەی ئێسستای و كاركردن بۆ دوا رۆژی چرووك پێ بكرێت، وەك دروستكردنی چەمكی خیانەت بەرامبەر گۆڕان لە چەمكی ململانێیە سیاسیەكان و جیۆپۆلەتیكیەكان و لەكەداركردنی رابردو و ئێستای كەسایەتی تاكی كورد، لە لایەكی تر لە لایەن هیزە دواكەوتو و مشەخۆرەكانی سەر پرسی نەتەوەیی كورد، هێجگار نابەرپرسانە بەكارهاتووەو لە رێگای دروستكردنی مێژژووێكی ساختە، هیندە خۆیان پیرۆزكردوە، كە هەژموونێكی وەهمیان لای تاكی كورد دروست بێت، كە جگە لەوان كەسی تر نە شایەنی ئەوەیە و نەتوانای ئەوەی هەیە پێشەنگایەتی مەسەلەی كورد بكات، سەرباری ئەوەی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا هیچ جۆرە بازرگانیەك نەما بەو مەسەلە رەوایەی نەكەن وشكست و شەرمەزاری نەما دوچاری خەڵكی كوردستانی نەكەنەوە!

وا خەریكە هەمدیس لە مەسەلەی كشانەوەی ئەمریكا لەو ناوچەیە، مێژوو وەك شەڕێكی دەروونی ترسناك دژی رۆژئاوا خراوەتە گەڕ ، لە لایەن دوژمنانی كورد، بۆ ئەوەی ئیرادەی كوردی پێ بشكێنن و بەر لەوەی ئەزموونی رۆژئاوا لە واقعدا شكست بێنێت، ئەوان لە رووی دەروونیەوە شكستی پێ بێنن، لە لایەكی تر لە لە لایەن نیمچە خویندەوەراو بەناو رۆشنبیرەكانی كورد، كە هەندێكیان بە نەزانی و هەندیكی تریان بە زۆرزانی ئەو كارە ئەنجام دەدەن! 

بەر لە هەموو شتێك، تەندروست نیە ئەزموونی رۆژئاوا بە ئەزموونەكانی تری مێژووی كورد لەو سەد سالەی دوایی بە راورد بكرێت، چونكە ئەزموونێكی تەواو جیاوازە، ئەگەر بە ئەزموونی باشوری كوردستان و ئەو كارەساتەی بە هەڵە بە شۆڕشی ئەیلوول ناوزەد كراوە بچوێنن، ئەوا تاوانێكی گەورەیە، چونكە سەركردایەتی ئەو قۆناغە خاوەنی هیچ ئیرادەو پڕۆگرامێك نەبو و لە هەمووچركەیەكدا ئامادەی تەسلیم بوونی تێدابوو، سەركردایەتیەكی دواكەوتوو لەسەر بنەمای بنەما خێڵەكیەكان و بە كارت بوون لە دەستی ئەم هێزو ئەو هێز، مامەلەی لەگەڵ سیاسەتی جیهانی و پەیوەندیە نیودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان دەكرد، بۆیە لە كاتێكدا لەو پەڕی بەهێزیدا بوو، بە قسەیەكی شای ئێران، تەسلیم بە داواكانی دوژمن بو و شۆڕشگێڕەكانی لە گۆڕەپانی رووبەرووبوونەوە بەجێهێشت! ئەگەر بە ئەزموونی كۆماری مهابادی بچوێنین، ئەویش بە هەمان شێوە هیچ راستیەكی زانستی تیدا نیە. 

لە بەرئەوە قازی محەمەد لە لایەك خاوەنی هیچ هێزێكی گەورەی خۆی نەبوو، ئەو هیزە خێڵەكیانەی پشتی پێ دەبەستان كەسیان گوێ رایەڵی نەبوون دەسەڵاتەكانی لە شاری مهاباد تێنەدەپەری، لە لایەكی تر هێزەكانی بارزانی بوو، كە لە هەستیارترین كاتدا، لە كاتێكدا قازی محەمەد لە كونجی زیندان دابووگرەوی لەسەر هێزەكانی ئەو دەكرد، لەگەڵ حكومەتی ئێران كەوتە گفتو گۆ، بەمەش رێگای بۆ ئێران خۆشكرد، بە بێئەوەی رووبەرووی پەرچەكردارێك بێتەوە، قازی و ئامۆزاكانی لە سێدارە بدات! ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات ئەزموونێكی نوێیە، بۆیە بەر لەدوژمنان خێڵ و حیزبە دواكەوتوەكانی كوردستان دوژمنداری دەكەن، ئەزموونی رۆژئاوا ئەزموونێكی خێڵەكی نیە، كچ و كوڕی خاوەن بڕوا خاوەندارێتی دەكەن، كە هەرگیز تەسلیم بوون نازانن، ئەزموونێكی شەڕكردن و بەرەنگاربوونەوەی باش و بەهێزیشیان هەیە، لە كۆبانێ بینیمان، لە هەموو شەڕەكانی تر سەركەوتنیان بە دەست هیناوە و توانیویانە ئەو قەوارە دابمەزرێنن، راستە عەفرین، لە ژێر فڕۆكە و رۆكێتەكانی(زەوی-زەوی) و (ئاسمان-زەوی) هیزەكانی ناتۆ چۆل كراو كشانەوە، بەڵام لە ماوەی 55 رۆژی ئالنگاریدا، گیانی رووبەرووبوونەوەو بەرەنگاریەكی وایان لەناو هەموو كورد دروست كرد، كە نمونەی نەك بە تەنیا لە مێژووی كورد، بەڵكو لەمێژووی جیهانیش كەمە. بۆیە‌ تاوانە ئێستا لە رێگای كۆیلە بوون بۆ میژو و هێزە كۆنە پاریزەكانی كوردیەوە چرووك بكرێت، با لەجیاتی ئەوەی نمونە رەشەكانی مێژژوو بكەینە ئامڕازێك بۆ لێكدانەوەو رووخانی ئەزموونی رۆژئاوا، كە ئێستا لەوپەڕی بەهیزیدایە، لەسەر بنەمای بیركردنەوە لە ئایندەو گۆڕینی چارەنووسی پڕ شكستی كورد، بیر لەوە بكەینەوە چۆن ئەو ئەزموونە سەربخەین و بەردەوامی پێ بدەین.

كامەران مەنتك

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی