هاوپەیمانی یان پەت پەتێن!

هاوپەیمانی یان پەت پەتێن!

ئارام سەعید


189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

یەكەم جار نیە كە ئەمریكا یان وڵاتی تری زلهێز لە هاوپەیمانیەتیەكەی بكشێتەوە، لەمێژوودا زۆر روداوی لەوجۆرە هەیە و هەمیشە ئەو لایەنە لێی زەرەرمەند دەبێت كە زۆر پشتی بەستوە بە هاوپەیمانیەتەكە، كە ئەوەش خاڵی لاوازی ئەوانەیە كە هەموو ئایندەی خۆیان بە هاوپەیمانیەتی وڵاتێكی ترەوە دەبەستن كە چەندین نمونە لە مێژوودا هەن .من نامەوێت بەرگری لە ئەمریكاو ترەمپ بكەم كە ئێستا سەرۆكی ئەمریكا سەرقاڵی داكوتینی بزمارەكانی سەر تابوتی دیموكراسیە لەگەل ژمارەیەك هێزی هاوپەیمانی خۆی لە جیهاندا، ئەویش بە پاشەكشێ لە دیموكراسی لە بەرگری كردن لە ئازادی ناوخۆو وڵاتانی دەرەوەی خۆیان.

ئەوكاتەی لە كوردستاندا ئەمریكا بڕیاری كشانەوە دەدات لە رۆژئاڤا زۆر لە هاولاتیان و هەندیك لە نوسەران لە هەرێمی كوردستان شیكردنەوەیەكی سۆزداریانەی بۆ دەكەن و دەستدەكەن بە جنیودان بە ئەمریكا كە هیوادارم هێزەكانی رۆژئاوا و دیموكراسیخوازانی سوریا وانەیان لە عەفرین وەرگرتبێت و جارێكی تر ئەو كارەساتە دوبارە نەبێتەوە. هەرچەندە بەهەموو توانایانەوە بەرگریان كرد لە عەفرین.

بەلام ئایا هەرێمی كوردستان لەو كشانەوەیە زەرەرمەند دەبێت یان نا؟ ئەگەر ترەمپ لە ماوەی ئایندە هەمان بڕیاریشی دا دەربارەی عێراق؟ كە ئەگەریكی نزیكەو خۆئامادەكردنیشی پێویستە. بەڵام كێ دەبێت ئەوە بكات و چۆن بیكات؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەهەر هاولاتیەكی سادە بكەیت دەزانێت و بیركردنەوەی ناوێت كە پارتی و یەكێتی پێویستیان بە ئامادەكاری نیە چونكە بەدیل حازرە و ئەمریكا بكشێتەوە ئەوا وڵاتانی دراوسێ هەن و پەنایان بۆ دەبەن و ئەوانیش لەبەرامبەردا داواكاریان هەیە و بۆیان جێبەجێ دەكرێت. كەواتە لە باوەشی ئەمریكا وە بۆ باوەشی ئێران و توركیا، ئەگەر پێویستی كرد ئەوا ولاتی تریش زۆرن.

بۆ ئەوەی لەم میحنەتە رزگارمان بیت دەبێت رۆحی بەرگری هەبێت،عەقڵانی بیر لە كێشەكان بكرێتە نەك سۆزداریانە. لێرەدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كێ دەتوانێت بەرگری بكات؟ چۆن دەیكات؟ حزب یان حكومەت دەبێت بیكات؟ ئەم پرسیارگەلانە وەلامیان هەیە و ئاشكراو روونە كە بەرگری و شەڕی مقاوەمەت بەو هێزانە دەكریت كە نوێنەری راستەقینەی خەڵك بن و بەرگریكار بن لە ئازادی و حوكمڕانیی شەفاف، هاوڵاتی بەرگری لە وڵاتێك دەكات كە تیایدا كەرامەتی پارێزراو بیت و هیزەچەكدارەكانی سەربە حزب نەبن، هەڵبژاردنی راستەقینەو بێ تەزویر بەڕێوەبچێت،بڕوای بە پێكەوەژیانی راستەقینە هەبێت.

ئەوكاتەی پارتی بڕیاری ریفراندۆمی دا و ئەوانی تریش هاوئاوازی بوون، حكومەتی عێراق زۆربەڵێنی داو چووە ژێر باری جێبەجێكردنی ژمارەیەك بەڵێنی گرنگ، بەمەرجێك ریفراندۆم نەكریت. وڵاتانی هاوپەیمانیش لە هەموو كەنالەكانیانەوە هەوڵیان داو بەدەنگی بەرز وتیان كە ئەو بڕیارە زەرەری زۆری تێدایە لە ناوچەكەو هەرێمی كوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت. كە دواتر بە زوویی باجەكەی درا.

تا ئەوكاتەی ئەقڵیەتی حزبی ئێستا حوكمڕان بێت ئەوا دەبێت هەر خەریكی پەت پەتێن بێت و ناتوانێت متمانەی ئەوەی هەبێت كە هاونیشتیمانیان بەرگری لێبكەن، خەلك بەرگری لە هێزێك ناكات كە داهێنەری روبعە مووچە بێت.

ئارام سەعید



ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved