رۆژاڤاو دەستلەكاركێشانەوەی ماتیس‌و مەكگۆڕك

23/12/2018

محەمەد كیانی

بریت مەكگۆرك دەستی لە كاركێشاوە وەك نێردراوی سەرۆك كۆماری ئەمریكا دژی داعش لە سوریا و عێراق، وەك پڕۆتێستۆ لە دژی بڕیاری ترامپ لە بارەی كێشانەوەی هێزی ئەمریكا لە رۆژاڤا و باكوری سوریا.

بەندە پەیوەندی باشم هەبوو لەگەڵ برێت مەكگۆرك. چەندین جار هانم دەدا پەیوەندی لەگەڵ پە یە دە دورست بكات و ئەمریكا بە شێوەیەكی ئەكتیڤ یارمەتی رۆژاڤا بدات. بە ئامادەیی كاك محمد توفیق و مام رۆستەم و د.گیان كامیل بەسیر من ئەم باسانەی پەیوەندی ئەمریكا و رۆژاڤام لەگەڵ بریت كردوەتەوە و بە توندی رخنەم دەكردن لەسەر بێ هەڵوێستیان و هەولی پەڕاوێزخستنی ی پ گ و پ ی د. برێت و دیپلۆمات كارە ئەمریكەیان لە ساڵی ٢٠١٢ باوەڕیان بە بارزانی كردبوو كە دەتوانێ تەڤگەری ئازادی لە رۆژاڤا بخنكێنێ و خۆی ببێتە بڕیاردەر لە جیاتی كوردی سوریا و بێ دەنكیان بكات لەوەی باسی مافی گەلی كورد لە سوریا بكەن تاكو بەشار ئەسەد دەڕوخێ، لە پاش ئەودەم و لە كاتی نوسینەوەی دەستور ئەو كات باسی مافی كورد بكرێت. ئەمە رۆبەرت فۆرد، سەفیری ئەمریكا لە سوریا، پێی وتم لە ١٤-١٢-٢٠١٢ لە سەفارەتی ئەمریكا بە ئامادەیی برێت مەكگۆرك و سەفیری ئەمریكا لە عێراق، ستیفن بیكڕۆفت، بە شایەدی سامی عەسكەری كە ئەویش ئەو ئێوارە دەعوەت كرابوو بۆ ئێورارە خوان لەلایەن سەفیری ئەمریكی لە عێراق ستیفن بیكرۆفت. 

لەوێ داوام لە رۆبەرت فۆرد كرد باوەڕ بەو قسانەی بارزانی نەكات. بێجگە لەوەش ئارگومێنتمان لەگەڵی لەسەر ئەوە بوو چ سوودێكی تیایە بۆ ئەمریكا ئەو هێزە علمانەی پ ی د بشكێنن بە قسەی بارزانی، لە كاتێكدا كردارەكانی و یارمەتیەكانی بارزانی بۆ هێزە كوردیەكانی دەستەمۆی خۆی كە هیچ كاریگەریان نییە لەسەر ئەرزی واقیع تەنها دەبێتە پاڵپشت بۆ هێزە دینیە تیڕۆریستەكان كە توركیا پشتگیریان دەكات و لە دوارۆژێكی نزیك دژی بەرژەوەندی ئەمریكان دەكەونە كار. 

لەم دانیشتنە رۆبەرت فۆرد بە پ ی دەی دەوت تیرۆریست. بە توندی بەرپەرچم دایەوە وتم ئەو لێبڵەیان پێوە مەنێ دوایی رۆژێك دادێ پێویستتان پێان دەبێت و ناتوانی بە ئاسانی ئەم لێبلەیان لێ بكەیتەوە. 

ئەو وتی بارزانی لە كۆنفرانسی دۆحە لە مانگی یانزەی ٢٠١٢ وەعدەی پێداوم سنووریان لەسەر دادەخات و بە گەمارۆی ئابووری دەیانخنكێنێت. 

منیش وتم ئەوە لە ئێستاوە ئەو پلانەكەت فەشەلی هێنا چونكە تۆ نازانی پ ی د چین و پەروەردەیان چۆنە وچۆن شەڕكەرێكن و چەند بە ئیرادەن. ئەوانە جۆرە كوردێك و جۆرە پەروەردەیەكی ترن، ئەو كوردەی بارزانی پێیناساندنی لەوان و لە جۆری كوردی بارزانی و پەروەردەی ئەو نین، بە بارزانی ناشكین. 

وتی راست دەكەی دوو شەڕیان لەگەڵ جەبهەت النصرە كردیە و لە هەردوكیان جەبهە النصرەیان شكاندووە. وتی سبەی دەچم لە هەولێر بەشار حكیم دەبینم، منیش وتم دەبێ پ ی دەش ببینی دەبێ گشتگیری سەیری مەسەلەكە بكەی نەوەك زیان بە بەرژەوەندی خۆتان دەگەیەنی. لەوێ وتی باشە، ئەوەبوو لە مانگی دووی ٢٠١٣ لە پاریس نوێنەری رۆبەرت فۆرد چاویان بە پ ی د كەوت لە پاریس.

لە ٢٤-٦-٢٠١٥ بە توندی داوام لە ئەمریكیەكان كرد یارمەتی پ ی د و ی پ گ بدەن، وتیان ئەمە هێزێكی كوردیە، ناتوانین یارمەتیان بدەین لەبەر ئەوەی دەوڵەتە عەرەبیەكان ئیعتراز دەگرن. 

لەوێ پێم وتن من داوایان لێ دەكەم هێزێكی هاوبەش لە كورد و عەرەب و مەسیحی و هەرچی تر هەن پێكبێنن بۆ شەڕ لە دژی داعش چی دەڵێن؟ وتیان ئەگەر ئەمە بكرێت بە جددی سەیری پرسی یارمەتیدانیان دەكەین. 

ئەم پێشنیرەم لە لایەنی باڵا گەیاند. ئەوە بوو قە سە دەیان دورست كرد و ئەمریكا لە مانگی دەی ٢٠١٥ پەیوەندی لەگەڵیان دورست كرد و یارمەتی قە سە دە و رۆژاوا دەستی پێ كرد. 

برێت مەكگۆرك كلیلی ئەو گۆڕانكاریانە بوو. ئەمان و زۆر شتی تر ئامەدەن بۆ چاپ كردن بە دوور و درێژی لەگەڵ گەلێك زۆر شتی تری سەیر و سەمەرە لە داهاتوودا.

ئەم بڕیارەی كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژاڤا و باكوری سوریا بزنسمانێكی بە سیاسی بوو بە تویتێك و بەتەنها لە هیكڕا دەریكردووە زەحمەتە سەربگرێت، تەنها لەبەر خیانەتكردن لە كورد نا وەك هێزێكی باوەڕپێكراو لە شەڕی دژی داعش، بەلكو لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەیی خودی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان لە ئەوروپا. 

ئەم بڕیارەی دوچاری رخنەی توند بووەتەوە بەتایبەت لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە. تاكە جێ پێی كاریگەری دەولەتانی ئەوروپا و ئەمریكا لەو ناوچەیە لە رۆژاڤایە، ترامپ ئەویش بۆ روسیا و ئێران بەجێدەهێلێ. 

ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیە بۆ بەرژەوەندی ستراتیجی ئەمریكا و هاوپەیمانانی كە قەت كاریگەریان لەو ناوچە نەبووە لەمەوبەر. ئەمریكا و ئەوروپا خەتەری تەوەسوعی توركیا لە سوریا و عێراق چاك دەزانن و باش ئەردۆغانیان خوێندوەتەوە و ئاگاداری هەولی داگیركردنی سوریا و ویلایەتی موسلیان لەبەر چاوە. 

خەتەرەكانی چاك دەزانن چی دەبێ لە داهاتوودا، بەتایبەت ئەردۆغان ویستی بوون بە سوپەرپاووەری هەیە، بەمەش دەبێتە ركابەر و خەتەر لەسەر ئەوروپا. بۆیە دەولەتانی ئەوروپا ناهێلن ئەم پیلانە بۆ ترامپ و توركیا بچێتە سەر. ترامپ ئەمە بڕیارەی كێشانەوەی هێزی لە نەكاوڕا دەركرد بۆ لابردنی فۆكەس لەسەر كێشە شەخسیەكانی خۆی وەك لێكۆڵینەوەی مولەر لە رۆڵی روسیا و پەیوەندی ترامپ بە روسیاوە و یارمەتیدانی ترامپ ببێتەوە سەرۆك كۆمار، سكاندلە سێكسیەكانی و پاردەانی بەو ژنانەی لەگەلیان پەیوەندی سێكسی هەبووە تا دەمكوتیان بكات، كە ئەمە لە یاسای ئەمریكی تاوانە، پاراستنی یاریدەدەرەكانی و نەتوانینی دابینكردنی بوچە بۆ دورستكردنی دیوار لە نێوان ئەمریكا و مەكسیكۆ بە هۆی دژایەتی گۆنگرێسەوە.

دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریكا، جەیمس مەتیس، كە یەكێك بوو لەو سێ كەسەی پارێزەری بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریكایان پێسپێردرا بوو لەبەر بێ موتمانەیی بە ترامپ، كە هەرسێكیان دەستیان لە كار كێشاوەتەوە وا دەكات ئیستابلیشمێنتی ئەمریكی ناتوانن بێدەنگ بن لە ئاست ئەو مەترسیانەی كەوتوەتە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكا و پێویستی بە چارەسەرە. 

خۆش بەختانە یەكێكیش لەو پرسانە پرسی كێشانەوەی هێزی ئەمریكایە لە باكوری سوریا و بەجێهێشتنی ناوچەكەیە بۆ روسیا و ئێران لە لایەك و خەتەری هێرشی داگیركاری توركیا و تەوەسوعكردنەیەتی بەرەو داگیركردنی ولایەتی موسڵ كە هەرێمی كوردستانە بەشێكی ئەم ویلایەویەیە. 

ئەو سێ كەسەی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكایان پێسپێردرابوو لەبەر بێ كەلكی ترامپ، لەگەڵ جەیمس مەتیس، وەزیری بەرگری ئەمریكا، هەریەكە لە ریكس تیلەرسن, وەزیەری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا، و جۆن كێلی، سەوۆكی بەرێوەبەری كۆشكی سپی، لە مانگی رابردوو دەستی لەكار كێشاوە، بوون.

ترامپ باوەڕی پێناكرێت بتوانێ بەرژەوەندی ئەمریكا بپارێزێت. هەردوو، كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكی، كۆماری و دیموكڕاتەكان، هاودەنگ و هاوڕان كە كردەوەكانی ترامپ دژی ستراتیجی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكایە. 

ئەمانە هەمویان بە دەنگی بەرز دژی بڕیارە سەرشێتانەكەی ترامپن. ئەگەر ئەمریكاش نەبێت، ئەوروپا نایەلن ئەردۆغان رۆژاوڤا هەرلوشێ. ئەگەر توركیا رۆژاڤا داگیر بكات ئابڕوچونێكی گەورەیە و لێدانێكی گەورەشە لە بەرژەوەندیەكانی ئەو دەولەتانە و رێخۆشكردنیشە بۆ زیندوو كردنەوەی داعش و داگیركردنی ویلایەتی موسل لەلایەن توركیاوە بە یارمەتی بارزانی و نوجەیفیەكان. ئەمانە رەهەندی سیاسی و ئاسایشی زۆر قولی دەبێت، بۆیە بۆ توركیا ئاسان نییە هێرش بكاتە سەر رۆژاڤا. بەڵام لە هەمان كاتدا نابێ لەوە بێ ئاگابین كە ئەردۆغان هەموو سەركەشیەك دەكات بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیستیبدادی خۆی و زامنكردنی بردنەوەی ئا كە پە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە ساڵی داهاتوو. هەرچەندە باوەڕناكرێت روسیاش لەمەی عەفرین زیاتر ماوەی توركیا بدات خاكی سوریا داگیر بكات و ببێتە بەخێوكەری تیڕۆڕیستە ئیلامیە روسیەكان.

محەمەد كیانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی