كاتێ بازرگانێكی شێتی پارە دەبێتە سیاسی و سەرۆك

كاتێ بازرگانێكی شێتی پارە دەبێتە سیاسی و سەرۆك

دانا رەشید


1152 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دەركردن ،هەراسان كردن ، راونان ، ترامپ و لیستی گەورەی دوورخستنەوە ،
ئەمە مانشێتی یەكێك لە بابەتە سیاسی و هەستیارەكانی سایت و رۆژنامەی Bild بیلدی ئەڵمانی بوو ، لێرەوە هەموو جیهان لەو بریارە خێرایەی سەرۆكی ئەمەریكا و رێكەوتنی لەگەڵ شێخی داعش ئەردۆگان ، شیرازەی تێفكرین و بیركردنەوەیان پچراوە ، گەلۆ ترامپ بەرەو كوێ وا هەنگاو دەنێ ، 

لە كاتی پێش بانگەشەی هەڵبژاردن و كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمەریكا ، هەموو ئاماژەیەك بە دەرچونی ئەم ( بازرگانە شێتە ) بوو كە ناوی لێ نرا ، لەگەڵ ئەوەی هەرچی جۆری بەرهەڵستكاری بوو دژی ئەنجام درا تا ئەورادەیەی دەزگا بە ناوبانگە مێدیایەكانیش موقاتەعەیان كرد ، وەلی دواجار هەڵبژێردرا بە سەرۆكی ئەمەریكا ، 

لەوكاتەوەی كە سەرۆكە ژیانی رۆژانەی خۆی وەك ترامپ كردوە بە سێ بەشەوە ، بەشێكی بۆ كۆشكی سپی ، بەشێكی بۆ بازرگانی ، بەشێكی بۆ تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان ، وەك دەبینرێت ، ( توێتە)كانی ترامپ هەردەمە بە چەشنێ گڕ بەردەداتە جیهان ، هەركاتێ ترامپ بیەوێ یا ویستبێتی پلانێك یا كارێك جێ بەجێ بكات بە توێتێكی كورت مەغزی هەنگاوی داهاتوی پیشێ‌ن داوە ، بۆ نمونە لە بواری سەربازی پیش ئەوەی چەند كەسێ هەراسان بكات و وەدەریان نێ ئەوا بە توێتێك ژاوەژاوێكی سیاسی و مێدیایی ناوەتەوە و دوای دامركاوەتەوە و هیچ لە گۆڕێ نەبوە ، هەركاتێ ویستبێتی كەناڵێكی مێدیا یا مێدیاكارانی بەناوبانگ هەراسان بكات ئەوا بە توێتێك ، جەنجاڵیەكی بۆ دروست كردوون و دوایی هەراسان كردنێكی زۆر هەدەفی خۆی پێكاوەو دامركاوەتەوە ، هەركاتێ ویستبێتی لە بەرژەوەندی بازرگانی سەرمایەدارانی چ ئەمەریكی بێت یا دەوڵەتانی تر وەك چین و روسیا .... هتد بدات ، ئەوا بە توێتێك هەراسانی و ململانێ و جەنگێكی ئابوری بەرپا كردوە تا لە هەدەفی خۆی داوە ، رەنگە هەتا ئێستە لە بەرئەنجامی كۆمەڵێ بارودۆخ ترامپ قەناس بەدەستێكی دەست راست بووبێ بۆ بەرژەوەندی تاكی خۆی بەرژەوەندی گشتی پێكاوە بێ ئەوەی بسڵەمێتەوە لەوكارو ئاكارانەی سەرۆكەكانی پیش خۆی لێێ ترساون ، 

لە رۆژنامەیەكی ئەڵمانیدا جارێك رۆژنامە نوسێك نوسیبوی ( سەرۆكەكانی ئەمەریكا ، هەر سەرۆكێك تام و بۆنێكی تایبەتی هەبوە لە جیهاندا ، بۆ نمونە ئەگەر سەرۆك هونەرمەند بووبێ ئەوا جۆرێك لە هونەرمەندانە سیاسەتی بەرێوە دەبرد بۆ نمونە ( رێگان ) ئەگەر سەرۆك لە دەزگا ئەمنی و موخابەراتیەكان پێ گەیشتبێت ئەوا جۆرێك لە موخابەراتی سیاسەتی دەكرد بۆ نمونە ( نیكسۆن ) ئەگەر سەرۆك كەسێكی قۆشمەو سوبعەتچی و كۆمەڵایەتی بووبێ ئەوا زۆر وەرزشیانە سیاسەتی كردوە بۆ نمونە ( كلنتۆن و ئۆباما ) ئەگەر سەرۆك بە بنەماڵە سەرمایەداری گەورە بووبن ئەوا وەك سەرۆك كۆمپانیا سیاسەتیان كردوە بۆ نمونە ( بۆش ) خۆ ئەگەر سەرۆك بازرگانێكی شەرواڵ پیس و بەدرەوشت بێ ، خاوەنی هەرچی مەڵبەندی سێكسی و لەش فرۆشی و مادەی هۆشبەر ساخ كردنەوە و شەرە بۆكزی ئازاد و بەهەرچی نەوعێك بێ پارە مۆڵ بكات ، ئەوا بە ( جۆرێك لە پرنسیبی لەش فرۆشی سیاسەت دەكات بۆ نمونە دۆناڵد ترامپ ) 

لێرەدا ئەسڵی مەتڵەب دەكرێ بوترێ ، دەكرێ لە بەرئەنجامی نوسین و تێروانینی ئەو رۆژنامە نوسە كە ئەگەر سەرۆك هەوادار و هیوایەت و كاری هەرچیەك بووبێ سیاسەتی تام و بۆی ئەوە دەدات ، رەنگە تەندروست بێ ، وەلی خراپی ئەمە لەوەدایە كاتێ سەرۆك لە هیچ بابێكدا نابینیتەوە جگە لە بابی ناكەسێتی و بێ مروەتی و نانەجیبی ، كە هیوایەت و هەواداری زۆرترین بانك و مۆڵی پارە و زێڕ بێ بە هەر شێوەیەك بێ ، ئەمەشی ناو نابێ سیاسەتی ئەمەریكی ، ئەوا بێ شك سیاسەت وەك كۆمپانیا سێكسیەكانی هەڵدەسورێنێت ، ئەو كەسەی دەمێنێتەوە ئەوەیە تاكەی بەرگەی دوورخستنەوە دەگرێت و چۆن بەرەنگاری هەراسان كردن دەبێتەوە ، 

رەنگە ئەم بریارەی ترامپ لە سوریا و رێكەوتنی لەگەڵ ئەردۆگان ٢ دیوی هەبێ 

یا ئەوەتا ترامپ وەك سیاسیەكی بازرگانی بێ مروەت و چاو چنۆك بەرژەوەندی شەخسی لەگەڵ ئەردۆگان گرێداوە و لە داهاتودا دەردەكەوێت و رسوا دەكرێت 

یا ئەوەتا ، وەك توێتەكانی پێشووی تەنها بۆ هەراسان كردن و دەركردن و راونانی كەسانێكی نزیك خۆیەتی و چاوی پێێان هەڵنایە ، یان ئەوان بە كارو ئاكاری ترامپ رازی نین .

بەڵام لەهەردوو دیودا لە هاوكێشەكە كە سوریایە میلەتی كورد زەرەر مەندە ئەسڵیەكەیە .

دانا رەشید



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved