ژنەكەی چەمچەماڵ و ویژدانی سەرۆك

ژنەكەی چەمچەماڵ و ویژدانی سەرۆك

لەنجە عەبدوڵلا


1690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە وڵاتانی دەرەوە كاتێك  رووداوێكی تراژیدی  كوشتنی ژنێك یان منداڵێك بڵاودەبێتەوە سەرتاپای مانشێتی رۆژنامەو سایتەكان داگیردەكات و رایگشتی دێتەدەنگ و دەبێتە بابەتی كاركردنی ساڵێكی حكوومەت و رێكخراوەكان بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتێكی هاوشێوەو رەنگە زۆر جار ببێتە ھۆكاری دەركردنی یاسایەك ، بیان گۆرینی بەرپرس و دەستلەكاركێشانەوەی هەندێكی تر.  ھەفتەی رابردوو ژنێك لە چەمچەماڵ لەگەڵ سێ منداڵ بە زیندوویی سوتێندران و دواتر ھەرسێ منداڵەكە گیانیان لەدەستدا بكوژیش وەك زۆربەی حاڵەتاكانیتر باوكیان بوو ئەم بابەتە لەبەر جیاوازی جۆری كوشتنەكەو زۆری ژمارەی قوربانیەكان بوو بە جێگای بایەخی میدیای لایەنگری  حیزب و دەوڵەتمەدارانی وڵات ، میدیا بەشێوەیەكی عاتفیانە كەوتە وروژاندنی بابەتەكە وەك ئەوەی ئەمەیان یەكەم كەیسی ساڵ بووبێت وەك ئەوەی ھەرگیز ئەم جەننەتەی ئێمە ژنی كوژراوی نەبووبێت لە كاتێكدا پارچەیەك نەماوە لە خاكی ئەم نیشتیمانە جەستەیەكی سووتاو یان كوژراوی لەخۆ نەگرتبێت ، ئەوەی زۆر سەرنجراكێش بوو كاردانەوەی سەرۆكی حكوومەت بوو بۆ ئەم كەیسە و وەك خۆی دەڵێت «ناخی ھەژاند» لە كاتێكدا ئەم كۆمەڵگایە سەرمەشقی كوشتنی ژن و توندوتیژییە تا ئەو رادەیەی كەیسەكان ژمارەی ئاساییان بەزاندووە كەچی حكوومەت تەنیا بەم رووداوە ناخی ھەژاو ویژدانی كەوتە كار  تەنانەت وەڵامی سەرۆكی حكوومەت بۆ رووداوەكە بوو بە بابەتی ستایش و دەسخۆشی و كەناڵێك لە ئێوارەوە بە باڵای حكوومەتدا ھەڵدەدات وەك ئەوەی شیری چۆلەكەیان بۆ ژنەی جەرگ سووتاو ھێنابێت و ببێتە شیفای ، ئەوەی جێگای سەرسوورمانە حكوومەت لە كۆتایی وادەی كابینە ویژدانی جووڵا لە كاتێكدا دەیان ساڵە بەناوی باشكردنی رەوشی ژن دەیان ستراتیژتان راگەیاند ھەمووی تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزەكان بوو ھەنگاوێك ژیانی ژنی بەرەو پێش نەبرد یاساتان دەركردوو ژن كوژەكانتان سمێڵ بادەدەن و بە سوڵحی عەشایەری دەرباز دەبن ، دادگاكان پرن لە كەیسی كەڵەكەبووی ئەو ژنانەت سكاڵایان ھەیە كەچی بەھۆی نەبوونی پارە بۆ گرتنی پارێزەرێك ناچار دەبن واز لە داواكانیان بھێنن شەڵتەرەكانتان جمەی دێت لە كەیسی جۆراو جۆر ھاوكات زیندانێكی ئەبەدیە بۆ ئەو ژنانەی سنووری عورفەكانی كۆمەڵگا دەبەزێنن كە من دەمێكە گووتوومە شەڵتەر تەنیا مردنی ژنەكان دوادەخات ، چەندین ساڵە كەیسی ژن موجامەلەی سیاسی پێوەدەكرێت تەنانەت بۆتە قوربانی لە ھەر قۆناغێكی دەستاودەسكردنی كابینەكانی حكوومەت و بایكۆتكردنی دامەزراوەیەكی ژنان لە كابینەكەیتر بۆ نیشاندانی لاوازی ئەم دەسكەوتەی پێشوو لەسەر حسابی خوێنی ژن چەندین ساڵە نیوەی زیاتری ژنانی ئەم كۆمەڵگایە لە ژێر ھەرەشەی رووبەرووبوونەوەی توندوتیژیدان تا دەگاتە كوشتن و سووتاندن و برینی جەستەیان ئاسایشی ژن لە ژێر مەترسی گەورەدایە . تكایە چیتر موزایەدەی سیاسی بەم پرسەوە مەكەن ئێوە ھیچ رێزو شكۆیەكتان بۆ خوودی پرسەكەو داكۆكیكارانی ئەو پرسە نەھێشتەوە  هەندێك لەراوێژكارەكانتان سووكایەتی نەما بە چالاكوانانی نەكەن ئەوەی دالێك لە پێش ناوەكەی هەبوو، كردتان بە كاوێژكاری موچەخۆری بێ‌ كار لەسەر حسابی ژنی داماوی ئەم نیشتیمانە دواتر كەسانی وەك ئێمە باجی گەندەڵی و شكستەكانماندا، میدیا نەما ئەم پرسە سووك نەكات ئەوەی لەدەستان ھات درێخیتان نەكرد بۆیە ئەگەر ویژدانتان بەم كەیسە ھەژا ئەو سەدان  كەیسی ناخ ھەژێنم لایە كەھی ئەوەن، بەرپرسیارێتی بخەنە سەرشانی خۆتان و هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی ئەم جارە ناختان هەژا، دانا بەشكستی خۆتاندا بنێن.



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved