چیمان بۆ سێوەو پەپولەكانی كرد

24/12/2018

 

سێوەش مرد ، سێوە قادریش بەرەو لای جگەرگۆشەكانی كەوتە ڕێ‌ ، ئێمە چیمان كرد ، سۆزو لێدان و دەستخستنە كارو باری دادوەرو دادگاو هەوڵدان بۆ ناشرینكردنی شارو زۆر شتی تر ، سێوەو سێ‌ جگەرگۆشەكەی بوونە قوربانی ، هەر قوربانی ئەوە ناكەلەم سەرماو سۆڵەیەدا بە سوتان گیانیان لە دەست دا ، قوربانی ئەوەش كە میدیاو خەڵك لەم هەفتەیەدا چ یاریەكی خراپیان بەرانبەر شارێك و كەس و كاری سێوەو دیارو دایك و باوكی ئەوان كرد .

من تا سێوە نەگەڕایەوە بۆ لای خودای خۆی قسەم نەكرد ، لێ‌ ئێستا ئیتر دەبێت قسەیەك بكەم ، واز لە سێوەو دیارو دۆسیەكەی دادگا بێنن ، وەرم پرسیاری ئەوە بكەن ، ئێمە لە چ جەنگەڵێكدا دەژین ، جەنگەڵی ئازاردانی یەكتر ، جەنگەڵی شكاندنی یەكتر ، یەك هەفتەیە هەر جارەی بە هەواڵێك دڵمان دادەخورپێنن ، جارێك باوكی سێوە دەمانخاتە گریان و جارێك باوكی دیار ، لەم هەفتەیەدا چەند جارێك سێوانیان كوشت ، چەند جارێك براو كەسی وتیان ماوە ، نازانم ئەو پەلەی كوشتنە، بۆ كەسێك كە هەموو جەستەی سوتاوە بە دڵیشیەوە جگە لە زمانی بۆ ، بۆ پەلەی مردنی سێوەمان بوو ، ئیتر سێوە مرد ، كاتی ئەوەیە لە كەلتورو هەست و كەوت و داب و نەریتە كۆمەڵایەتیەكانمان بكۆڵینەوە ، ماوەیەك لەمەوبەر هەر لە چەمچەماڵ خێزانێكی عەرەب بوونە قەرەبروت ، بۆ ئەوەش داخمان خوارد ، لێ‌ هەزاران چیرۆكمان نەهۆنیەوە ، داخمان خوارد و چەمچەماڵیە میواندۆست و دڵفراوانەكان تازیەیان بۆ بەڕێوە برد ، چیرۆكەكەش چیرۆكی سوتان بوو ، بەڵام وەك ئەمەی سێوان و پەپولەكانی میدیا خەڵكیان پێوە ئازار نەدا .

میدیا هەندێ‌ جار شتی چەوت و چێڵ دەكات بۆ ئەوەی ناوبانگ دەركات ، پەروەردەیی میدیایی ئێمە زۆر خراپە ، كەناڵ هەیە پەیامنێرەكەی بۆ ئەوە دەنێرێت خۆی ببێتە هەواڵ نەك هەواڵ بەرێتەوە ، سەدان جار شتی لەم بابەتەم بینیوە ، ئەو میدیایە هاوشێوەی دەزگای جاسوسی سەرقاڵی شتێ‌ ترە ، چیرۆكی سێوەو جگەر گۆشەكانی پێویستی بە ساڕێژكردن و بە گژا چوونەوەی نەریتە ، نەك تێكدانی پەیوەندی و خۆشكردنی ئاگری دوو بەرەكی .

سێوە مرد ، لە تەك سێوەدا ناكرێ‌ هەوڵی مردنی شارێك دایك و باوكی سێوە ، دایك و باوكی دیار و هەموو شتێ‌ بدەین ، چۆن نەهێڵین ئەم چیرۆكە بە بێدەنگی تێپەڕێت ، ئەمە بەوە دەبێت بە گژ كەلتورو خراپی زمانی كۆمەڵگەدا بچینەوە ، هاوڕێیەكم كە خەڵكی چەمچەماڵەو خێزانەكەی سلێمانی ، وتی پێیان وتوم ، كەس و كاری هاوسەرەكەی ئیتر دەبێت لێت بترسین ، ئەمە بۆ ، بۆ دەبێت چاوەڕێی یەكلابوونەوەی كێشەكە نەكەین لە دادگا ، سێوەو پەپولەكانی مردن و دیاری هاوسەریشی لە زیندانایە ، بزانین ئەمە تا كوێ‌ دەڕوات .

چەمچەماڵ شینگێڕی سێوەو مناڵەكانی سێوەن ، لەوە زیاتر برینداری مەكەن ، لەوە زیاتر دایك و باوكی سێوەو دیار بریندار مەكەن ، برینەكە زۆر بە سوێیە ، تكایە لەو خانەوادانە بگەڕێن ، چەمچەماڵیش شایانی ئەو هەموو سوكایەتی پێكردنە نیە .

ئازارەكە گەورەیەو تاوانێكە دەرهەق بە دایكێك و سێ‌ مناڵی فریشتە ئاسا ، با یەكجار لێگەڕێین بزانین دادگا لەم پرسەدا چی دەڵێت .

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە