رۆژئاوا یان رۆژئاوا بوون؟

رۆژئاوا یان رۆژئاوا بوون؟

ئارێز عەبدوڵڵا


337 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کورد لە رۆژئاوا ئازایەتی و قارەمانیەتیەکی وایان نواند جیھانیان سەرسام کرد. ئەوە و دڕندەیی داعش وایکرد کە لەلایەن ئەمریکا و ھەندێ وڵاتی تر پشتیوانی بکرێن. سەرەڕای ھەڕەشەکانی تورکیا و پیلانەکان و کەموکوڕیەکانی خۆشیان ھێشتا توانیان سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن و ببنە ھێزی سەرەکی شکاندنی داعش و رزگارکردنی رەقەی پایتەختیان. چاوەڕوانی ئەوە دەکرا لە دوای داعش و بنیاتنانەوەی سوریای نوێ کورد رۆڵێکی سەرەکی ھەبێ و مافەکانی لە دەستوردا جێگیر بکرێن، بەڵام لەپڕ بە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا نەک ھەر لە وەدەستھێنانی مافەکانیان دوردەخرێنەوە بەڵکو رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی گەورەتر لە ھەڕەشەکانی داعشیش دەبنەوە. ترامپ بۆ وایکرد و چی دەقەومێ شتێکە و ئەبێ کورد چۆن بڕوانێتە ئەو رووداوە گەورەیە شتێکی ترە. لە کەس شاراوەنیە ترامپ لە ژێر کاریگەری ھەڵوێستەکانی ئەردۆگان و رەنگە رێککەوتنێکی ژێر بەژێریشی لەگەڵ روسیا ئەو بڕیارەی دابێ. بەڵام دەبێ ئێمە چی بکەین؟ کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھەرێم و عێراق دەبێ، سەرەڕای ئەوەی لەمەودوا متمانە بە سیاسەت و ھێزەکانی ئەمریکا نامینێ ئەوا ھەڕەشەکان بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستانیش گەورەتر و زەقتر دەبنەوە.

لەم رۆژگارە نابێ ھیچ ھێزێکی تەنانەت دژ بە پەیەدە و پەکەکەش دڵیان بەو بڕیارەی ترامپ خۆشبێ، چونکە بەبێ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمریکا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان یان زلھێزێکی تر ئەوا پەکەکە و پەیەدە نین بەتەنیا زەرەر دەکەن. بەڵکو گەلی رۆژئاوا و تەواوی کورد رووبەڕووی مەترسی و کارەسات دەبێتەوە و ئومێدیش بۆ سوریایەکی دیموکراسی زۆر کزدەبێ. یەکێک لە کاریگەریەکی کشانەوەی ئەمریکا ھاندانی تورکیا و ئەو دەوڵەتانەیە کە دژی مافە رەواکانی کوردن ھەنگاو لە دژی ھەرێمی کوردستانیش باوێن و دەسکەوتەکانمان لێ بەرتەسک بکەنەوە. ئەم بڕیارەی ترامپ ئەبێ باش دیراسە بکرێ و لەسەر لایەنە سەرەکیەکانی وەک یەکێتی و پارتی و ھەموو حزبەکانی تریشە کە بەڕاستی لانی کەم لە بواری دیبلۆماسی بچنە مەیدان و حکومەتی ھەرێمیش لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق و لە رێگای پەیوەندیەکانی ھەوڵی رێگەکردتن لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی مرۆیی لە رۆژئاوا بگرن. دووبارە دەڵێم ھەڵوێست لە پەکەکە و پەیەدە لە بەشداریکردن لە دژی رۆژئاوا یا بێ دەنگ بوون لێی پاساوێکی رەوا و راست نیە و نابێ ھەشبێ، دەنا ئەگەر ئەمڕۆ رۆژئاوابێ سبەیش نۆرەی باشور دێ. لە کۆتایدا دەپرسم ئایا ئەو بڕیارەی ترامپ دەبێتە ھۆی لەسەر پێ خۆمانەوەی رۆژئاوا یان رۆژئاوا بوونەوەی کورد؟




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved