ئەو قوڕەی كە ترەمپ گرتویەتییەوە

27/12/2018

رێبین عومەر

سەرۆكی ئەمریكا ترەمپ بەڕوونی ئاماژەی بەوە كرد، كە چیتر ئەمریكا پۆلیسی پاراستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە ، هەروەك چۆن لە ساڵی 2011 سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا باراك ئۆباما عێراقی لەسەر سینییەك ئاڵتون بەخشیە ئێران ئاواش دووبارە ترەمپ باكووری سوریا دەبەخشێتە توركیای هاوپەیمانی و 2000 سەربازەكەی لەو وڵاتە دەكشێنێتەوە. 

هەندێك پێیان وایە ئەمریكا كە بەتەواوەتی داعشی بنەبڕنەكردووە دەست لە هاوپەیمانی شەست وڵاتەكەی دنیا دەكشێنێتەوە كە بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش دروست بووە لە حەوت ساڵی رابردوودا ، دەیەوێت لە رێگەی تێوەگلانی وڵاتێكی  وەك توركیا هەژموونی ئێران و توركیا لەسوریا بەیەك بدات ، چونكە لە ئێستادا ئێرانییەكان ئاراستەی سیاسی و سەربازی دیمەشق دەكەن ، ئەوەی لە دیمەشق هەیە بەناوی سوپای سوریای عەرەبی ، رووكەش و درێژكراوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە .

ئەمریكا  رووداو دەخولقێنێت 
وەها خوێندنەوە بۆ بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا دەكرێت كە وەك نوسەری گەورەی عەرەب عەبدولباری عەتوان ئاماژەی بۆ كردووە كە ئەمریكا لە حەوت ساڵی ربردوو لە سوریا هاتۆتەوە خاڵی سفر و 70 ملیار دۆلاری لەو جەنگە خەرج كردووە كە هیچ قازانجێكی لێنەكەوتووە ، ئەو نوسەرە عەرەبە باس لەوەش دەكات كە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبی لە عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیا بەتەواوەتی دووچاری شكست بووە ، هەژموونی ئەمریكا لەبەرامبەر بە هەژموونی ورچی رووسی شكستی خواردووە چونكە ئەمریكاییەكان یەك لەو جەمسەرانەن كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دۆستەكانیان لە تەنگانە جێدەهێڵن و كەوی ناوقەفەس دەخەنە بەردەستی راوكەر . ئەمریكا كە خولقێنەرو دروستكەری رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە رۆشتنی لە سوریا ، ئەگەرچی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا دەست لەكار كێشانەوەی وەزیری بەرگری جیمس ماتێنز و نوێنەری هاوپەیمانی دژی داعشی بریت ماكگۆرگی لێكەوتەوە كە حەوت ساڵە بەشێوەیەكی سەرسەختانە خەریكی دروستكردنی هەژموونی سیاسی و سەربازی ئەمریكا لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا پابەندی بڕیارە سیاسییەكەی خۆیەتی لە بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بریاری خێرا دەربارەی چارەنوسی ئەو ناوچەیە بەربەردەوامی دەدات .
 
ترەمپ  كە 45 هەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە ، سەرباری ئەوەی پیاوی پارەو بازرگانییە بەڵام ئێستا شكۆی سیاسی دروست دەكاو لەگەڵ دۆخی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوین بە شێوەیەكی ناجێگیر مامەڵە دەكات  و بەبەردەوامی لەناو بازنەی ململانێ دەسوڕێتەوە ، لە كۆتا بڕیاریدا سەرۆكی ئەمریكا وەك : فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا لە كۆشكە سپییەكەیەوە بڕیارێكی رەشی لەهەمبەر كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا دەركرد بڕیارەكە هاوشێوەی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا بوو لە 2011 لە عێراق ، كە تائەم كاتە عێراق باجی ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەدات كە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆیان دروستكرد و ووڵاتەكەیانی لەشەڕی شێرپەنجە مەزهەبی و تێرۆر تێوەگلان و ئابورییەكەی دووچاری داڕوخان و شارستانیەتەكەشی كە شانازی پێوە دەكرد زۆرینەی بەهۆی جەنگەوە لەدەستدا .

سەردانی ترەمپ بۆ عێراق 
 سەردانێكی دوور لە پرۆتۆكۆڵی سیاسی ، ئەو سەردانەی ترەمپ بۆ عێراقی ئەنجام دا دەری خست كە ترەمپ رێز لە سیادەی عێراق و حكومەتەكەی ناگرێت هەر لەبەر ئەوەش وەك ناوچەی جەنگ لێی روانی نەك ووڵاتێك كە دەسەڵات و حكومەتەكەی دان پێدانراوبێ ، راستە ترەمپ لەگەڵ عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران بەتەلەفون بەكورتی قسەیكرد و دووری شوێنی كۆبوونەوەكە و كەمی كات نەیتوانی خانەخوێ سەردانی میوانە ناوەختەكەی بكات ، پەیامی سیاسی ئەو سەردانەی ترمپە ئەوەبوو ، كە لەماوەی دووساڵی سەرۆكایەتییەكەی ترەمپ سەردانی سەربازەكانی لە دەرەوەی ئەمریكا نەكردبوو كە بەسەر حەوسەد ناوچەی جیهان بڵاو بونەتەوە ، ترەمپ ئەگەرچی لە پێش بوون بەسەرۆكی ئەمریكا و لە سەرو بەندی بانگەشەی هەڵبژاردن لەچەند شوێنێك داوی ئەوەیكردبووە كە لە 2003 عێراقمان ئازاد كرد لە سەدام ، بەڵام هیچ بڕەپارەیەكمان لەو جەنگە دەست نەكەوتووە ، هەر لەبەر ئەوەش وەها چاوەڕوان دەكرێت كە باش بیری لەوە كردبێتەوە كە رێكاری وەرگرتنی قەرزی كۆن لە عێراقی گرتبێتە بەر و هاوشێوەی سوریا لە ئایندە دووبارە راوێژكارەكانی و سەربازەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە یان دووبارە عێراق لە جەنگی تەواو نەبووی داعش بگلێننەوە كە ماوەیەكە بە ئاشكرا لە خاكی عێراق كەوتونەتە جوڵەو دووبارە هێرشەكانیان دەستپێكردۆتەوە .

ترمپ دۆستی كوردە یان دوژمن
ترمپ نە دۆستە و نەدوژمن ن لە بانگەشەی هەڵبژاردن و لەكۆشكی سپی لە 6 نۆڤەمبەر 2018 ترەمپ بەڕوونی باسی لەوەكرد كە كوردەكان جەنگاوەری ئازا و بەجەرگن و خەڵكی باشن ، سیاسەتی نێو دەوڵەتی تا ئەم رۆژە لە بەرامبەر بەكورد خەبەری نەبۆتەوە ، هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا كوردەكان لە دیدی ووڵاتە زلهێزەكانەوە جەنگاوەرن و دەشێ تا ئەو كاتەی جەنگ هەیە هاوبەشبن بەڵام سەروەختی تەواو بوونی جەنگ بێگومان جەنگاوەر كاری تەواو دەبێت ، ستراتیژی ئەمریكی ستراتیژی روانینە لەكورد وەك جەنگاوەر هەرلەبەر ئەوەش پێشینەیان لەگەڵ حكومەتەكانە كەكوردیان لە سایكسپیكۆوە بەسەر دابەش بووە ، ئەمریكا هیچ كات حكومەتەكان فەرامۆشناكات لە پێناو چەسپاندی حەقی كەمینە نەتەوەیەكی وەك كورد بۆنموونە بریاری خستنە ناو لیستی تێرۆری سێ سەركردەی پەكەكە بەڕەچاوكردنی دڵی توركەكان دەركرا هەر لەبەر ئەوەش ئەمریكا بەرژەوەندی حكومەتەكانی پێباشترە لە دۆستایەتی هێزێك كەوەك جەنگاوەر لێ دەڕوانرێ‌ لە ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ئەمریكیەكان بەهاوبەشی لەگەڵ ئێرانییەكان ئەو پلانەیان جێبەجێكرد كە كوردی گەڕانەوە بۆ سنورەكانی پێش ساڵی 2003 ، هەر لەبەر ئەوەش كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا دەری دەخات ئەمریكا كورد دەخاتە بەردەم تانكی ناتۆ كە توركەكان هێرشی بۆ دەكەن ، ئایندەی سیاسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە چۆتەوە خاڵی سفر و سایكسپیكۆی نوێ حكومەتەكان دووبارە هەژموونی كوردی پێ‌ لەناو ببرێت.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی