ئازادی ژنان..منیش چیرۆکێکم هەیە (١)

ئازادی ژنان..منیش چیرۆکێکم هەیە (١)

خالید سلێمان


259 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەم ڕۆژانەدا، دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێک و تێکەڵکێش کردنی بەڕای خۆم لەسەر تاوانێکی کوشتن دژی ژنێک کورد لە سوید، پێش ئەوەش بابەتێکی تر لەسەر سوتاندنی سێوان لە کوردستان؛ هاورێ و هاوپیشەم ستران عەبدوڵا، بابەتێکی گرنگی دەوروژێهنێت: ئازادیی ژنان یان ئازادی نەتەوە؟ ئەمە بابەتی سیجالی نێوان قاسم ئەمین و موستەفا کامل بو لە میسر لە کۆتایی سەدەی نوزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا. قاسم ئەمین بڕوای وابو فێرکردن و پەروەردەی کچان بنەمای کۆمەڵگەیەکی میسری باش و پێشکەوتوە. لەبەرامبەردا موستەفا کامل کە سەرۆکی (حزبی نیشتمانیی) بو، هەروەها چەندەها ڕۆشنبیرو سیاسەتمەداری تری ئەو کاتەی میسر، لەگەڵ هێڕشکردنە سەر قاسم ئەمین کە پێیان وابو نوێنەرایەتی بیری ڕۆژاواو کۆڵۆنیالیزم دەکات، ئازادیی ژنانیان گرێدەدا بە ئازادیی "ئوممە"ەوە. 


لێرەدا نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ ناو وردەکاریی ئەو سیجالە کە پێش زیاتر لەسەدەیەک ڕودیداوە، بەڵام ئەیکەمە دەروازەیەک بۆ بابەتێک کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا، وەک ئەوەی لە سەدەی نۆزدەدا بژین، لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستمان پێیەتی، چونکە ژنانی ئێمە تا ئێستا ئەسوتێنرێن، ئەکوژرێن، دڵڕەقییان بەرامبەر دەکرێت، لەبەهاکانیان کەم دەکرێتەوەو پشتگوێ دەخرێن، بابەتی "مەجلیسی" پیاوانەن، قوربانیی دنیابینی سێکسیزم و راسیزمی کۆمەڵایەتین .. هتد. 


من چیرۆکێکم هەیە، چیرۆکێک لە هەناوی خۆیدا دەیان و بگرە سەدان چیرۆک هەڵدەگرێ. بەپێچەوانەی چیرۆکەکانی (هەزارو یەک شەوە) کە خەیاڵی شەهرەزادی کچی وەزیری شا شەهەرەیار، ئارەزوی سێکس و کوشتن لە تۆڵەی خیانەتدا ئەوەستێنێت، ئەم چیرۆکانەی ئەیانگێڕمەوە، خەیاڵی پیاوانە تیایدا بەردەوامە لە کوشتن. چیرۆکی یەکەم بەم شێوەیە بو:


لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردودا، کچێک لە لادێیەکی کوردستاندا لەگەڵ باوکێکی بەتەمەندا دەژیا. بەپێی کولتوری کوردی ئەو کاتە، ئێستاشی پێوەبێت، ئەو قەیرە بو، باوکیشی لەبەر تەمەن دەسەڵاتی بەسەر کەس وکاری خۆیدا نەمابو. کچەکەمان ژیانی خۆی تەرخان کردبو بۆ خزمەتکردنی باوک و ڕۆژانەش جگە لە کاری ناوماڵ و کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕو ماڵات، لە بیرێکی دور لە لادێکەوە، چەندەها تەنەکە ئاوی ئەگواستەوە بۆ ماڵ. تاکە ڕوبەروی قسەو گفتوگۆو پەیوندی لەگەڵ خەڵکدا، ئەو ڕێگایە بو کە ئاوی لێوە دەهێنا.


ڕۆژێک لەناو کەس و کاری خۆیدا هەواڵێک بڵاو بوەوە کە سکی هەیەو تاوانبارکرا کە لەگەڵ کوڕە خزمێکی خۆی پەیوەندی هەیە. چیرۆکەکە وەک ئاگری ژێر خەرمان تەشەنەی کردو خەڵکیش بڕوایان کرد. کچەکە لە ترسی کوشتن پەنا دەباتە بەر لادێیەکی ترو بۆ ماوەیەک لەوێ خۆی دەشارێتەوە. کەس وکارەکەی ئەچن بەدوایداو لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە مارەی ببڕن لە کوڕە خزمەکەو کۆتایی بە کێشەکە بێنن. بەڵام لە شەوی بوکێنیدا، لە بێدەنگیدا دەکوژرێت و، وەک شەهرەزاد دەستە خوشکێکیشی نەبو داوای لێبکات چیرۆکێک بگێڕێتەوە تا شەهرەیار گوێی لێبگرێت و بیرۆکەی کوشتنەکە دوابخات.


لەو لادێیەی کوردستاندا کە ئەم تاوانەی تیا ڕویدا، کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و حزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردستان و زەحمەتکێشان و حزبی تریش باڵادەست بون. هەر ڕۆژەی مەفرەزەی یەکێک لەو حزبانە دەهاتنە لادێکەو خەڵکیان کۆئەکردەوەو باسی ڕزگاریی نیشتمانیان بۆ دەکردن. وەک ئەگێڕنەوەو باسی دەکەن، چیرۆکی کوشتنی ئەو ژنە هەرگیز نەبوە بابەتی حزبەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان.




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved