کۆمەڵگەی ژنکوژ

کۆمەڵگەی ژنکوژ

لەشکر قادر ڕەسوڵ


210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

١
ژنێک و سێ منداڵ دەسوتێن (یان: دەسوتێنرێن) ئەم رووداوە فەزای گشتی کۆمەڵگەی ئێمە داگیر دەکات. سمێڵ سالار و نێرسالارەکانی کورد لەبەردەم ئەو ڕووداوەدا دەمامک و ماسک و ماکیاژی عەقڵە خێڵەکی و نامەدەنی خۆیان دەکەن. خۆیان وەکو شیوەنگێڕ ژیاندۆست و فریشتە بەرامبەر ژن پیشان دەدات. بەڵام  لەماڵەکەی خۆیدا ژیانێکی جەھەنەمی بۆ ژن دروستکردووە و بەھەزارەھا ڕێگا ژن دەباتەوە سەر مەرگدۆستی. لەناو زۆربەی خێزانی کورددا توندوتیژی ئامادەیەکی گەورەی ھەیە، ئەگەر لەئاستی فیزیکیش نەبێ توندوتیژی زمانەوانی و دەروونی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەی ئێمەی داگیرکردووە.

٢
نێرسالارەکانی کورد کە ئێستا بوون بە شیوەنگێڕ و بەرگریکاری ماف و ئازادیەکانی ژن، لەبنەڕەتدا ئەو عەقڵە کۆنەپارێز و نەریتخوازانە ھیچ بڕوایان بە ماف و ئازادی ژن نیە، بەڵکو ئەمە تەنھا دەمامکەو سایکۆلۆجیا نێنێرسالاریەکەی جوڵاوە و دەیەوێت لەسەر ئەم ڕووداوە بە ڕستە فریودەرەکانی وێنەیەکی جوانی بەرگریکارانە بۆخۆی دروست بکات، ئەویتری ناو پڕۆسەکە بەنەفرەت بکات.

٣
بەبڕوای من لەسەدا ٩٠ ی خێزانی کورد لەڕووی ”ڕۆحی و خۆشەویستی”ەوە دەمێکە لەیەکتر جیابونەوە و یەکتریان تەڵاق داوە، زۆر جار ھیچ ڕەپتێک لەنێوان ئەو دوو مرۆڤەدا نامێنێ، ھیچ ھێزێکی مەعنەوی و عاتفی ئەو دوو ئینسانە بەیەکەوە کۆ ناکاتەوە و ھەردوکیان لەناو دوو جیھانی تەواو جیاواز دا دەژین. بەڵام لەبەر ھێزی سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتوور لەترسی (عەیبەی کۆمەڵایەتی، توندوتیژی ڕەمزی، باسکردنی خەڵک، ھەبوونی منداڵ، ھێزی خێزانی کوڕ و کچە) بەشێوەیەکی ساختە لەژێر یەک سەقفدا بەردەوامی بە ژیانی خۆیان دەدەن. ئەمە نەک بێڕێزیکرنە بە ئینسان بەڵکو چرکەساتێکە کە کارەکتەری مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی لەڕووی کەسایەتی و مەعنەویەوە تیرۆر دەکرێت.

٤
ژن و پیاوێک کاتێک لە چوارچێوەی گرێبەستی «کۆمەڵایەتی و ئاینی و یاسایی» دەچنە ناو پڕۆسەی ھاوژینی. بەھۆی لاوازی ھوشیاری خێزانی و سێکسی و ناھوشیاری بەرامبەر ڕەفتار و پەیوەندی و نەزانینی ھونەر و سەقافەی ژیانکردن بەیەکەوە ناتوانن فەراغی (جەستەیی و  دەروونی و مەعنەوی) یەکتر بەباشی پڕبکەنەوە. لەدوای دروستبونی ئەو فەراغە یەکەمین شت کە لەنێوان ئەو دوو ئینسانە دەمرێت بریتیە لە ”خۆشەویستی” .

٥
ئەم ڕووداوە تەنھا کەسێک یان چەند کەسێک لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو ئەمە کێشەیەکی پەردەوەردەیی و کولتووریە. ھەموو سادەکردنەوەیەکی ئەم کێشەیە بۆ تەنھا ڕوداوێک بێڕێزیەکی گەورەیە بە خودی قەزیەکە خۆی، لەھەمانکاتدا بێحورمەیتشە بەرامبەر بە دۆزی ژن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا.

٦
بۆئەوەی ژن قوتاربکرێت لەدەست ئایدیاو تەسەوڕی باوکسالاری و سنورێک بۆ ئەو ھەموو تراژیدیاو مەرگەساتە دابنرێت، پێویستە سەرلەنوێ گوتاری ڕۆشنبیری و گوتاری ھوشیاری تاک بگۆڕێت. دەستکاری پەروەردە و ئەو پەتا کولتووریە بکرێت، پێویستە لەمێنتێڵێتی خێڵەوە بگوازینەوە بەرەوە سەرڕێگاخستنی کولتووری مەدەنی، بۆھێنانەدی ئەمەش پێویستیمان بە کۆمەکی عەقڵ و ڕۆڵی مەعریفە و فیکرە. نابێ ڕێگەبدرێت دەنگی زانست و گوتاری عەقڵانی لەناو ھەیەجانی جەماوەردا بکوژرێ و لەناوبچێت.

٧
لێرەدا سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ دوو نموونە کەدەلالەت لە ئامادەیی بەھای کۆنەپارێزو خێڵەکی کۆمەڵگەی ئێمە دەکەن و ئەڕووداوەش لێرەو لەئێستادا نەخوڵقاوە بەڵکو درێژکراوە و بەرھەمی ئەو کولتوورو ئەقڵیەتە خێڵەکی و ناشارستانییە. 

یەکەم: لەکولتووری خێڵدا ژن وەک کاڵا سەردەکرێ و بەشێکە لە کەل و پەلی پیاو، یان دەبێتە موڵکی پیاو، بۆنموونە سەرۆک خێڵێک دەکرێت بڵێت: من هەزار سەر مەڕو پەنجا تفەنگی بڕنۆ و هەزار دۆنم زەوی و چوار لاندگرۆزو سێ ژنم هەیە.

دووەم: لەکۆندا ئەگەر کچێک لادانی کردبێت لە حەرامەکانی خێڵ و لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێک  پەیوەندی خۆشەویستی ھەبووبێ، ئەگەر لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پێی زانرا ئەوا: سەری دەتاشن، خۆڵ و دۆی بەسەردا دەکەن، پاشەو پاش سواری کەرێکی کلک بڕاوی دەکەن، منداڵ و تواڵ بەتەنەکە لێدان بەدوای دەکەون تاکو شاربەدەری دەکەن. 

ھەموو ھەموو ئەو ڕەفتارە توندوتیژی و کوشتن و نادادی جێندەری و.... ھتر درێژکراوەی ھەمان كولتوور و پەروەردە و عەقڵیەتی خێڵە. بۆ بۆ دەسکاریکرن و گۆڕانکاری تیایدا پێویستە دژی ڕیشە کولتووری و پەروەردەیی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە بین.

لەشکر قادر ڕەسوڵ



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved