ئاخرەکەی ئەسەد بردیەوە!!

28/12/2018

مەجید ساڵح


ئەمریکا سێ مانگی داناوە بۆ کشانەوە لە سوریا.. ترامپ هەموو گڵۆپە سەوزەکانی بۆ ئەردۆغان هەڵکردوە و رایگەیاندوە کە سوریا بۆ خۆت و چی لێ دەکەی بیکە.. لەوانەیە کورد ئەو بەهایە بێت کە ترامپ دەیدا بە ئەردۆغان بۆ ئەوەی لە باوەشی روسەکانی دەربێنێ.. بەڵام هاتنەوە دەرەوەی ئەردۆغان لە ژێر هەژموونی پۆتین و خۆخستنەوە سەر کۆشی ترامپ، دەروازەی رووسیا بە رووی کوردەکانی رۆژئاوا دەکاتەوە، قسەکانی زاغارۆفای وتەبێژی روسیا کە دوینێ وتی دەبێ حکومەتی سوریا بچێتەوە رۆژهەڵاتی فورات ئاماژەیە بۆ هەڵوێستی نوێی روسیا..

لەم گەمەیدا عەرەبەکانیش (سعودیە و ئیمارات و میسر و سودان) تەنها تەماشاچی نابن بۆ لەبەرامبەر پێڕاکێشانی هاوپەیمانی ئیخوانەکان و شیعەکان..کردنەوەی باڵوێزخانەکانیان و سەردانە ئاشکراو نهێنیەکانیان بۆ لای ئەسەد ئاماژەن بۆ ئەوەی بەمزوانە دەیگەڕێنەوە بۆ باوەشی عەرەبی..

لێدوانەکەی ئەمڕۆی قەرقاش وزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات کە بە بۆنەی کردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق رایگەیاند و وتی: ئەم هەنگاوەمان بۆ کاراکردنەوەی رۆڵی عەرەبییە لە رێگرتن لە دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکیا لە کاروباری سوریا" . ئەو لێدوانە دەردەخات کە هاوکێشەکان بەوجۆرە ناچنە پێش کە ترامپ و ئەردۆغان دەیانەویست.. هەروەها بەوجۆرەش ناچیتە پێش کە ئێران دەیویست و لە رێگەی عێراق و سوریاوە هیلالە شیعیەکەی دروست بکات و بە ئاسانی لە ئەرزەوە لە گەڵ حیزبوڵڵای هاوپەیمانیەوە پەیوەندی بگرێت، روسیاش بە مایەی خۆی دەردەچێ و ئەسەدی بۆ دەمێنێتەوە و پێگەی خۆی لەسەردەریای سپی دەهێڵێتەوە.. بەدڵنیایشەوە زۆر بە دڵی کورد نابێت.. با لە لنگی شکاو و قونی دڕاویشەوە لێی دەرچێ، بەڵام براوە ئەسەدە.. گرنگ ئەوەیە ماوە، ئیتر گرنگ نییە چۆن مانێک بێ..

هەفتەی ئایندە کە سەرەتای ساڵی نوێیە، سەرەتایەکی نوێ دەبێ لە تێکچوونی هاوکێشەکانی سوریا و کێشمەکێش و زۆرانبازییەکە وردەوردە بەرەو لەنگەرگرتن و کۆتایی دەچێ.. ماوەتەوە سەر ئەوەی هەرلایەنێک هەوڵ دەدا بەشیک لە کێکەکەی بەرکەوێ، یان لانی کەم بە خەسارەتەوە لێی دەرنەچێ...

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی