فەرموون با کۆنگرە ببەستین

28/12/2018

عادل عەلی


راستیەکی حاشا هەڵنەگرە،کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە لە حزبدا،کۆنگرە ئامرازێکی گرنگ و بگرە تاکە ئامرازی بەهێزیشە بۆ گۆڕانکاری و نوێ بوونەوە،بۆ ئارایشی نوێی حیزب ،بۆ گۆڕانکاری لە بەرنامەو پێڕەو،بۆ هەموارکردنەوەی تاکتیک و ستراتیژ بۆ ...بۆ...بۆ...هتد.

هەر حیزب و رێکخراوێک ئەم ئامرازە سیاسی و حیزبییەی فەرامۆش کرد ئەوا بێ گومان درێژە کێشانیشی دەسەڵاتی حیزبیش ئەخاتە ژێر پرسیاری شەرعی بوون نا شەرعی بوونەوە...وا هەشت ساڵە یەکێتی کۆنگرەی نەبەستووە،پاساوەکان هەرچییەک بن ئەو راستیە ناشرنەوە کە دەبوو لە چوار ساڵی رابردودا ئەم حیزبە کۆنگرەی ببەستایە..بیانوەکان جۆراجۆرن هێندە لەسەری قسە کراوە بێزراو بووە ،هیچی قسەیەکی تریش نەماوە بۆ ووتن،چونکە تاکە رێگا بۆ بەستنی کۆنگرە هەر بەستنی کۆنگرەیە.

ئاراستەکانی نێو یەکێتی هەر هەموویان بێ جیاوازی شانی خۆیان لەبەرپرسیارێتیە هەم خاڵی خاڵی دەکەنەوەو هەم چاویان لەراستیەکان دەپۆشن.گشت باڵ و ئاراستەو کوتلەکانی نێو حزب لە خەمی مسۆگەرکردنی پێگەکەیان یان لانی کەم مانەوەیانە نەک خەمی بەهێزکردن و زیاتر روونکردنەوەی ریبازو دیدگای جەلالیزم ،کە دەبێت راشکاوانە جیاوازییەکانی خۆی لە گەڵ حیزب و لایەنەکانی تر جیا بکاتەوەو لە گەڵ جیاوازی سیاسی و فیکری بەرامبەردا بژی و هەڵبکات نەک تەسلیم بوون بەو ماناییەی یان لەو بچێ یان ببێ بەو...هیچ وەختێک هێندەی ئێستا درەنگ نەبووە بۆ بەستنی کۆنگرە،کەواتە فەرموون بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق و بێ دەستێوەردان و کێماسییەکانی کۆنگرەی سێ دووبارە مەکەنەوەو ئیرادەی کادرو دەنگدەریش مەخەنە ژێر فشارو پرسیارەوەو لە کۆنگرەشدا باز هەڵ مەدەن تاکو بەسەر سەری خەڵکی بێ سەوادەوە نەنیشێتەوە..بوار بدەن خەڵک بە تواناو کاریگەری خۆی سەربکەوێ..هەرچی ئۆرگان و کادری یەکێتی و سەرکردایەتی هەیە ئەزانن ئەوەی پیویست بێت بۆ بەستنی کۆنگرە ئامادەیەو هیچ رێکرێکی تەکنیکیش نیەو راپۆرتی لیژنە جیاجیاکانیش ئامادەیە سێ پرۆژەی پێرەوی ناخۆش هەیە بینە کۆنگرەو لە بڕیاری لەسەر بدرێت.ئەوە ئەرزو ئەوە گەز دەست لەدەست وهێز ئیرادەش لە ئەندامانی کۆنگرەو فەرموون جارێکی تر با کۆنگرەیەک ببەستین و رۆحی مام جەلال شەهیدەکانیمان شاد بکەین.. 


با بۆجارێکیش بێت لە پێگەو بەرژەوەندییەکانمان نەترسین هەر یەکێک لەئێوە کە رێگای خەبات و سیاسەت کردنتان هەڵبژارد بە نیازی ژیان نەبوون هێستا هەم تەمەن ژیان،دەباهەموومان بڕیاڕێکی ئازایانە بدەین ،فەرموون بۆ بەستنی کۆنگرەو قبوڵکردنی ئەنجامەکانی ..هیچ رێگایەکی تر نەماوە،ئەگەر ئەتانەوێ یەکێتی بخەنە سەر شارێی خۆی و ئاراستە راستەقینەکەی بۆ بگێڕنەوە،ئەوا فەرموون بەخێرایی و بێ دوو دڵی کۆنگرە ببەستن و بەشەرمەوە باسی مەکەن و یەکتری تاوان بار مەکەن.لەراستیدا دەرحەق بەیەکێتی هەموومان خەتامان هەیە هەریەکە بەرێژەو پێگەو بەرپرسیارێتی خۆی و کەسیش مەعسوم نیە.کەواتە فەرموون بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی بێ تەوافوق لەسەر بنەمای بریار لیدراوی حیزبی و لیژنەی باڵای هەڵبژێراو.تاکە رێگاش بۆ بەرجەستەکردنی وەفاداری بۆ ریبازی مام و گەشەپێدانی بەزوو چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی یەکێتیە ئەویش بەبەستنی کۆنگرەیەکی ئاسایی ویاسایی حیزبیە.

عادل عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی