لە کۆتایی ساڵی 2018 دا: وێرانکردنی ژینگە بەردەوامە

لە کۆتایی ساڵی 2018 دا: وێرانکردنی ژینگە بەردەوامە

لوقمان حەوێز


406 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پیسبوونی ژینگە و وێرانکردنی سیستەمی ژینگەیی بەردەوامە، داتاکانی ئەمساڵ ترسناک و سەرسوڕهێنەرن...

ئێستا لە ساتەکانی کۆتایی ساڵی 2018 دەژین، ئێمەی مرۆڤەکان لەسەرتاسەری جیهان ئاهەنگی خۆشی دەگێڕین و پیرۆزباییەکان دەنێرین بۆ یەکتری بەبۆنەی هاتنی ساڵێکی نوێ، بەڵام زۆربەی هەرە زۆرمان بێئاگاین لە بەردەوامبوونی وێرانکاریان کە ئێمەی مرۆڤەکان بەردەوام ڕۆژانە بەسەر سیستەمی ژینگەیی ماڵە گەورەکەمان دەهێنین کە گۆی زەویە...

بەداخەوە مرۆڤ کە بونەوەرە باڵادەستەکەی گۆی زەوی و کۆمەڵەی خۆرە، لە ئەمساڵدا پێوانەکانی شکاند لە زیان گەیاندن بە ژینگە و وێرانکردنی ئیکۆسیستەمی گۆی زەوی، لە ئەمساڵدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازەکان بەتایبەتی گازی دووەم ئوکسیدی کاربۆن کە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گەرما لەناو بەرگەهەوای گۆی زەوی ڕووی لە زۆربوون کردووە، بڕ و ڕێژەی ئەو گاز و توخم و ئاوێتە ژەهراویانەی خراوەتە ناو بەرگە هەوا و خاک و ڕووبەرە ئاویەکان زۆرتر بووە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، وێرانکردن و تەختکردنی دارستانەکان ڕوو لە زۆربوون بووە، بڕی ئەو زبڵ و خاشاکانەی تێکڕای مرۆڤەکان بەرهەمیان هێناوە زۆرتر بووە...

لە ڕاستیدا ئەو پیسبوون و وێرانکاریەی لە ئەمڕۆدا بەسەر ژینگە و ئیکۆ سیستەمی گۆی زەوی دێت بێ وێنەیە، سەرەتای دەستپێکردنی ئەو وێرانکاری و پیسبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەرهەڵدانی شۆڕی پیشەسازی بە لە پتر لە 200 ساڵ، بەڵام لە 65 ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی مەترسیدار خێرا بۆتەوە، بەپێ ی هەموو لێکۆڵینەوە زانستیەکان ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر ساواین لەسەر ڕووی زەوی و تەنیا بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ساڵێک دەبێت دروستبووین، بەڵام بە هەموو پێوانەکان دڕندەترین بوونەوەر بووین تاوەکو ئێستا لە ڕووی وێرانکردنی سیستەمی ژینگەیی گۆی زەوی لە مێژووی سەرهەڵدانی ژیان بەر لە پتر لە 3 ملیار ساڵ تاوەکو ئێستا... 

ڕووەکەکان لەسەدا 82 ی هەموو قەبارە و پێکهاتە زیندووەکانی سەر ڕووی زەوی پێک دەهێنن، هەموو بەکتریاکانیش سەدا 13 ی هەموو زیندەوەرەکانن، ئەو لەسەدا 5 ەی دەمێنێتەوە هەموو زیندەوەرەکانی تر پێکدەهێنن بە ئێمەی مرۆڤیشەوە لەگەڵ شیردەرەکان، ماسیەکان و گیاندارە دەریاییەکان، مێرووەکان و هەموو ئەوانی تر، لە ڕاستیدا ئێمەی مرۆڤ کە لە ئێستادا پتر لە 7670 ملیۆن کەسین، بەڵام کەمتر لە 0.01 ی لەسەدا یەکی هەموو زیندە بارستەی سەر ڕووی زەوی پێک دەهێنین، واتە کەمتر لە یەک لە دەهەزار لە قەبارەی هەموو زیندەوەر و ڕووەکەکان پێک دێنین، بەڵام با بزانین لە ئێستادا کە لە کۆتایی ساڵی 2018 داین ئێمەی (بچوک) چی وێرانکاریەکی گەورەمان ئەنجامداوە و چەندە پانتاییەکی ژینگەیی گەورەمان بۆ خۆمان داگیرکردووە؟

ئێمەی مرۆڤ کە تەنیا 0.01% ی زیندەوەران پێک دێنین لەسەر زەوی بە قەبارە، بەڵام هێندە کاریگەریمان بووە و دەستکاری ئیکۆ سیستەمی گۆی زەویمان کردووە بە جۆرێک ئێستا ئێمە و ئەو ئاژەڵە ماڵیانەی لەبەر خۆمان بەخێویان دەکەین 96% ی هەموو شیردەرەکان پێک دێنن، تەنیا 4% لە شیردەرەکان کە دەمێننەوە لە ئاژەڵە کێویەکانن، ئەو ڕێژەیە بەهۆی کاریگەری و دەستکاری مرۆڤ وای لێهاتووە ئەگینا ئێمەی مرۆڤ و هەموو ئاژەڵە ماڵیەکان پێشتر لەسروشتدا لە 1% کەمتر بووین...

تەنیا بۆ نمونە، با تەماشا بکەین بزانین چۆن ژمارەکان و پانتایی ژینگەییمان لەقازانجی خۆمان و ئاژەڵە ماڵیەکانمان گۆڕیوە:

ژمارەی ئێمەی مرۆڤ لە ئێستادا 7670 ملیۆن کەسە، نزیکەی 25 هەزار ملیۆن (٢٥ ملیار) مریشکی زیندوو بەخێو دەکەین، پتر لە 1500 ملیۆن مانگا، پتر لە 1000 ملیۆن مەڕ، 450 ملیۆن بزن، 770 ملیۆن بەراز بەخێوە دەکەین...

چالاکیەکانیشمان ژمارەی زۆربەی هەرە زۆری ئاژەڵە کێویەکانی زۆر کەمکردۆتەوە بۆ نمونە بەهۆی ئەو چالاکیانەی ئێمە تەنیا کەمتر لە 20 هەزار شێر ماوە لەسەرتاسەری جیهان، هەندێک لە ئاژەڵە کێویەکان بەهۆی ئێمەوە لەناوچوون، گەلێکیشیان ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە لە ئێستادا...

ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو زیان و وێرانکاریانەن کە ئەمساڵ مرۆڤ بەسەر ژینگە و ئیکۆسیستەمی گۆی زەوی هێناوە: 

کۆی هەموو ڕووبەری ئەو دارستانانەی ئەمساڵ تەخت کراون و لەناوبراون لە جیهان: پتر لە 50858 کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، هەر بۆ بەراورد ئەم ڕووبەرە هەندێک لە ڕووبەری هەرێمی کوردستان زیاترە بەبێ ناوچە دابڕاوەکان...

کۆی بڕی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەنجامی سوتاندنی سوتەمەنیە بەبەردبووەکان (نەوت، گاز، خەڵوزی بەردین) کە خراونەتە ناو بەرگە هەوای گۆی زەوی لە ئەمساڵدا: 39.7 ملیار تۆن بووە (39700 هەزار ملیۆن تۆن)، ئەم گازە بەرپرسی سەرەکیە لە سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی، بەگشتی ساڵ دوای ساڵیش ئەو بڕەی بەرهەم هێنراوە لەم گازە هەر ڕوو لە زۆربوون بووە...

بڕی هەموو توخم و گازە هەرە ژەهراویەکان کە مرۆڤ توشی شێرپەنجە و گەلێک نەخۆشی ترسناکی تر دەکەن و خراونەتە ناو بەرگە هەوا لەڕێگەی کارگەکان و چالاکیەکانی تری مرۆڤ لە ئەمساڵدا: پتر لە 9.7 ملیۆن تۆن بووە...

بڕی ئەو توخم و ئاوێتە ژەهراویانەی خراوەتە ناو زەریا، دەریا و ڕووبارەکان لە سەرانسەری جیهان پتر بووە لە 180 ملیۆن تۆن...

هەموو مرۆڤەکانی جیهان بەیەکەوە لە ئەمساڵدا پتر لە 1300 ملیۆن تۆن زبڵ و خاشاکیان بەرهەمهێناوە، کەمتر لە چاریەکی ئەو خاشاکە ڕیسایکڵ کراوەتەوە و ئەوەی تر یان دەخرێتە ژێر خاک یان لە زبڵخانەی گەورەدا بەکراوەیی فڕێدەدرێت، هەندێکیش دەخرێتە ناو ڕووبارەکان و دەریا و زەریاکان...

مرۆڤ هەر بە پیسکردنی ژینگەی سەر ڕووی زەوی نەوەستاوە، لە ئەمساڵدا بەهۆی گەشتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان و هەڵدانی سەتەلایتەکان هەزارەها پارچە خاشاک لە پاشماوەی ئەو گەشتانە فڕیدراونەتە بۆشایی ئاسمان، ئەمە جگە لەو سەدەها هەزار پارچە خاشاکەی کە لەوێیە بەهۆی هەموو ئەو گەشتە ئاسمانیانەی لە 60 ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراون بۆ بۆشایی ئاسمان...

هەندێک لە زانیاریە سەرنجڕاکێشەکانی ئەمساڵ کە پەیوەندیدارن بە ژیان و مردن، هەروەها بارودۆخی مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان: 

ژمارەی هەموو ئەو مرۆڤانەی ڕووبەڕووی کەم خۆراکی و بەدخۆراکی بوونەتەوە ئەمساڵ پتر لە 840 ملیۆن کەس بووە...

ژمارەی هەموو ئەو مرۆڤانەی قەڵەون لە سەرتاسەری جیهان لە ئەمساڵدا 1670 ملیۆن کەس بووە...

ڕۆژانە پتر لە 25 هەزار کەس مردوون ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهان بەهۆی بەدخۆراکی توند و ئاسەوارەکانی برسیەتی...

ژمارەی هەموو ئەو مرۆڤانەی کە ئاوی پاکیان بۆ بەرجەستە نەکراوە لە ئەمساڵدا لە سەرانسەری جیهاندا پتر لە 840 ملیۆن کەس بووە...

کۆی ژمارەی لەدایک بووان پتر لە 140 ملیۆن کەس، کۆی ژمارەی مردنەکان پتر لە 59 ملیۆن کەس، ژمارەی ئەو کۆرپەلانەی لەباربردراون یان لەبارچوون نزیکەی 42 ملیۆن کۆرپەلە بووە، تێکڕای کوژراوەکان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ نزیکەی 1.35 ملیۆن کەس، مردن بەهۆی خۆکوشتن نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس...

لە سەرتاسەری جیهان لە ئەمساڵدا نزیکەی 375 ملیار دۆلار خەرجکراوە بە ئاشکرا لەلایەن هەموو ووڵاتانەوە بۆ کڕینی چەک...

لە سەرتاسەری جیهان لە ئەمساڵدا نزیکەی 400 ملیار دۆلار لەلایەن تاکەکانەوە خەرجکراوە بۆ کڕینی ماددە بێهۆشکەرەکان...

سەرچاوەی سەرەکی: سایتی www.worldometers.info ، سایتی (ۆرڵدۆمیتەرز) بە باشترین سایتی سەرچاوەی زانیاریەکان سەبارەت بە چالاکیەکانی مرۆڤ لە قەڵەم دەردرێت لە ئەمەریکا لەلایەن American.Library.Association.ALA کۆمەڵەی کتێبخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا...



ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved