مەنبەج نە کەرکوکە و نە خانەقین و شەنگالیشە

مەنبەج نە کەرکوکە و نە خانەقین و شەنگالیشە

ئارام رەفعەت


761 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کشانی کوردانی رۆژاڤا و کۆنترۆڵکردنی ئەو شارە لە ٢٠١٦دا لەسەر ئەو بنەمایە نەبوو کە مەنبەج شارێکی کوردی یان شارێکە لە جوگرافییای کوردستاندابوو. پێچەوانەی کەرکوک و خانەقین و توزخورماتوو و شەنگال و مەخمور کە هەم زۆرینەی کوردی هەبووە و هەم ناسنامەی کوردستانی و لە سنووری جوگرافیای کوردستانی دا بوون و هەن، لانی کەم لە مێژووی نزیکدا، مەنبەج شارۆچکەیەکی عەرەبی بووە و لە جوگرافیای عەرەبیشدا بووە و نە کورد تێیدا زۆرینە نەبووە و نە ناسنامەیەکی کوردی یان کوردستانی هەبووە (*). ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە مەنبەج و دەڤەرە فراوانترەکە، کە دەڤەری شەهبایە، نەبووە. کورد لە ژمارەیەکی بەرچاوی گوند و شارەدێکانی دەڤەری شەهبا دەژین، بەڵام لەم ناوچەیەدا، لانی کەم لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی سوریاوە لەسەدەی بیستەمدا، ئەم ئەتنیکی عەرەەبی و هەم ناسنامەی عەرەبی بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بووە و لەرووی مێژووییەوە، کورد کەمتر خۆی لەقەرەی خاوەندارێتی دەڤەری شەهبا، بە مەنبەجیشەوە، داوە. 

ئەوەی کوردی هاندا بەرەو مەنبەج بروات خودی ناسنامە و خاوەندارێتی مەنبەج نەبوو، بەڵکو ناچاری جەبری جوگرافیا بوو کە دەبوایە بۆ لکاندنی کانتۆنی عەفرین بە کانتۆنەکانی کۆبانێ و جەزیرەوە بە مەنبەج و ئەلبابدا بڕۆن. 

ئەگەر تەداخولی تورکەکان و هاوپەیمانییان لەگەڵ عەرەبە ئیسلامییەکانی سوریا نەبوایە و تورکەکان ئەلباب و دواتریش عەفرینییان داگیر نەکردایە، ئەوا مەنبەج دەبووە بەشێک لە پرۆژەی بەکوردی کردن یان بە کوردستانی کردن و لەدوارۆژێکی نزیکدا کورد دەیتوانی مەنبەجیش بکاتە بەشێک لە رۆژاڤای ئیماجینەری (تەخەییولی) . 

ئایا مەنبەج، بەو زۆرینە و ناسنامە عەرەبییەوە شایستەی ئەوە بوو کورد ئەو هەموو قوربانییەی بۆ بدات و دەیان رۆڵەی وەک ئەبوو لەیلای لەپێناودا بکاتە قوربانی؟ ئایا مەنبەج شایستەی ئەوە بوو کە کورد ئەو موغامەرەیەی بۆ بکات و لەپێناو مانەوە لەو شارۆچکەیەدا خۆی بخاتە بەردەم فشاری بەردەوام و لە رادەبەدەری تورکەکان؟ 
وەڵامەکە "بەڵێ"یە، بەڵام "بەڵێ"یەکی مەرجدار.

تا ئەو شوێنەی ئومێد هەبوو کە کورد بتوانێت عەفرین بپارێزێت و بە کانتۆنەکانی ترەوە گرێی بدات و هیوای ئەوەی هەبوو رۆژاڤایەکی یەک پارچە و لەیەک دانەبراو بونیاد بنێت و بیکاتە ئەمری واقیع بەڵی مەنبەج شایستەی قوربانی زیاتر بوو و ئەوەی رۆژاڤاییەکان کردییان کارێکی دروست و قوربانی دانێکی لە جێگای خۆیدا بوو.

بەڵام کاتێک بەهۆی غەدری مێژوو و جوگرافییا و زلهێزەکانەوە رۆژاڤاییەکان عەفرینییان لەدەست دەچێت، ئیتر مەنبەج ئەو بەهایەی خۆی لەدەست دەدات و چیتر شایستەی ئەوە نییە کە قوربانی تری لە پێناو بدرێت، بەتایبەت ئەگەر قوربانیدانەکە هەرەشەیەک بێت بۆ سەر تەواوی رۆژاڤا.

ئیستا رۆژاڤا شکڵیکت تری وەرگرتووە. لەبری هێڵێکی درێژی تەسک لە خاپورەوە لەم سەری رۆژهەڵاتەوە بۆ چیاێی کوردان لەوسەری خۆرئاوا، کە قابیلی پاراستنی کەم بوو، ئێستا رۆژاڤا هەرێمێکی یەک پارچەی شێوە سێگۆشەیە، ئەگەر کورد بتوانێت لەو هاوکێشە و ئاڵوگۆڕانەی ساڵی داهاتوودا خۆی بپارێزێت ئەوا لە داهاتوودا وەک یەکەیەکی جوفرافییایی قابیلی پاراستن و مانەوەی بۆ درێژماوە هەیە. ئەو یەکە جوگرافییە نوێیە لەباکوری خۆراواوە بۆ باشوری رۆژاوای بە بەربەستێکی سروشتی، کە روباری فوراتە، لەباقی سوریا جیا دەبێتەوە، ئەم بەربەستە سروشتییە جگە لەوەی بەربەستێکی ئەمنی رۆڵ دەبینێت، هەر زوو دەتوانێت لەرووی ناسنامەی تێریتۆرییەوە وەک بەربەستێکی ئیماجینەریش (خەیاڵ)ی لەنێوان رۆژاڤا و سوریای عەرەبیدا رۆڵ ببینێت. جگە لەوە ئەو یەکە جوگرافییایە لە باکوردا زۆرینەی کوردی تێدا نیشتەجێیە و درێژکراوەی زۆرینەی کوردی باکوریشە، کە ئەمەش بۆ هەر هێرش و پەلامارێکی تورکەکان لە داهاتوودا دەبێتە بەربەستێکی سەخت. لەهەمووشی گرنگتر ئەو یەکە جوگرافییایە زۆرینەی سەرچاوە سروشتییەکانی سوریای، لە سەرچاوە ئاوی و نەوتی وگازییەکانەوە لەخۆ گرتووە و کە ئەمەش لەرووی ئابوورییەوە توانای مانەوەی رۆژاڤا زیاتر دەکات.

مەنبەج لەدەرەوەی ئەو یەکە جوگرافییاییە. بۆیە ئەم شارۆچکەیە بە زۆرینە عەرەبییەکەی و بە بوونی لەدەرەوەی رۆژاڤای مەزن، هەمیشە خاڵێکی لاوازی رۆژاڤا دەبێت و کە بۆ پاراستنی هەم ئیمکاناتێکی مرۆیی و هەم دارایی زۆری دەبێت بۆ تەرخان بکرێت، ئەوە جگە لە سەریەشە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکانی. 

بۆیە لەم قۆناغەدا، دەسبەرداربوونی مەنبەج کارێکی ژیرانەیە و بەهیچ جۆرێک ناکرێت بە دەسبەرداربوونی کورد لە کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشور بەراورد بکرێت.

(*) دەوترێت دانیشتوانی مەنبەج بە ئەسڵ چەرکەس و ئەلبانین و تەعریب کراون.

ئارام رەفعەت




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved