یه‌كێتی بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

یه‌كێتی بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

عیماد عه‌لی


888 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له‌ مێژووی دوور و نزیكی شۆرشی نوێ و دامه‌زراندنی یه‌كێتی و به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بزانێت، باش ده‌زانێت كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پێكهاته‌ و فكر و فه‌لسفه‌ی ریكخراوێكی به‌ره‌یی وه‌ك یه‌كێتی و بناغه‌ی بیرو ئایدیۆلۆجیه‌ت و رێبازی یه‌كێتی و هانده‌ری شۆرشی مه‌ده‌نیانه‌ و دواتر سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی چه‌كداری بوو، له‌كوردستانی باشووردا.

 كه‌ یه‌كێتیش دامه‌زرا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌ شانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به‌ست و دواتر ریزه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن فراون كرد، كه‌ زۆر جار دوور له‌ هیچ پێوه‌رێك سه‌ركردایه‌تی به‌سه‌ریدا فه‌رز ده‌كرا، له‌ غیابی ئه‌و كه‌ڵه‌ شه‌هیدانه‌ی كه‌ بیرمه‌ند وسه‌ركردایه‌تی راسته‌قینه‌ و كۆڵه‌كه‌ی پته‌وی بنیاتنانی رێكخراوێكی سیاسی له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقعی وڵاتێكی وه‌ك كوردستان و بوژانه‌وه‌ی فكر و روحی به‌رخودانی خه‌ڵكی كوردستان بوون. 

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌ كه‌مێكی له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست كه‌متر له‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ی به‌ بیروباوه‌ڕی نوێگه‌ری و فكری گونجاوی پێشكه‌وتخوازانه‌ نه‌بێت، كه‌ له‌ شاره‌كان و زیندان و له‌ نێو رێكخستنه‌كانی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان و خه‌ڵكی تریش، ئه‌وانی تر كه‌ دواجار به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت جێگه‌ی خۆیان له‌سه‌ره‌وه‌ قایم كرد، زۆرینه‌یان خه‌ڵكانی زیزبووی دوو به‌ره‌كی و ململانێی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان و پاشماوه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و خه‌ڵكانی ئاواره‌ و په‌رشوبڵاوی تاراوگه‌ و زه‌ده‌دیده‌ی وه‌زعی ناله‌باری سیاسی كوردستان و راكردووی ده‌ستی بارودۆخی ناله‌باری عیراق بوون. 

هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ژماره‌ كه‌مێكی رێكخستنه‌ ره‌سه‌نه‌كانی نێوخۆ بوون كه‌ به‌ردی بناغه‌ی پێكهاته‌یه‌كی سیاسی خاوه‌ن كۆڵه‌كه‌ و بنه‌چه‌ی فكری ره‌سه‌ن و به‌رهه‌می ده‌ستی بژارده‌یه‌كی به‌توانای بیریار و عه‌قڵی باڵا و ئاستی هه‌مه‌چه‌شنیان، دانا و، دواتر بۆ گه‌شه‌كردنی رێكخراوه‌ سیاسیه‌كه‌ و خۆگونجاندن له‌ گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فكری و سیاسی و رۆشنبیری ئه‌و كاته‌ و كۆی گشتی وه‌زع و ژیانی گه‌لی كوردستان و له‌ خۆگرتنی گوشاره‌ی كۆی گشتی بیریی گه‌لی كورد به‌ گشتی نه‌ك نوخبه‌ی پێشكه‌وتوخواز و له‌ پێناو  خۆفه‌رزكردن به‌سه‌ر واقعه‌كه‌دا، پشتیان به‌ پاشماوه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و هه‌ندێك خه‌ڵكی تر به‌ست ( له‌مه‌شدا چه‌ندین ڕاوبۆچون هه‌یه‌ له‌باره‌ی راست و دروستی ئه‌م بابه‌ت و پره‌سنیپه‌، كه‌ ئایا هه‌نگاوێكی ستراتیجی راست ودروست بووه‌ یان گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ و لێدان بووه‌ له‌ پاك و خاوێنی شۆرشه‌كه‌ و ده‌رگا كردنه‌وه‌ بووه‌ به‌ ڕووی ئه‌وانه‌ی میراتگری سه‌لبیاته‌كانی شۆرشه‌كانی پێشوو بوون و هه‌ڵگری رق و كین و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و دژایه‌تی بوون، چ له‌ناخی خودی ئه‌وانه‌ بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تیان گرته‌ده‌ست یان له‌ ره‌فتار و چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی كاری سیاسی و عه‌سكه‌ری یه‌كێتی نیشتماتنی كوردستاندا ) لێره‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌ سه‌ركردایه‌تیانه‌ی ( كۆمه‌ڵه‌ی مراكسی – لینی) كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌دارن و شه‌هیدبونی شه‌هید ئارام دروست بوو، بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی رێگه‌ كراوه‌ بێت بۆ هه‌ر سه‌رێك هه‌ڵگری هه‌ر فكرێك و عه‌قڵیه‌تێك بێت بخرێته‌ سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌، كه‌ زۆرینه‌یان له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی مه‌سله‌كی و خاوه‌ن نه‌ریتی كۆنی خۆیان بوون و به‌ پشت ه‌ستن به‌ مێژووی تاكه‌كه‌سیه‌وه‌ خۆیان فه‌رز كرد و، تا دواجار ده‌ركه‌وت چۆن كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كه‌وته‌ ده‌ست كێ و به‌ چ فكر و عه‌قڵ و پشتخان وبۆچونێكه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كرا، كه‌ دواجار و له‌ دوای تواندنه‌وه‌ی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا، سكرتێره‌كه‌ی به‌ زمانی خۆی دانی به‌وه‌دانا ته‌نانه‌ت به‌خۆی باوه‌ڕی به‌و بیر و فكر و كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌ده‌ران نه‌بووه‌ و بۆ چه‌ندین ساڵ له‌به‌ر خاتری خاترداران بووه‌ به‌ سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌درانی كوردستان، كه‌چی به‌و شێوه‌یه‌ تاوه‌كو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی و توانه‌وه‌ی له‌ نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا له‌ سكرتێری ئه‌و رێكخراوه‌دا به‌رده‌وام بووه‌ و ئه‌و بیروباوه‌ره‌ دوفاقیه‌شی له‌ ئاست كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵگرتووه‌.  

ئێستا یه‌كێتی به‌ره‌و كوێ؟

مانگه‌شه‌و سه‌رله‌ئێواره‌ دیاره‌، وه‌ك ده‌ڵێن، له‌م بارودۆخه‌ زۆر په‌شێو و تێكهه‌ڵچوووه‌ بێ وێنه‌یه‌ی یه‌كێتی و ئه‌و ململانێ زۆر سه‌خت و ته‌سكبینیه‌ی باڵه‌كانی و پاش جیابونه‌وه‌ی زۆرێك و گه‌رانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازیانه‌ی خه‌ڵكێكی تر و نه‌بونی ناوه‌ندێتیه‌كی دیموكرات و خۆفه‌رزكردنی فره‌ كوێخایی و وه‌لائی شه‌خسی و ده‌رباری و مانه‌وه‌ له‌به‌ر نانه‌سك. ئایا له‌ قازانجی یه‌كێتیه‌ كۆنگره‌ ببه‌ستێت، یان روونتر بیلێین ڕێژه‌ی قازانجی له‌ زه‌ره‌ری زۆرتر ده‌بێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌شی ماوه‌ به‌ فیرۆ ده‌درێت و هه‌موو شتێك ده‌فه‌وتێت و خۆی ناگرێته‌وه‌، یان پاش چه‌ندین ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه‌ پێویست بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ پشتی پێ ببه‌سترێت و له‌سه‌ری یروات و ستراتیجیه‌تی راست و دروستی پێی دارێژێت، كه‌ ده‌بوو به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی به‌و رێكخراوه‌ خۆی و ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نهاش نه‌بێت، به‌ڵام  به‌ ناوه‌رۆكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی وبیرو فه‌لسه‌فه‌ تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌، ببه‌ستێت و، ده‌بوو ئه‌وه‌ی لای گرنگ نه‌بوایه‌؛ باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ناو و پێگه‌ی خه‌ڵكی جیاوازی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و سه‌ركرده‌ی كۆن و خاوه‌ن عه‌قڵی به‌سه‌رچوو و هه‌ڵگری بۆچونی حزبایه‌تی كۆن بێت پری بكه‌نه‌وه‌، ته‌نها له‌ پێناو زۆری و بۆری. 

پرسیاره‌كه‌ی له‌وێدایه‌؛ ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی وا له‌یه‌كێتی ده‌كات دووباره‌ له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت و بیری ره‌سه‌ن و تایبه‌تی خۆی بگرێته‌به‌ر و یه‌كێتیه‌كی خاوه‌ن ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی خاوه‌ن فۆرمێكی تازه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ باوردۆخی نوێ و له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وگۆرانكاریه‌ هه‌مه‌چه‌شنانه‌ی كوردستان وناوچه‌كه‌ و جیهان بێت و له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ دروست ده‌بێته‌وه‌ و، بیره‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی له‌ دوای ئه‌م كۆنگره‌یه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و دووباره‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ دیفاكتۆ و بیری واقعی سه‌ره‌تای دووباره‌ بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی یه‌كێتیه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ئاسا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، یان به‌ كۆنگره‌ ئه‌وه‌ش ماوه‌ له‌ناوده‌چێت وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن؟
عیماد عه‌لی




ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved