ئایا ئاهەنگی سەری ساڵ حەرامە؟

30/12/2018

عەزیز رەئوف

بەشێک لە پیاویانی ئاینی باس لە حەرامی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەکەن. خۆی بەشداری لە ئاهەنگ لای ئەم تایپە لە پیاوی ئاینی حەرامە، بەشداری لە ئاهەنگی سەری ساڵ بەمانای مەسیحیەت و یادەوەری کریسمس نیە ئەوەندەی بوونی بۆشاییەکی گەورەیە، کە کۆمەڵگەی کوردی لە دنیایەکدا دەژی کە کەمترین ئاهەنگی تێدایە. 

کاتێک کچ و کوڕەکەم داوای کڵاوی سورم لێدەکەن هیچ لە مانای کریسمس نازانن و گرنگیش نیە بزانن ئەوەندەی چێژ لە چوونەدەرەوە دەبینن. کۆمەڵگەی ئێمە خاڵیە لە ئاهەنگ تۆ هەر فتوا دەردەکەیت و خەڵکیش بەقسەت ناکەن لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی بێتاقەت بوون لە نەسیحەتی بێ بەدیل. تۆ بۆ قبوڵتە هەموو شتێکت لە دەرەوە بۆ بێت ؟ تەماشایەکی خۆت بکە لە جل و بەرگەوە بۆ خواردن، یەک شتم پێ بڵێ بەرهەمی خۆت بێ؟ لە مۆبایل و ئۆتۆمبیلەوە داهێناروی دەرەوەی خۆتن و قبوڵتە بەڵام مۆراڵی دەرەوەی خۆت قبوڵ نیە.

جا ئەوە حاجی لە سلێمانیەوە چووە بۆ ئەڵمانیا عەمەلیاتی چاوی کردووە، بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە خەڵکی وتیان حاجی چارەسەرەکەت چۆن بوو؟ حاجی وتی: بەڕاستی دکتۆری چاکیان هەیە نەخۆشخانەی باشیان هەیە بەڵام بەداخەوە ئافرەتیان زۆر رووتە و لەڕووی ئەخلاقەوە سفرن. حاجی بێئاگا لەوەی کە زانست بەشێکی پەیوەستە بە ئازادی جل و بەرگ و ئازادی ژیانکردنەوە. ئەو کۆمەڵگانەی کە تەداخول لە شەخس و جلوبەرگ و سلوکی ئەوی تر دەکەن، کەمترین محاوەلەی زانستیان هەیە. 

تۆ دژ بە خۆرئاوای بەڵام دژ بەو کەرەستانەی خۆرئاوانیت کە وەک مرۆڤێکی تەمەڵ و تەوەزەل بەکاریان دێنیت. ئوسامە بنلادن دژ بە خۆرئاوا بوو بە سیاسەت و کۆمەڵگە و بیناکانیەوە، بەڵام بن لادن کە کوژرا یەک جانتا پڕ دۆلاری ئەمریکی پێ بوو. بنلادن دژ بە پارەی ئەمریکی نەبوو بەڵام دژ بە سلوک و سیاسەت و شارستانیەتی ئەمریکی بوو.
مەلا لە کوردستان لە جل و بەرگەکەیەوە بۆ مایکی مزگەوت و کۆی پێدراوەکانی دەوروبەری، دروستکراوی  دەرەوەی وڵاتە، بەڵام دژ بە کڵاوی سوری کریسمسە. ئەم تایپە لە مەلا بەرماڵەکەی ژێریشی دروستکراوی وڵاتی سینە، بەڵام دژ بە هەر هەوڵێکی دەرەکیە بۆ تێکەڵبوون و کرانەوە و ئاهەنگ و دابەشکردنی پێکەنین.  

لە یادی کریسمس دا خەڵکی لە دنیا ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام لە یادی پێغەمبەری ئیسلامدا هیچ ئاهەنگێک نیە جگە لە مەولود و لاوانەوە و شیرینی ( گەورەترین مەترسی لەسەر مرۆڤ لە ئێستادا نەخۆشی شەکرەیە) . نەوەی ئێستامان ئەم فۆرمە لە یادەوەری ناوێت و ئەم جۆرە لە یادکردنەوە، نەوەی دنیای ئێمە لەم سەردەمەدا  تێر ناکات.

تۆ کریسمس حەرام دەکەی لەبەر ئەوەی یادکردنەوەی ئاینێکی ترە، ئەی خۆ ئاهەنگی نەورۆز و چوونەدەرەوەش حەرام دەکەی؟ کەواتە قسە لەسەر کریسمس نیە ئەوەندەی قسە لەسەر ئەوەیە تۆ دژ بە کرانەوە و ئاهەنگی. باشە ئەوە کورد ئاهەنگ ناکات، تەماشای درامای تورکی ناکات، ئەی چی بکات؟ تۆ دەبێت بەدیلت پێ بێت بۆ ئاهەنگ و بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئینسان لەم دەڤەرە. 

بۆ نمونە تۆ دەڵێی ڕۆژی خۆشەویستی (ڤالانتاین) حەرامە، ئەی بەدیلت چیە؟ تۆ ئەگەر بتەوێت کچان و کوڕانی ئەم عەسرە  وەکو داپیرە و باپیرە پەیوەندییان هەبێت ئەوە هەڵەی. تۆ ئەگەر بتەوێت نەوەی ئەم سەردەمە وەک نەنک و باپیرم هاوسەرگیری بکەن، ئەوا جگە لە ماندوکردنی دەروونی خۆت هیچی تر ناکەی. دەی تۆش وەرە ڕۆژی حەزرەتی عائیشە بکە بە ڕۆژی خۆشەویستی گوڵ ئاڵوگۆڕکردن، با خەڵک پەنا بۆ ڤالانتاین نەبات. تۆ وەرە لە یادی پێغەمبەری ئیسلامدا با هەموو جلی ئاڵاو واڵا بپۆشین، ئەوکات کەس یادی کریسمس ناکاتەوە. تۆ دەتەوێ کۆمەڵگە ڕەشپۆش و ڕەساسیپۆش بێت و پێت حەرامە ئافرەت بۆن لەخۆی بدا؟ ئیتر چۆن خەڵک پەنا بۆ یادکردنەوە دەرەکیەکان نابات.

ئەوە هاوڕێیەکم کە دیدێکی ئیسلامی هەیە بۆ دیاردەکان وتی کاک عەزیز دەزانی ئەو پەیکەرانەی سلێمانی شاریان ناشرین کردووە و هیچ هونەرێکیان تیا نیە؟ منیش وتم ئەگەر ڕەخنەت لە کارە هونەرییەکانە بۆ ئەوەی پەیکەری جوانتر هەبێت ئاساییە، بەڵام تۆ بۆ بەئاشکرا ناڵێی پەیکەر حەرامە و تەواو؟

تۆ مەڵێ ئاهەنگی سەری ساڵی زاینی حەرامە، بە ئاشکرا پێم بڵێ من دژ بە هەڵپەڕکێ و جلی ڕەگاوڕەگ و گۆرانی و سەیران و کرانەوەم. تۆ ڕاستگۆیانە بڵێ من دژ بە کرانەوەم. 

من و هاوسەر و کچ و کوڕەکەم لە کریسمسدا دەچینە دەر و بەشداری ئەم یادە دەکەین، منداڵەکانم کڵاوی سور لەسەر دەکەن وەک ساڵانی ڕابردوو، ئەگەر تۆش مژەی ئەوەم پێ دەدەی لەڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا دوور بکەویتەوە لە شیرینی و مەولود و دەف و سروتی ئاینی و موسوڵمانانی کوردستان بە جلی ئاڵاو واڵاوە یادی پێغەمبەری ئیسلام بکەینەوە، ئەوا لە ئێستاوە ناچمە دەر و خۆم بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مرۆڤایەتی ئامادە دەکەم.  لەیادی کۆچی پێغەمبەردا کە سەری ساڵی کۆچییە، خۆم و منداڵەکانم بە جلی ئاڵاو واڵاوە دێینە سەر شەقامەکان و یەک سڵاوات لێدەدەین لە دیداری پێغەمبەر سەلەڵاهو عەلەیهی وەسەلام.

عەزیز ڕەئووف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی