ئەگەرەكانی ٢٠١٩

31/12/2018

سەردار عەزیز

من هەرگیز حەزم لە فاڵگرتنەوەی سیاسی نیە، بەڵام ئاماژەكانی ساڵی داهاتوو بە باشی نابینم. كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان چی بە سەر دێت، كوردەكان خۆیان چی دەكەن، دۆخی ناوچەیی و جیهانی چۆن كاریگەری دەبێت لە سەریان پرسی قورسن لە سەردەمێكدا كە ناسەقامگیری و خێرایی گۆڕانكاری و ڕادیكاڵێتی وەرچەرخانەكان لە دەرەوەی پێشبینی زۆرینەن. بەڵام سەرباری ئەمە چەند ئەگەرێك دەخەینە پێش چاو:

ئەگەر یەكەم، كور و ئەمریكا! ئەم پەیوەندییە تراژیدیە زیاتر تراژیدی دەبێت لە ساڵی داهاتوودا. لە رۆژئاڤا دۆخێكی سەخت و ئاڵۆز لە ئارادایە. ئایا كشانەوەی ئەمریكا بە سودی كێ دەشكێتەوە، تورك و سوریا لە كێبڕكێدان بۆ بردنی ئەو میراتییە. بەڵام ئێران و روسیاش لە نزیكەوە روداوەكان ئاراستە دەكەن. ئەوە لێگەڕێ هێزەكانی تری وەك ئیسرائیل، وڵاتانی كەنداو لە گەڵ سعودییەدا. پەیەدە دەیەوێت ئەسەد بێتەوە ناوچەكە، لەمەدا وەها دەبینێت كە پشتیوانی روس و ئێرانیش بە دەست دەهێنێت. توركەكان خۆیان لە بەرەی ئەستانە، روسیا، ئێران نزیك دەكەنەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بە نزیك بونەوەی توركیا و ئەمریكا ئەم هاوپەیمانییە بگۆڕێت. كەس حەزناكات توركەكان سەر بكەون، ئایا ئەوان ئەوەندە هێزیان دەبێت كە بەرەنگاری هەموان بكەن. لە دۆخێكدا كە ئەسەد دێتەوە. بۆ نمونە ئیماراتییەكان پلان بوو هێز ئامادە بكەن بۆ سوریا، بەڵام بە گۆڕانی دۆخەكە لە بڕی هێز باڵوێزخانەیان لە دیمەشق كردەوە، بەحرەین زوتر هەنگاوی نا، بەم زوانە زۆرەبەی وڵاتانی عەرەبی بە دوایدا دێت و ئێستا میسر لە هەوڵی گەڕانەوەی ئەندامێتی سوریادایە بۆ كۆمكاری عەرەبی. هەموو ئەمانە ئاماژەن كە ئەگەر كشانەوە روبدات ئەوا چانسی ئەسەد زیاتر دەبێت. 

ئایا كوردەكان و ئەسەد ڕێك دەكەون، ئایا جۆرێك لە رێككەوتن دێتە ئاراوە، هەموو ئەمانە لە سەر هاوسەنگی هێزەكان وەستاوە. بەڵام ئایا كاتێك هەموو دونیا خەریكی سیاسەتكردنە دەبێت لە ساڵی ٢٠١٩ كورد یەك هەنگاو بچوك بچێتە پێشەوە و تۆزێك عاقڵ بێت و بتوانێت هاوپەیمانی دروست بكات. یان هەر لە دواكەوتووی و رق و كینە و ئایدەلۆژیایی ئیكساپەریی خۆیان بەردەوام دەبن؟؟

بەشی دووەمی تراژیدیای كورد و ئەمریكا لە باشورە. دۆخێك لە ئەگەری هاتنە ئارای هەیە، دەرچونی بریارێكە لە پەرلەمانی عێراقی دژ بە مانەوەی ئەمریكا لە عێراق. ئەم هەنگاوە ئێستا بە ئاسانی تێدەپەڕێت لە پەرلەمان. لە هەنگاوێكی وەهادا چی دەگوزەرێت؟ 

یەكەم، ئەگەری دەرچونی ئەم یاسایە هەیە، بەڵام كار بۆ جێبەجێكردنی نەكرێت، وەك هەنگاوێك بۆ نایاسایی و نا شەرعیكردنی ئەمریكا لە عێراق. ئەو هەڵایە كە لە سەر هاتنی ترەمپ نرایەوە بە جەختكردن لە سەر سەروەری عێراق زەمینەسازی بوو بەو ئاقارەدا. 

دووەم، هەوڵ بدرێت كە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ببیتە هۆی تەنگەگژە. لە دۆخێكی وەهادا ئەمریكا ئێستا لە ئامادەییدایە كە ئەو كەسانەی كە هەوڵی ئەم كارە دەدەن بیانخاتە ژێر ئابلۆقەوە. ئەمە هەنگاوێك دەبێت بۆ سەرەتایی كۆتایی پەیوەندی ئەمریكا و عێراق و سەرەتای ناسەقامگیرییەكی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی درێژخایەن. لە دۆخێكی وەهادا ئایا كوردستان چیدەكان. ئەگەری هەیە كورد پرسی مەترسی داعس بهێنێتەوە ئاراوە. پەرلەمانی كوردستان پێداویستی هێزی هاوپەیمانان دەربكات، لە هەبوونی مەترسی داعش یان كۆتایی نەهاتنی داعش. ئەگەر كارێكی وەها بكرێت، هێزەكانی تر هەڵوێستیان دەبێت، كاتێك لە عێراقدا یەك تاكە هێزی سەربەخۆ بوونی نیە، ئەوا ئەم هێزانە بە ریمۆت كۆنترۆل لە جێگای ترەوە دەوروژێنرێن. ئایا چ جۆرە ناسەقامگری و توندوتیژی و ململانێی لێدێتە ئاراوە.

سێیەم، ئەگەر هەیە هیچ بەرامبەر ئەمریكا رونەدات چونكە دەبێتە هۆی لاوازی عێراق. لاوازی عێراق لە كاتی ئابلۆقە لە سەر ئێران لە سودی ئێران نیە، لە دۆخێكی وەهادا، رەنگە بە زیانی ئێران بشكێتەوە. 

چوارهەم، ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی بهێنێتە كوردستان ئەوا دەبێت كوردستان چی بكات؟ ئایا كورد دەتوانێت پست بە ئەمریكا ببەستێت؟ یان چاری نیە.

دیارە هەموو ئەمانە كاریگەری هەیە لە سەر ناوخۆی كوردستان. دۆخی ناوخۆ زۆر دڵتەنگە، ئەو نوخبە سیاسیەی دێت وەڵامدەرەوەی دۆخە ئاڵۆزەكە نیە، بۆیە ٢٠١٩ چاوەڕوان دەكرێت سیاسی كورد خۆیان بە دۆخ و كاری هیچ و پوچەوە سەرقاڵ بكەن لە بڕی كاری جیدی و سەرەكی.

ئەگەر كات و دەرفەت هەبێت لە سەر ئاستەكانی تر فاڵگرتنەوەكانی خۆم دەخەمە بەرچاو. هیوای ساڵێكی خۆش و پڕ لە سەقامگیری بۆ هەموان!

سەردار عەزیز

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی