حساباتی ساڵی نوێ

31/12/2018

ستران عەبدوڵڵا‌

ساڵی تازە دێت داخۆ چۆن دەبێ؟ ھەر شەممە بەیەك شەممە و ھەردوكیان بە كۆتایی ھەفتە دەسپێرین؟ دیارە كە واشمان كرد لێی ئاسانتر نییە ھەفتە و مانگەكانیشی ھەر وا لێ بكەین.هەروا بە رێكەوت و نادیار و لێڵی بسپێرین گوایە ئاشی نەزانە و خوا دەیگێرێ.؟ 

كێشە ئەوەیە ئێمە نازانین خوداش ھەر مودەتێك ئاشمان دەگێرێ و ئیتر دوای ئەوە خوا (كێو نەبینێ بە فری تێ ناكات).

دیتنم وایە وێستگەی ساڵ و بۆنەكان لەخۆیاندا نابنە باعسی گۆرانكاری و پێداچوونەوە ، بەڵام مەعلومیشە لەنەریتی تۆمار و دەفتەری حیسابدا وادە و كاتەكان جەرد و پێداچوونەوەش دەكەنە پێویستی. وەبیرئانینی بەروارەكانیش كە خەڵكان ھان دەدا ئەم ھەڵسانگاندنە بكەن دەبێتە ئەنگێزە بۆ ئێمەو خەڵكی تریش كە سەعاتەكانمان بەگوێرەی میلی گشتی قورمیش بكەین.

ئەم خولیا و پەژارە گشتییە ئەرك دەخاتە سەرشانی ئێمەش كە گەرەكە ساڵی نوێ ھەروا بەرێنەكەین.

جا با كەیسە تایبەتییەكانی ھەر یەكێكمان لەدەفتەر و جزدانی خۆمان بێت ، بەڵام خۆ كەیسە گشتییەكان بۆ ساڵی تازەی 2019 خەمی گشتیین و ناچارین لەگەڵ یەكدا بەشی بكەین.

لەخەمی گشتی رەوشی نالەباری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانەوە دەستپێدەكەین و لەم كورتە نووسینەدا ھەر بەو ئیكتفا دەكەین كە چەترێكی گشتی و تایتڵێكی بەفرەھە بۆ كۆی جولەی سیسییمان.

راستە ئەم چەترە كارەكتەرە سەرەكییەكەی ناوی كوردایەتییە ،بەڵام رەنگاورەنگی رەوتە سیاسیی و فیكرییەكانی كوردستان و فراوانی، یان تەسكی و جیاوازی ، ھەریەك لە كایەكانی بەگوێرەی بایەخپێدانەكانی لەنێوان كوردستانێتی و دەڤەرێتی و ناوچەیی نفوز ، كوردستانی سەرتاسەری و كوردستانی ھەر بەشێك. و كوردستانی رەسمی دانیانراوی ھەرێم و كوردستانی دابڕاوی كێشە لەسەر...

ھەموو ئەمانە وایكردووە زەحمەت بێت كە وەكو جاران ھێڵی سەرەكی رەوایی و شایستەیی جولەی سێاسیی كوردستانییان ھەر لە كوردایەتیدا قەتیس بكەین بە ھەردوو دیوی كوردایەتی نەریتی و كوردایەتی پێشكەوتنخوازیشەوە.

لەبیرمان نەچێ رووداوەكانی دوو سێ ساڵی رابردوو درزێكی وای كردۆتە ناو بازنەی سیاسەتی كوردستانییەوە كە بە ئاشكرا خەتی عێراقێتی بێ تەدارووك و (بەڵام و ئاخر ) خۆی دەنوێنێ و بێ ئەوەی باڵاپۆشی فیكری لەبەر بكا بانگەشی تێزی جارانی زیندوو كردۆتەوە.

دۆخی كوردایەتی وایە دوای بەسەرھاتەكانی كات و دوای ریفراندۆم تووشی پاشەكشێ و شۆكی پێكوتەبووە لەبەر ئەوە ئەركەكانی ھەرێمی كوردستان ، عێراق و لە ناوراستیشدا كەركوكی بەرێكوپێكی پێ جێبەجێناكرێت. كە ئەم كەیسانە بەشێكی سیاسەتی رەسمی كوردستانییە. كەیسەكانی تریش وەك مشتوماڵكردنی ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئامادەكردنی بۆ قۆناغەكانی دواتر وەك بزووتنەوەیەكی رەسەن كەلەسەر پایەی بەغدا و كوردستان قایم كراوە ناتوانن گوڕ وتین بدەنە بەر ئێمە و لەجێی خۆیان بجولێن.

لەم دووڕیێانەدا خەسڵەتی ھەرە دیاری ساڵی نوێ و بێگومان ساڵانی داھاتووش ئەوەیە كە لەبەر ئەوەی دیموگرافیای سیاسیی و بەڵانسی ھێزە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی كوردستان بە ڕەوا و ناڕەوا گۆڕانیان بەسەر ھاتووە بۆیە ئاساییە كە بەداخەوە بیرۆكە باش و چارەسەرییە چاكەكان ھەر لە بنەڕەتدا پیادە نەكرێن و ئێ ئیتر خۆدواجاریش تاقی ناكرێنەوە و كاریان لەسەر ناكرێت . وەكو وابوو ناتوانرێت ئەزموونی ھەڵە و راستیان لەسەر بكرێن و دەستكاری باشیان لەسەر بكرێت. 

لەبەر ئەوەیە پێشنیاز دەكەم سەرەتای ھەڵسەنگاندنی نوێ بەو پرسیارە دەست پێ بكەین كە ناو لەم قۆناغە بنێین بۆ ئەوەی بە گوێرەی ئەوە ناوەرۆكی پێ بدەین و كاری لەسەر بكەین كە ناومان لە قۆناغەكە نا دەتوانین برینەكان سارێژ بكەین وادە و بەڵێن بۆ قۆناغی تازە دووپات بكەینەوە كە كەرەستە و ئامراز و بگرە وزەی جێبەجێكردنیان بۆ دابین بكەین. لە كوێ نەزیفمان ھەیە رایبگرین و لە كوێ پاشەكشێمان ھەیە دانیپێدابنێین و لەوێوە تێھەڵچینەوە.

ستران عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە