سەرۆكایەتی هەرێم لە نێوان پێویستی و راگرتنی هاوسەنگیدا

31/12/2018

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د

هێنانەپێشەوەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كوردستان لەم قۆناغەدا ئەوەندەی بۆ راگرتنی هاوسەنگی نێوخودی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوەندە ئامانج لێی پێویستی دیاریكردنی سەرۆكێك نیە بۆ هەرێم، چونكە لە قۆناغێكدا كە لێكەوتەكانی ریفراندۆم بووە هۆی لەدەستدانی زیاتر لەسەدا پەنجای خاكی هەرێم و گەمارۆی گەشتەكانی فرۆكەخانەو زۆر قەیران و ئاستەنگی تر، وەك كاردانەوەی ریفراندۆم لەلایەن حكومەتی پێشووی عیراقەوە بەرامبەر هەرێم جێ بەجێكران، بەبێ بونی سەرۆكی هەرێمیش، سەرۆكایەتی حكومەت (سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت) توانیان قۆناغەكە تێبپەرێنن و بەبێ هیچ لێكەوتەیەكی تری سلبی(كەهەرێم زیاتر بەرەو لێكترازان ببات) توانرا هەرێمی كوردستان تا ئاستێك بگەرێندرێتەوە دۆخی جارانی، هەموو ئەو هەنگاوانەی ئەوكاتەش لە غیابی سەرۆكی هەرێم و خودی ئەو دامەزراوەیەدا ئەنجامدران و دواجاریش رێكەوتنێكی ژێر بەژێری پارتی و گۆڕان سەرۆكایەتی هەرێمی وەك دامەزراوەیەك كە زۆرترین ناكۆكیە سیاسیەكانی لە هەرێم دروستكردبوو،بەتەواوی سركرد.

هەڵبەت ئەم هەنگاوەی ئەوسای گۆڕان وپارتی بە ئامانجی جیاوازبوو، هەرلایەنێكیان بۆمەرامێكی سیاسی و حیزبی و كەسی تایبەت ئەم كارەیان جێ بەجێكرد، پارتی بۆ رزگاربوون لە ئیحراجی دەرنجامەكانی ریفراندۆم و گۆڕانیش بۆ ئەوە ئەم هەنگاوەی هاوئاوازی پارتی جێبەجێكرد، تاوەكو یەكێتی جارێكی تر سەرۆكی هەرێم هەوتای سەرۆكایەتی كۆمار نەكات و چیتر یەكێتی وەك حیزبی سەرۆك كۆمار نەمێنیتەوە، بەڵام رۆژگار ئەم خواست و بۆچوونەی تەواو پێچەوانەكردەوە، چونكە یەكێتی توانی لە رێگەی پەیوەندیەكانی كاندیدەكەی وەك تاكە كاندیدو بژاردەی یەكێتی( نەك لایەنەسیاسیەكانی تر) لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەربخات و پارتیش كە لە ئێستادا ناوماڵی حیزبەكەی پێویستی بە دوو پۆستی سیادی و گرنگ هەیە لە هەنگاوەكەیدا كورتبین دەرچوو،
چونكە ئێستا ئەوەندەی پارتی پێوستی بەكاركردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەندە ئەم پۆستە پێویستی قۆناغەكە نیە.

پارتی دەیەوێت لەرێگەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و كاندید كردنی خودی نیچرڤان بارزانی باڵانس بۆ نێوخۆی پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانیش بگەڕێنێتەوە، چونكە سەرۆكایەتی هەرێم و كاندیدكردنی نێچیرڤان تاكە بژاردەی بەردەم ئەم حیزبە تاوەكو لە ئاشوبی نێوخۆیی رزگاری بێت، بەپێچەوانەوە بەبێ كاراكردنەوەی ئەم سەرۆكایەتیە هەروا بەو ئاسانیە مەسرور بارزانی ناتوانێت چوارساڵی داهاتوو لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم درێژە بەكارەكانی بدات.

ئێستاخەمی سەرەكی پارتی بۆ داهاتوو لەپاڵ سەرپێ كەوتنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامانجی ئەوەی مەسرور بازانی وەك یەكەم ئەزمونی سەركەوتووبێت وكابینەكەشی زوو پێك بهێندرێت خەمێكی تریشی هەیە،چونكە بۆ پارتی گرنگە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو لەناو بازنەی حوكرانی هەرێمدا شوێنێك بۆ نێچیرڤان بارزانی بكاتەوە، هەرلەم چوارچێوەیشدایە پرسی گەرم و جدی كە پارتی لە رێگەی لیژنەی دانوستانی حیزبەكەیەوە كردویەتی بە سەرەتاو دەسپێكی گفتوگۆكان، وەرگرتنی گەرەنتی یەكێتیە تاوەكو نێچیرڤان بارزانی وەك تاكە كاندیدو بەبێ ركابەر بكاتە سەرۆكی داهاتووی هەرێم. چونكە بەخوێندنەوە بۆ رووداو پێشهاتە سیاسیەكان ئەوە دەبینین پارتی بەبێ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و وەرگرتنی زەمانەت بۆ كورسیەكەی نێچیرڤان بارزانی، هەرگیز نایەوێت قۆناغی داهاتووی گفتوگۆكان دەستپێبكات ،كە لە پاڵ هەندێك گرفت و ئاستەنگی تریش لە وێنە گشتیەكەشیدا ئەمەش یەكێكی ترە لەو گرفتانەی كە رووبەروی ئەم قۆناغەی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەبێتەوەو پێكهێنانی حكومەتی نوێش تادێت ئاسۆی پێكهێنانی دوورتر دەبینرێت.
یەكێتی هەڵبەت بەروونی ئەو پەیامەی بەپارتی گەیاندووە كە سەرۆكی هەرێم یەكسان نیە بە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، چونكە سەرۆكی ئێستای كۆمار وەك كاندیدی یەكێتی (نەك لایەنە سیاسیەكان و یەكێتی) توانیویەتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئاشكراشە تادواساتەكانیش پارتی كاندیدی هەبووەو دواجاریش كاندیدەكەی شكستی هێناوە.
بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆكی داهاتووی هەرێم هەروا كارێكی ئاسان نیە، پارتی بیەوێت بە شەو رۆژێك تێی بپەرێنێت ودوای ئەویش رێگاكانی پێكهێنانی حكومەتیش فراوانتربكات.

لەراستیدا واقعێك هەیە كە پارتی نایەوێت لەم كاتەدا دانی پیابنێت، كە دواجار ناچارە وەك راستیەكی حاشاهەڵنەگر مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەویش ئەوەیە ئەم قۆناغە سیاسیەی هەرێم لەگەڵ رابردوو جیاوازەو كۆی جیاوازیەكانیش پێویستیان بەرێكەوتنێكی تری سیاسی هەیە، كەپێویستە ئەم رێككەوتنە لەنێوانی یەكێتی و پارتیدا ئەنجامبدرێت، هەڵبەت بۆ ئەم هەنگاوە یەكێتی هەم ئامادەكاری كردووەو هەمیش ئامادەیی پیشانداوە تاوەكو لەرێگەی رێككەوتنێكی سیاسی (بەڵام بەتام و بۆی شەراكەتی راستەقینە) لەگەڵ پارتی هەماهەنگی بكات و لەو رێگەیەشەوە یەكێتی وەك هێزێكی گرنگ و خاوەن مێژوو سەنگ و قورسایی، بەشداری راستەقینە لەحكومەتدا بكات، كە لە رێگەیەوە پارتی هەم ئاوێك دەكات بەئاگری ناوخۆیی حیزبەكەی و هەمیەش ئاودەكات بە ئاشی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەنگاوەكانی كاروانی قۆناغێكی نوێش خێراتر دەكات.

 

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی