عەرەبانەکان جوانن،کۆشک و ڤێلا و کەژاوەی سەیارەکانتان ناشیرنن ..!

01/01/2019

بەشدار عوسمان

خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی هەولێر ئامادەیە لەسەر جادە و شۆستەکان بە سەرما و گەرمای بەتین پێستی لەشی بسوتێنێت بتەزێنێت تاکو شەرفمەندانە نانێک بۆ شەوانی مناڵەکانیان پەیدا بکات،ئەوان بە نان و ئاوێک رازین کەچی کاربەدەستان ئەو ژیانەشیان پێ شک نابەرن عارەبانەکانیان دەسوتێنن یان ناچاریان دەکەن هێندە بێزار بن هەموو سەروەت و سامانی ماڵ و منداڵیان کە ئەو عارەبانەیە لەبەرچاوی خۆی بسوتێنێت، کە من دڵنیام لەگەڵ گڕی دار و تایەی عارەبانەکان کزە بەجەرگیاندا هاتووە ! لەکاتێکدا خۆیان لەسەر خوێن و قوربانیدانی هەر باوک و برا و ئەو گەنجە کاسبکارانە ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان دورست کردووە .
عارەبانەی ئەو گەنجە ئازیزانە، جوانترین سیمای شارە کە نایانەوێت لە بەردەرگای بەرپرسان بۆ پاروویەک نان دابمێنن یان بیانکەنە چەکدار و لەبەرەکانی شەڕدا بەکوشتیان بدەن یان لە کوچە و کۆڵانەکاندا کاری جاسوسیان پێ بکەن،ئەوە کۆشک و ڤێلا و کۆمپانیا و بانق و ژێر زەمینەکانی ئێوەیە ناشیرنن و رەزاگرانن کە بە سەروەت و سامانی هەر ئەو کاسبکارانە شوشەبەند دەکرێن و بەرزدەکرێنەوە ،ئەوە کەژاوەی سیارە و قەمەرەکانی ئێوەیە سیمای شەقامەکانی ناشیرین کردووە ،نەک عارەبانەی سەوزە و میوەی کاسبکاران !

خەڵک رۆژ بەڕۆژ هەژارتر دەبێت، کۆشک و تەلاری رازاوە و بێ ئەمسەر و ئەوسەری ئەوان، کەژاوەی ئۆتۆمبیل و کۆمپانیا دەوڵەمەندەکانیان زیاتر دەبێت. تەواوی بازارو جومگە سەرەکیەکانی بازرگانی کوردستانیان پاوان کردوە ، شەقامەکانیش بە خەڵک راوا نابینن ،رۆژانە دەبینین و دەبیستین لە ڕاپۆرتی رۆژنامە و ئاژانسە جیهانیەکان و لە دەمی سەرچاوەی بانکە جیهانیەکاندا، ئەندامانی ئەم دوو بنەماڵەیە و دەوروبەرەکانیان خاوەنی دەیان ملیار دۆلارن .

لەماوەی ٢٥ ساڵی حوکمداری هەموو شتیکیان لەبەردەست بوو،کەچی بچوکترین کارگە و پرۆژەی وەبەرهێنانیان دورست نەکرد تا گەنج و هاوڵاتیان بخەنە سەر کار،هەموو خەڵکیان لە فەرمانگە بێ بەرهەمەکانیان کۆکردووە و ئیستاش قەیرانێکی سەختیان بۆ خەڵک دروست کردووە و سەرەتاترین مافی خۆیان کە مووچەیە نایدەنە خەڵک و نەوت دەفرۆشن و باج و سەرانە وەردەگرن حیسابی کۆنتۆ و خەزێنەکانیان ئەستوورتر دەبێت،لەملاشەوە خەڵکیان لەنێو وەزعیەتێکی کەمەر شکێن راگرتووە،کەچی رێگاش بەخەڵک نادەن بە عارەبانە دەستفرۆشی بکات و ئێواران قوتویەک شیر بۆ ساواکەی بەرێتەوە و بەیانی دینارێک بداتە دەست مناڵەکانی بۆ قوتابخانە .
هەموو شتێک لە بارکی دەپچڕیت، بەڵام زوڵم و ستەم لە ئەستوری ..!
بەشدار عوسمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی