رۆژئاوا لەنێوان هەولێر و قەندیل-دا

02/01/2019

ئاسۆ حاجی

دوای بڕیارەكەی تڕەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا ئەوەی بەهانای كوردانی رۆژئاوا چوو دۆستانی گەلی كوردستان بوون لە پێش هەموویانەوە فەڕەنسا و ژمارەیەك لە سیناتۆرەكان و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریكا بوون،ئەوان بزاڤێكی گەورەیان كرد و هەڵوێستی گەورەتریان نیشان دا،بەڵام ئەوە گرنگە بزاندرێ چەقی ئاراستەكردنی ئەو بزاڤە هەولێری پایتەختی باشوری كوردستان بوو.

هێوربوونەوەی بارودۆخەكە و ساربوونەوەی توركیا بۆ هێرش كردنە سەر رۆژئاوا ئەگەر هۆكارە سەركیەكەی هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان بێ،بەڵام بۆ دوورخستنەوەی یەكجارەكی مەترسیەكان لە سەر رۆژئاوا ئەوە پەكەكە دەتوانێ رۆڵێكی باش بگێڕێت بە لە بەر چاوگرتنی ئامۆژگاری دۆستانی كورد لە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو پێشكەشی ئیدارەی پەكەكەیان كردووە لە رۆژئاوای كوردستان.

ئەمریكا چەند ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیەدە لە قەندیل داببڕێ و ناو  و ناونیشانێكی دیكەی بداتێ كە بتوانێ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بكات،ئەمریكا لە گۆڕینی ناوی یەپەگە بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و تێكەڵكردنی كورد و عەرەب و مەسیحی و توركمان لەو هێزانەدا ئامانجی ئەوە بوو كە پەیەدە هەمان رێچكە بگرن و خۆیان لە فەلسەفەی ئۆجەلان و فەرمانەكانی پەكەكە دوور بخەنەوە چونكە پەكەكە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا لە لیستی تیرۆرە،دوا پەیامی ئەمریكاش بۆ قەندیل و پەیدە دیاریكردنی بڕێك پارە بوو بۆ ئەو كەسانەی سێ سەركردەی بڕیار بە دەستی قەندیل رادەستی ئەمریكا دەكەن،بەڵام پەكەكە بە گرەو كردن لە سەر فاكتەر و خوێندنەوەی دیكە لاملیان كرد.

لە دواین كۆنگرەی ئیدارەی زاتی باكوری سوریا كە ماوەیەك پێش ئێستا لە رۆژئاوا بە داوەتكردنی ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی جیهانی بەسترا، ئەو كەسایەتیانە جارێكی دیكەش ئەوەیان بە سەركردایەتی پەیەدە راگەیاندووە كە بەردەوام بوونیان بەو شێوەیە كۆتاییان نزیكتر دەكاتەوە،جا چ بە ناچاربوونیان بە رادەست كردنەوەی هەموو شتێكیان بە رژێمی بەشار ئەسەد یان ئەوەتا توركیا هێرشیان دەكاتە سەر و هەموو شتێك لەناو دەبات،بۆیە پێویستە چاكسازی لە فۆڕم و ئامانج و دروشمەكانتان بكەن هەروەها لە شێوەی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا.

گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی هەولێر و دهۆك ئەگەر بە درەنگەوەش بێت بەڵام ئومێدی بەهێزبوونەوەی ئیدارەی رۆژئاوای لێدەكرێ،چونكە لەلایەك توركیا هێورتر دەكاتەوە بەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانان دەست و زار كراوەتر دەكات لە بەرامبەر توركیا كە چیتر ئەو ناوچەیە وەك مەترسی نەزانێ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی وەك بانگەشەی بۆ دەكات،لەلایەكی دیكە دەستی رووسیا كوتتر دەكا لە دوولاوە،یەكەمیان رووسیا چیتر توركیا وەك كارتی ترساندنی كورد ناتوانێ بەكاربێنێ بۆ ئەوەی ناچاریان بكات ناوچەكانیان رادەستی ئەسەد بكەنەوە،دووەمیان ئیدارەی زاتی ئەگەر بیەوێ لەگەڵ بەشار ڕێكبكەوێ و دانوستانی لەگەڵ بكات ئەوە وەك ئێستا بە تەنازولەوە لە بەرامبەریان دانانیشن و هەرچی ئەوان بڵێن قبوڵی بكەن.

بە كورتیەكەی سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان پێویستی خۆیان لە قەندیل داببڕن و شتێكی نوێ بئافرێنن كە لەگەڵ بارودۆخی رۆژئاوا و بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد یەك بگرێتەوە نەك وەك پاشكۆی قەندیل و بەشێك لە ئەجێندای ئیقلیمی كەلكیان لێوەربگیرێت و بەكاربهێندرێن،شەڕی خەندەك لە باكوری كوردستان كە باكوری كردەوە سەربازگەیەكی گەورەی سوپای توركیا و سەركردە مەدەنیەكانی باكوری خستنە زیندان و شەڕی دۆڕاندنی عەفرین ئەو ئەنجامەیە كە چاوەڕوانی رۆژئاوای كوردستان دەكات كە لەوە زیاتر فەرمانەكانی قەندیل وەك دەقی پیرۆز تەماشا بكەن.

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی