ستۆپ برادەرینە !

03/01/2019

ئارێز عەبدوڵڵا


شەوی رابردوو لە ھەولێر ئاسایش بە شێوەیەکی نایاسایی ھەڵیکوتایە سەر ماڵی کاک پێشڕەو وەیسی و دەستگیریان کرد، لەھەمان کاتیشدا ھەلکوترایە سەر ماڵی کادیرێکی تر بەناوی لێزان بەکر بەڵام ئەو نەکەوتە بەردەست. ئەو رووداوە دەنگدانەوە و رەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەیە، چونکە ئەو ھەڵسوکەوتانە ئاماژەی مەترسیدارن بۆ ئایندەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ھەولێر بەتایبەت. لەوە سەیرتر پاساوی ئاسایشە کە گوایە لەبەرامبەر دەستگیر کردنی ئەندامێکی پارتی لەگەرمیان ئەو کارەکراوە!.. بەداخەوە. 

دەستگیرکردنی کەسێک لە بری کەسێکی تر کارێکی نادەستوری و ناقانونی و نا مرۆڤایەتیشە و ھەر کەس و لایەنێک بیکا ئەبێ رووبەڕووی سزا بکرێتەوە. دیارە ئەگەر ئەندامەکەی پارتی بەشێوەیەکی نایاسای دەستگیر کرابێ پێویستە دامودەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەت رێکاری یاسایی لەبەرامبەر بگرنەبەر نەک مۆرکی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوەخۆ زەق بکرێتەوە. ھەڵکوتانە سەر ماڵان و دەستگیر کردنی ھاوڵاتیان جا چ سیاسی ،چ رۆژنامەنوس و چ ئاسایی  بن دیاردەیەکی مەترسیدارە و بەتایبەت لەم قۆناغە کە خەریکە کابینەی حکومەت دەگۆڕێ. ئێستا خەڵکی چاوەڕوانی کار و خزمەتی زۆر ترو باشترن، نەک دەسەڵاتێکی پۆلیسی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی