لەنێوان فرسەت سۆفی و ئەندامانی دیكەی پەرلەمان

04/01/2019

سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی

لەگەڵ تەوابوونی خولی چوارەمی پەرلەمان لە دواین دانیشتندا، كە لە 6ی تشرینی یەكەمی 2018 بەڕێوەچوو، دوای دانیشتنەكە ڕاستەوخۆ "حازم ئیسماعیل" بەڕێوبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، هاتە ناو باڵەخانەی پەرلەمان و سەردانی ژووری سەرجەم فراكسیۆنەكانی كرد، بەمەبەستی دابەشكردنی فۆرمی خانەنشینی بەسەر ئەندامان، ئەوكات هیچ ئەندامێكی پەرلەمان بە سەرجەم فراكسیۆنەكان جگە لە "فرسەت سۆفی" فۆڕمی خانەنشینیان ڕەتنەكردەوەو هەموویان داوای خانەنشینبوونیان كرد.

فراكسیۆنی پارتی بە ڕەتكردنەوەكەی فرسەت سۆفی ڕازیبوو، بەومەرجەی نەیدات بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، تاوەكو نەیكاتە موزایەدە لە دوای هاتنەدەرەوەی لە باڵەخانەی پەرلەمان.

دوای ئەوەی مامەڵەی خانەنشینی بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان، لە لایەن دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و بەڕێوبەرایەتی گشتیی خانەنشینی ئەنجامدرا، دواتر ئەندامانی خانەنشینكراو چوونە بانكی قەڵا، بۆ وەرگرتنی پارەی ئیكرامیەی (52) ملیۆن دینار، بەپێی زانیارییەكان لەوكاتە بانكی ناوبراو، بڕی پارەی پێویستی نەبوو بۆ پێدانی گوژمەیەی یەكەمی ئەو پارەیە كە (17 ) ملیۆن دیناربوو بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێك، ناچار لە ژێر فشاری ئەو ئەندامانە لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، ئەو پارەیەی تەحویل كرا بۆ بانكی ناوبراو.

ئەگەر بەپێی یاساش پێدانی موچەی خانەنشینیی و ئیكرامیەكە ئاسایی بێت، ئەوا ئەو 16 پەرلەمانتارەی كە دووبارە هەڵبژێردرانەوە بۆ پەرلەمان، نەدەبووایە ئەو 52 ملیۆن دینارە وەربگرن.

بەشێكی زۆری ئەو ئەندامانەی پەرلەمان، كە دووبارە بوونەوە ئەندامی پەرلەمان بە وەزارەتی دارایی و بەڕێوبەری بانكی قەڵایان ڕاگەیاندبوو: بۆیە ئەو پارەیە وەردەگرن چونكە هیچ گەرەنتیەك نییە، لە خولی داهاتوودا پارەی ئیكرامیەو خانەنشینی بمێنێت.

ئەو شانزدە ئەندام پەرلەمانەش بریتیبوون لە : ( ئومید خۆشناو، ڤاڵا فەرید، رێواس فایەق، بێگەرد تاڵەبانی، عباس فەتاح، یوسف محمەد، بەهار محود، علی حەمە ساڵح، سۆران عومەر، هەورەمان كەنجێنەیی، شێركۆ جەودەت، ئەبوبەكر هەڵەدەنی، ئایدن مەعروف، مونا قەهوەچی، عبداللە حاجی محمود، محمد سەعدەدین).

لە هەمووی سەیرترو ئەوەیە: بەشێك لەو كەسانەی خانەنشین بوون، ماوەی بوونیان بە ئەندام پەرلەمان، لە نێوان 8 مانگ بۆ ساڵێك بوو كەچی بەموچەی 60% خانەنشینكراون، كە دەكاتە 4 ملیۆن 920 هەزار دینار.

ئەمەی خوارە لیستی خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانە لە خولی ڕابردوو، كە یوسف محەمەد وەكو سەرۆكی پەرلەمان بە (9 ملیۆن 760 هەزار دینار) خانەنشینكراوە، هەرچی جێگرو سكرتێری پەرلەمانە بە ( 8 ملیۆن 760 هەزار دینار) ، ئەندامانی دیكەی پەرلەمان كە چوار ساڵ پەرلەمانتاربوون بە (6 ملیۆن 560 هەزار دینار) خانەنشینكران، ئەو كەسانەشی كە لە دوو ساڵ كەمتر خزمەتی پەرلەمانیان هەبوو بە (4 ملیۆن 920 هەزار دینار) خانەنشینكراون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی