رێك كەوتنی ستراتیژی‌و شتی تر

04/01/2019

لەتیف فاتیح فەرەج

1
رونكردنەوەكەی تاریق نوری ئەوەی روداو بڵاوی كردبوەوە ، نیشانەی ئەوەیە كە ئێمە هێشتا لە دۆخی شەڕی ناوخۆدا دەژین " لە شەڕی ناوخۆش قێزەونتر " ، ئاخر لە ڕێی خودا گرتنی كەسێك لە گەرمیان بۆ دەبێت یەكسەر گرتنی كەسێكی لە هەولێر بە دوادا بێت ، ئەمە چ نەریتێكە چیرۆكی خەرمان سوتاندن و شتی ترمان بیر دەخاتەوە ، دەبینن ئێستا ئێمە چەند لە دوای دنیاوەین ، خۆ ئێمە دروشمی قەبەی دیموكراسی و دادپەروەری و لێبوردەیی بەكار دێنین ، ئەو كارە لە كوێی ئەم دروشمانەدایە .

2
ترەمپ وتی كوردەكان نەوت دەفرۆشن بە ئێران ، ئەو تۆزە نەوتەی هەیانە ، ئێران پێویستی بە نەوتی كوردە یان نا ، ئەوە شتێكی دیكەیە ، ترەمپ نەیووت یەكێتی ، نەشیووت كوردی كوردستانی عیراق " باشوری كوردستان "ئەوە خێرە ئەمە وا لێكبدرێتەوە كە ئەو مەبەستی یەكێتیەو ئەوەش هەڕەشەیە ، یەپەگە هەواڵەكەی بە تەواوی بڵاو كردەوە ، ئەم نەریتە ناشرینەی یەكێتی و پارتی دەرهەق یەكترو كورد بەگشتی هۆیەكی سەرەكی وەستانی كوردە لە جێی خۆی .

3
كەركوك بە هاڤاناو بای حەسەن و نەوتەكەیەوە دڵ و قودس بوو ، نەك خاك و خەڵكەكەی ، چ ئاوەزێكە ئەم كوردە حەیاتە هەیەتی ، ئاخر خێرو بێری ئەم هەموو پاشقولدانە لە یەكتر لە پای چی ، ئەوە كاتی خۆی راپۆرتنوسێك راپۆرتێك دەنوسێت نایەتە بیرم بۆ ئەمەریكیەكانە یان بەریتانیەكان ،دواتر دكتۆر كەمال مەزهەر باسی خێرو بێری ئەو راپۆرتنووسەكە دەكات ، خۆزگا لە بری شەڕە دەنوك چوار راپۆرتنووسی ئاوا راپۆرتیان لە سەر دین و تاڵانی نەوتی كەركوك بۆ مێژوو نووسیبا .

4
ئێستا دەركەوت لە ڕوی زمانەوانیەوە ئێمە كێشەی قوڵمان هەیە ، ئاخر رێكەوتنی ستراتیژی ، رێكەوتنی ستراتیژی نەبوو ، رێك كەوتنی ستراتیژی بوو ، ئەوەش زمانی كوردی " شیرین و وەشە زمانی كوردی " .

5
پارتی و یەكێتی دەتوانن بۆ ژیانی خەڵك ، بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێو هەرێم ، بۆ كێشەی كەركوك هەنگاوی گەورە بنەن ، كە ناینەن ، یان ئەوەتا لە سەرو ئەوانەوە دەستێك هەیە ، یان ئەوان خۆیان ئەوەیان دەوێ‌ ، ئەرێ‌ بەڕاست كاری تۆ لە تەك كونسڵا ئەوەیە ئاهەنگی بۆ بكەیت و هەڵپەڕی لە گەڵیدا، یان شتی تر .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی