ئەمەریكا دەیەوێت توركیا كورد نەكوژێت!!

04/01/2019

هیوا سەید سەلیم

 بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان مشتومڕی زۆری بەدوای خۆی داهێنا، لەسەر ئاستی ئەمەریكا رۆژانە لێدوانی جیاجیا دەبیسترێت، دواین هەلوێستیش ئەو لێدوانە بوو كە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی نیوزماکسی ئەمریکی رایگەیاندووە:
 ئێمە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەرکمان جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەمەریكا ووتویەتی (دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی سوپای تورکیا کوشتار دژ بەکورد ئەنجام نەدات)
ئەو دڵنیایەی كە ترامپ داوای دەكات،  دوای ئەوە دێت كە زۆرێك لە هاوپەیمانانی ئەمەریكا لە ئاستی ولاتان لە ناوخۆی ئەمەریكاش و بێرپرسانی حكومی و  ئەندامانی كۆنگرس رەخنەیان لە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمەریكا گرت، بەوەی بەو بڕیارەی پشت لە هاوپەیمانەكانی دەكات و دەرفەتێكیش بۆ توركیا دەرەخسێنێت كە پەلاماری سەر كورد بدات لە رۆژئاوای كوردستان، ئەو كوردانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوو شانبەشانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان شەڕی تیرۆرستانی داعشیان كردووە و هەمیشەش بەرپرسانی ئەمەریكا وەك باشترین هاوپەیمانی خۆیان ناویان بردوون و مامەڵەیان لەگەڵ كردوون لە هاوكاری كردن لە بواری سەربازی و لۆجستی بە ئێستاشەوە.
لە ئێستادا كە بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر كات ماوەتەوە،  لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، كە لەسەر زاری سەرۆكەكەی داوای دڵنیایی دەكات لەوەی توركیا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كورد نەكوژێت،  لەلایەك ترسە لە كاردانەوەی توركیا بەرامبەر كورد هەروەها  پەیامێكە بۆ توركیا بەوەی شەڕی كورد بۆ توركیا ئاسان نابێت.
  لێدوانەكەی پۆپیۆ كە كاردانەوەی توركیای لێكەوتەوە،  ئاماژەیە بەوەی كە ئەوەی لە ناوچەكە مایەی هەڕەشەو نا سەقامگیریە دەوڵەتی توركیایە، دەبێ ئەوەش بووترێت كە ئەمەریكا ناتوانێت ئەو دڵنیایەی دەستكەوێت كە دوابەدوای كشانەوەی هێزەكانی،  توركیا كورد و كەمایەتیە ئاینیەكانی تر كۆمەڵكوژنەكات،  وەك ئێستا ئەمەریكا لە توركیای داوای دەكات.
ئەمەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەزموونی تاڵی وڵاتان و میللەتانی ناوچەكە لەگەڵ سیاسەتە دووژمنكارانەی توركیا لەبەرامبەمەر هەموولایەك پیادەی كردووە، بەتایبەت هەڵوێستی توركیا لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان، وەك چۆن بینیمان كە هێشتا ترامپ ئەجێندای كشانەوەی هێزەكانی بەتەواوی ئاشكرانەكردبوو توركیا كاروانی تۆپ و زریپۆشەكانی بەرەو ئەو ناوچەیە گواستەوە و ڕایگەیاند:  كە (چاڵەكەكان بۆ كوردەكان دەكەینە گۆڕستان)
بۆیە ئەگەر ئەمەریكا جدیەوە و گرنتی پاراستنی كوردی لە دەست پەلامارەكانی توركیا دەوێت، نابێت تەنیا زارەكی ئەو داوایە لە توركیا بكات،  بگرە دەبێت پەلەی نەبێت لە كشانەوەی هێزەكانی تا ئەلتەرناتیف بۆ هێزەكانی دەدۆزێتەوە،  كە لە ئێستادا باشترین جێگرەوە بۆ دۆخی دوای كشانەوەی هێزەكانی بۆ ئێستای ئەو ناوچەیە بریتیە لە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام (ناوچەی دژەفڕین) كە لە لایەن هێزەكانی هاوپەیمانان یان هێزێكی ئاشتیپارێزی سەربە نەتەوەیەكگرتوەكان بپارێزرێت، ئەمە ئەو گرەنتیەیە كە بۆ رێگری لە كوشتاری كوردان پێویستە نەك بەوەی داوا لە توركیا بكرێت كورد نەكوژێت، چونكە توركیا لەوبارەیەوە جێگای متمانە نیە.
هیوا سەید سەلیم


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی