نەوەی دووەمی سەرکردەکان و چارەنووسی باشوری کوردستان!

04/01/2019

مەجید ساڵح

نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕینی باشوری کوردستان، کە پۆست و پارە هاتە ناوەوە، بەناوی کوردایەتی شەڕی براکوژیان هەڵگیرساند و هەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیان لە سەر لوتکەی ئەم شاخ و ئەو کەپک و ئەم دۆڵ و ئەو چەم، کرد بە قوربانی پاراستنی کۆشک و تەلارەکانی خۆیان .. کە زانیان یەکتریان بۆ لەناونابرێ، وەک سەردەمی میرنشینەکان، کەوتنە هێنانی لەشکری ئەم وڵات و ئەو وڵات.. دواتر وڵاتیان کرد بە دوو لەتەوە و تا ئێستاش بە هیچ دەرزی و درومانێک نایلکێێێتەوە بەیەکەوە.. لەسەردەمی نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕیندا، سەرکردایەتیەک هەبوو، را و بۆچوونی هەبوو، کادرێکی وەسەگی حزبی لە خوارەوە هەبوو رخنەی دەگرت و خەڵکێکیش هەبوو، بۆڵەی دەهات و جارجاریش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕی، بۆیە نەوەی یەکەمی سەرکردەکان هەندێ پرەنسیپ و ئەخلاقی سیاسیان مابوو.
نەوەی دووەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین، بەردەمیان تەختە، پارەیەکی زۆرو لەشکرێکی گوێلەمستیانلەبەردەستە، هیچ سەرکردەیەک لە ناو حزبەکانیاندا ناوێرن نوزەیان لێوەبێت و سەمعەن و گاعە هەرچی ئەمر دەکەن بۆیان جێبەجێ دەکەن.. کادیری وەسەگی حزبەکانیان گوێڕایەڵ و قڕوقپ دانیشتوون و وەک زەڕنەقووتە دەمیان کردوەتەوە بۆ پارووی چەور.. خەڵک نوزەی لێبڕاوە، تەنانەت مەعاشەکەشیان بۆ دەکەن بە روبع ئەوان هەر شوکری خوا دەکەن.. رۆشنبیران و ئۆپۆزسیۆن ماندوو بوون و کۆڵیانداوە و تەماشا دەکەن.. 
لە کەشێکی وەک ئێستادا چاوەڕێی چیی لە نەوەی دووەمی سەرکردەکان دەکەین؟! بە دڵنیاییەوە ئەوەی نەوەی یەکەم نەیکردوە و سڵی لێ کردوە، ئەمان بە چاوتروکانێک دەیکەن، گەندەڵی و ماڵوێرانی، هێنانی لەشکری ئەم وڵات و ئەو وڵات دەبێتە ئاو و دۆ خواردنەوە، نەک هەر گرتن و راودونانی کادیرەکانی یەکتری، بەڵکو لەمەولا هیچ هاووڵاتییەک ئەمانی لە سەر ژیانی خۆی نامێنێ.. نەوەی دوەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین، لەبەر ئەوەی خۆیان هیچیان نەکردوە و لەباوکەوە بۆیان ماوەتەوە و بن بەرد و کونەتەیارە و کونەسەگیان نەدیوە و ئێستا حزبێک و کادرێک و ئۆپۆزیسۆنێک و خەڵکێکی رام کراو و دەستەمۆیان لەبەردەستدایە، وەک فارس دەڵێ (افسار گسیخته - پەرتی بڕیوە) و بە ئاسانی نایەنە هۆش خۆیان.. هێڵی سوریان نییە.. لەسایەی ئەمانەدا دەبێ سەد خۆزگە نەوەی یەکەمی سەرکردەکانی دوای راپەڕین بخوازین..

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی