کورد بە گەرمی پێشوازی لە ئەمریکا کرد و بە ساردیش ماڵئاواییی لێکرد

04/01/2019

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

بریارەکەی دۆناڵد ترەمپ تەواوی جیهانی تووشی سەرسامیکرد و کوردیشی غەمبار و نیگەران کرد. ئەمەش لە دیدی زۆرکەسەوە دیارە نەک  تەنها لە لای کورد بەڵکە لەناو میدیاکانی جیهانیشدا بە خیانەتکردن لە کورد دانرا، چونکە ئەمریکا پشتی بە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان بەست بۆ جەنگ لە دژی داعش، دواجاریش  کاتێک داعش لاوازبوو، کوردی رادەستی قەدەرێكی خراپ  و ترسناک کرد، ئەوەیش ئەوەیە یان دەبێت بە تەنها رووبەروی چەتەگەری تورکیا ببنەوە یان دەبێت بە ناچاری لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێبکەون.
ئەمە‌ی روویدا بەلای منەوە راستە زۆر تووشی نیگەرانی کردم، بەڵام ئاساییش بوو بەلامەوە، چونکە مێژووی کورد و ئەمریکا پڕیەتی لەو جۆرە رووداوانە.
لە مهابادەوە بۆ مەنبج
لە پاش تەواوبوونی جەنگی دووەمی جیهان، ئەمریکا و روسیا وەکو دوو زلهێزی گەورەی جیهان دەرکەوتن، زۆر لە نەتەوەو گەلانی جیهانیش سوودیان لە بوونی ئەم دوو زلهێزە بینی، لێ بەداخەوە کورد نەک نەیتوانی سوودیان لێ ببێنێت، بەڵکە زەرەری گەورەشیان لێداوە. لە پاش لاوازبوونی دەوڵەتی ئێران لە جەنگی دووەمی جیهان، کورد هەلی بۆ رەخسا کە لە ئێران شتێک بکات بە شتێک،  ئەوەبوو  ئیعلانی کۆماری مهاباد کرا، بەڵام هەر زوو ئەم کۆمارەش لە لایەن هەردوو زلهێزەوە  لەناوبرا. لەو کاتەدا هاری ترومانی سەرۆکی ئەمریکا  هەڕەشەی لە ستالین کرد، گەر  هێزەکانی لە ئێران نەکشێنێتەوە، ئەوا  بۆمبی ئەتۆمی لە دژی سۆڤێت بەکاردەهێنێت، هەروەها حکومەتی ئێرانیش لەرێگەی کۆمەڵێک رێککەوتنی بازرگانییەوە،قەناعەتی بە سۆڤێت کرد  کە پشت لە کورد بکات. ئەمە سەرەتای بەریەککەوتنی کوردو ئەمریکا بوو، بە واتایەکی تر ئەمە یەکەمین چەپکە گووڵی دەستی ئەم زلهێزە نوێیە بوو بۆ کورد.
لە باشووریش ئەمریکا دەستی خۆی وەشاند، کاتێک  ساڵی 1975 توانی شکست بە شۆڕشی چەکداری کورد بهێنێت، ئەوەش لە رێگەی رێککەوتنی جەزائیرەوە، کە ئەمریکا پیلان دارێژەری سەرەکی  بوو. دواتر کیسینجەر وەزیری دەرەوەتی ئەمریکا رایگەیاند: خۆ ئێمە رێکخراوێکی مرۆیی نین. واتە ئەمان زلهێزێکی جیهانین، خاوەنی کۆمەڵێک بەرژەوەندی ئاڵۆزن، ئاساییشە کوردیش ببێتە قووربانی ئەو بەرژەوەندیانە.
لە باکووری کوردستانیش لەوەتی تورکیا چۆتە ناو ناتۆوە، ئەمریکا بەوپەڕی هێزو توانیاوە لە رووی ئابووریی و سەربازیی و هەواڵگریی و دیپلۆماتییەوە، یارمەتی تورکیای داوە دژی کورد وەستاوەتەوە، چەندە تورکیا دژی پەکەکە بووە، ئەمریکاش ئەوندە. فاروق شەرع وەزیری دەرەوەی سوریا لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: لەکاتی سەردانی بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا  بۆ سوریا، جگە لە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل. مەسەلەی پەکەکە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بووە، کلینتۆن زۆر دژی پەکەکە بوو. ئەوەبوو دوایین کاری چەپەڵیان رادەستکردنەوەی عەبدوڵڵا ئوج ئالان سەرۆکی پەکەکە بوو بە تورکیا. لەسەردەمی ترەمپیشدا، سێ سەرکردەی ناسراویی پەکەکەی خستە قاڵبی  تیرۆرەوەو بڕێک پارەشی بۆ رادەستکردنی تەرخانکردووە، ئەمە لە کاتێکدا هیچ کاتێک ئەمریکا ئەم کارەی لە دژی سەرکردەی پارتێکی سیاسی جیهان نەکردووە. هەموو ئەمانەش بۆ رازیکردنی دەوڵەتی تورک بووە، هەرچەندە لەمەشدا سەرکەوتوو نەبووە، چونکە تورک لەناوچەکەدا لە ژێرەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کاردەکات.
لە رۆژئاواش  راستە لە سەرەتادا پشتگیری کوردی  کرد، بەڵام وەکو سالیح موسلیم ووتی: ئێمە پێش هاتنی ئەمریکاش هەر لەوێ بووین. ئەمریکا وەکو روسیا هیچ هەڵوێستی بەرامبەر بەداگیرکردنی عەفرین و جینۆسایدکردنی گەلەکەی نەبوو. ئەم بێدەنگییەش، گەورەترین زەرەری لە کورد داو، زۆرترین سوودیشی بە تورکیا گەیاند. لە ئێستادا دەیەوێت هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئەمەش بۆ رازیکردنی دەوڵەتی تورکە، کە بە ئاشكرا هەڕەشەی لەناوبردنی گەلی کورد دەکات.
کورد خراپ لە پەیامی ترمپ گەیشت

 ترەمپ  لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، وتی: من کورد بەکاردەهێنم " I used" بەڵام لەلای خۆمان ئەم رستەیەی ترەمپ بە جۆرێکی تر لێکدرایەوە، ئەو کوردی بەکارهێنا بۆ جەنگی دژ بە داعش، ئێسستاش کورد بەکاردەهێنێت، بۆ فرۆشتنی چەک بە تورکیای خوێنمژی کورد، بەمەش سوودێکی باشی ئابووری دەستدەکەوێت. پاشان ئەو هەر لەسەرەتاوە ووتی : نابێت ئەمریکا هیج شتێک بێ بەرامبەر بۆ وڵاتێکی تر بکات. هەرچەندە ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ کورد کردی،  بێ بەرامبەر نەبوو، کورد لەجیاتی ئەمریکا جەنگی چەتەکانی داعشی کرد، لە کاتێکدا تورکیا پاڵپشتیان بوو.
ئێستاش کە ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوا دەکشێنێتەوە، نابێت ببێتە مایە‌ی شۆک بۆمان، چونکە دەبێت کەمێک لە وانەکانی مێژووەوە شت فێربین. لەلایەکی تروە بۆ قسە بە ئەمریکا بڵێین، لەکاتێکدا هەندێک لایەنی کوردی لەوەتەی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی داوە، دەستیان داوەتە شایی و لۆغان، وەکو بڵێیت شکستی پەکەکە، بە سوودی ئەوان بشکێتەوە. دیارە زەرەرمەندەی سەرەکی لە رۆژئاوا کوردە، بەڵام کورد دەبێت هەروەک چۆن لە سەرەتای شۆڕشەکەیدا پشتی بەخۆی بەست، ئێستاش پشت بە خۆی ببەستێت، لەهەمانکاتیشدا هەوڵ بدات دووبارە بە  سیاسەتی دەرەکیی و ناوخۆیی خۆی بچێتەوەو بزانێت هەڵەکانی لە کوێ بوون، ڕاستیان بکاتەوە، گەر وانەکەین ئەوا بە دڵنیاییەوە دووبارە رووبەروی کارەساتی گەورە دەبینەوە.د، ئەگەر جەنگیش لە نێوان کورد و تورکدا بێت، خۆ ئەو هیچ زەرەر ناکات، بگرە سوودی ماددیی و سیاسیشی لێدەکات، لە لایەکەوە چەکی زیاتر بە تورکی فاشی دەفرۆشیت و هەروەها تا ماوەیەکیش، چەتەیەکی وەکو ئەردۆغان ، بە لەناوبردنی کوردەوە مەشخوڵ دەکات.
لەلایەکی ترەوە ئێمە بۆ لە ئەمریکا نیگەران بین، ئەوان چ پەیوندییان بە ئێمەوە هەیە، ئەوە نییە لە لای خۆمان نەیارانی پەکەکە و دۆست ولایەنگرانی ئەردۆغان دەستیان بەشایی و لۆغان کردووە، ئەوەش بەهیوای لەناوبردنی ئەزمونی رۆژئاوا، کە تەنها کورد تێیدا زەرەرمەندە.
ئیر بۆ لۆمە یان رەخنە لە پیاوێکی بازرگانی وەکو ترەمپ بگرین.
کوردی رۆژئاوا، تەنها و تەنها پشت بە خۆیان ببەستن

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی