چۆن شێوەزارەكانی زمانەكەمان بپارێزین؟

05/01/2019

ئاریا یاسین

بوونی زارو و شێوەزارەكانی زمان دیاردەیەكی سروشتی زمانە, زاروشێوەزارەكانی زمان هیچیان لەویتریان بەنرخ و باڵاتر نین, هەموویان هاوشێوەی یەكتر خاوەنی ئاخێوەرانی تایبەت بە خۆیانن.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی زمان ئەوەیە، كە گەشە و گۆڕانی بەسەردا دێت و سروشتییەو ناتوانرێت ڕێگا لەو گۆڕانە  بگیرێت، كە تێیدا ڕوودەدات، ئەم گۆڕانەیش دەكرێت ئەرێنی بێت بۆ زمانەكەو یاخود نەرێنیی، یەكێك لە هۆكارەكانی گۆڕانی زمان دیاردەی ( Code Mixing تێكەڵكردنی كۆدەكان) ە، ئەمەیش بریتییە لە بەكارهێنانی وشە، یان دەستەواژەی شێوەزارێك لەبری شێوەزاری خودی ئاخێوەرەكە، لەنێوان زارو شێوەزارەكانی زمانێك یان لە نێوان دوو زمانی جیاوازدا، ئەم دیاردەیە ڕوودەدات، لێرەدا تەنها ئاماژە بەم دیاردەیە دەكەین, كە لەنێوان زار و شێوەزارەكانی یەك زماندایە.

ئەگەرچی ئەم دیاردەیە لەو ڕووەوە باشە، كە ئاخێوەرانی زمانێك لە زارو شێوەزارەكانی تری زمانەكەیان شارەزاییان دەبێت و لەیەكتری تیدەگەن و پێچەوانەكەی وادەكات ئاخێوەرانی یەك زمان بەرەبەرە لەیەكتری تێنەگەن و هەریەك لەم شێوەزارو زارانە بەرەو زمانێكی سەربەخۆ بڕۆن، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بەدیوێكی تردا ببێت بە لایەنێكی نەرێنیی بۆ زمانەكە، ئەویش بەلەدەستدان و كاڵبوونەوەی ئەو وشە ڕەسەنانەیە، كە لە شێوەزارەكاندا هەیە، چونكە هەرچەندە وشەی ڕەسەنمان زۆربێت لە شێوەزارە جیاجیاكاندا، هێندە فەرهەنگمان دەوڵەمەند دەبێت جا ئەگەر بێت و ئەم وشانەی لەناو شێوەزارەكانی خۆماندا هەن بەكارینەهێنین و، بە وشەی شێوەزارێكی تری زمانەكەمان جێگاكەی پڕكەینەوە, ئەوا وشە رەسەنەكانی شێوەزارەكەی خۆمان كاڵدەبنەوەو لاواز دەبن و دواتریش لەناودەچن, ئەگەرچی لەفەرهەنگیشدا تۆماركرابن، بەڵام نەوەیەكی نوێ كەپەیدا دەبن هیچی لێتێناگەن وەكو چۆن لە ئێستادا زۆر وشەی رەسەنی كوردیمان تەنها لەفەرهەنگدا تۆماركراون و نەوەی نوێ لێیان تێناگەن، بۆ نمونە وەك وشەكانی ( دەمەڵقۆپان)كە لە ئێستادا بووە بە (شەڕواڵ) , (گودیلە) كە بووە بە (پەرچەم), (كەلوەر) كەبووە بە (قاپی یان دەرگا), (تیانچە) بووە بە (مەنجەڵ یان قازان),  دیارە زۆر هۆكار هەن بۆ درووستبوونی ئەم دیاردەیە، لێرەدا تەنها باس لەو هۆكارە دەكەین كە ئەویش لایەنی (دەرونییە)، واتە لایەنی دەرونیی و تێڕوانینی ئاخێوەرە بۆ شێوەزارەكەی خۆی و بەكەم تەماشاكردنی شێوەزارەكەیەتی.

 بۆنموونە لە شێوەزاری گەرمیانیدا (ئێژم) هەیە، لەبەرانبەردا (دەڵێم) هەیە لە شێوەزاری سلێمانیدا، دەبینین هەندێك لە ئاخێوەرانی شێوەزاری گەرمیانی بەتایبەت توێژی گەنجان لەبری (ئێژم)، ( ئەڵێم ) بەكاردەهێنن و (مامر) بووە بە (مریشك) و (بێ) بووە بە (وەرە)..تاد. لە شێوەزاری هەورامیدا وشەی (وێژەن) بووە بە (بنێشت)، كە لەبنەڕەتدا لەشێوەزاری سلێمانیدا بەكاردەهێنرێت، ڕۆژانە بەسەدەها نموونەی لەم شێویە دەبینین و دەبیستین، زۆربەشیان كەوتونەتە ژێر كاریگەری شێوەزاری سلێمانییەوە، ئەگەرچی نكۆڵی لەوە ناكرێت، شێوەزاری سلێمانی كەسەر بە زاری ناوەڕاستە، تا ڕادەیەك شێوازی زاری فەرمیی و بڕیار لێدراوەكانی خوێندنە، بەڵام ئەمە نابێت بگات بەو ئاستەی كە ناوچەكانی دیكە لە شێوازی ئاخاوتنی ڕۆژانەیشیاندا بكەونە ژێر كاریگەریی ئەو شێوەزارەوە، یان هەر شێوەزارێكی تری زمانەكەمان، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەكی فەرمی خاوەنی زاری ستانداردیش بووینایە (لە ئێستادا زاری ستاداربوومان هەیە كە شێوەزاری سلێمانی/ زاری ناوەراستە, بەڵام ستانداردكراومان نییە ), ئاخێوەری شێوەزارەكانی تر هەر مافی ئەوەیان هەبوو كە بەشێوەزاری ناوچەكەی خۆیان بدوێن. زۆر گرنگە ئاخێوەران تێگەیشتنیان سەبارەت بە شێوەزارەكەیان بگات بەو ئاستەی، كە لەشێوازی ئاخاوتنی ڕۆژانەدا و لەو شوێنانەی كە كاروباری فەرمیی نین، هەروەها لەدەرەوەی سنووری جوگرافی خۆیاندا, ئازادن بەوپەڕی شانازییەوە بە شێوەزاری ڕەسەنی خۆیان بدوێن، ئەگەر كەسی بەرانبەری تێنەگەیشت لەوەی دەیڵێت, دەكرێت ئەو كاتە بەشێوەزاری بەرانبەرەكەی ڕونكردنەوە بۆ وشەكە بكات، بەم شێوەیەش كەسی بەرانبەر گوێبیستی  وشەكانی شێوەزارێكی تری زمانەكەی خۆی دەبێت و شارەزای پەیدادەكات سەبارەت بەو شێوەزارە، ئەمەش وادەكات كە لەیەكگەیشتن لەنێوان ئاخێوەرانی شێوەزارە جیاجیاكانی زارو زمانەكە خێراتربێت بەبێ ئەوەی فەرهەنگیشمان كوێربكەینەوە.

  وەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا زۆر هۆكار ئەم دیاردەیە دروستدەكەن، بەڵام بۆ ئەو هۆكارەی كە دەروونییە، تەنها ڕێگەچارە ڕۆشنبیركردنی مرۆڤەكانە سەبارەت بە قبوڵكردنی شێوەزارەكەی خۆیان.

ئاریا یاسین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی