بەدیلی شەڕی براكوژی.. چۆن شەڕ لەگەڵ پارتی بكەین؟

05/01/2019

ژوان ئەحمەد

ساڵ‌و بگرە مانگ تێپەڕ نابێ كە ناكۆكی یان ململانێی توند‌و ناتەندروست ئێخەمان نەگرێت لە كوردستان، بە تایبەت لە نێوان پارتی‌و یەكێتی، بۆیەش دەڵێم پارتی‌و یەكێتی چونكە ئامرازەكانی دروست بونی نائارامی‌و مەترسی‌و شەڕ تا ئێستا لەدەستی ئەو دوو هێزەدایە بە پلەی یەكەم، لە دەسەڵات‌و هێز‌و دارایی.

هەر گرژیەك دروست دەبێت، هەر رەفتارێكی ناچیز‌و خراپ دەكرێت، نەستی هەمومان زەنگی نەهامەتیەكانی رابردوو دێنێتەوە بەرچاومان وەك شەڕی براكوژی‌و ئاوارەیی‌و سەرگەردانی، بێگومان لەو نێوەندەدا زۆر كەس هەن كە بە نەزانی یان بە زانایی‌و مەبەست دەهۆڵی شڕی شەڕی ناوخۆ لێدەدەن، یان داوای لەتكردنی كوردستان دەكەنەوە.

بەدیلی كاری پێكەوەیی مەرج نیە هەر شەڕ‌و براكوژی بێت، ململانێی سیاسی زۆر فۆرمی دیكەی هەیە كە دەتوانێـ یەكێك لە ڕكابەرەكان بۆڕ بدات‌و ئەوی دیكە سەركەوتوتر بكات، هەر ئەوەشە پارێزگاری لە جیاوازیەكانی حزبێك لە حزبێكی تر دەكات.

بە قەولی خۆمان، یەكێتی حزبێكە لە ستراكچەر‌و ئایدۆلۆژیا‌و دنیابینی بۆ سیاسەت كردن جیاوازە لە پارتی، ئەگەرچی بەشێك لە جیاوازیەكانیش كاڵ بونەتەوە، بۆیە دەبێت رەفتار‌و شێوازی سیاسەت‌و ململانێ كردنی یەكێتیش جیاواز بێت لە پارتی.

من پێمخۆشە یەكێتی شەڕی دیموكراسی، ئازادی، ماف، خزمەت، بەرامبەر بە پارتی بكات، بەڵام بۆ شەڕی یەك‌و روبەروبونەوەی خوێناوی نەك پشتیوانی نیم، بگرە ئامادە نیم جارێكی تر ببمەوە بە بەشێك لە شەڕی براكان‌و شكاندنی شكۆ‌و كەرامەتی خۆمان‌و یەكتر.

دەكرێت یەكێتی بە بەرنامەی هەمەلایەن، بە پیشاندانی رویەكی جوانی دیموكراسی‌و ئازادی لە ناوچەكانی خۆیدا، شەڕێك بەرامبەر بە پارتی بەرپا بكات، كە پارتی بخاتە بەردەم دوڕیانێكی چارەنوسساز، یان ئەوەتا لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بێت‌و تا بێت بچوك بێتەوە، یان ئەوەتا پارتی بە حەق ببێت بە حزبێكی دیموكرات‌و تەندروست، نەك بەناو دیموكراسی‌و بە رەفتار خۆسەپێن‌و دیكتاتۆری‌و خاوەن دەسەڵاتی پۆلیسی بێت.

یەكێتی بە چاكردنی خۆی، وەلانانی دەموچاوە سواو‌و بێزراوەكان، وەدەرنانی بازرگانانی سیاسەت‌و شەڕ، دەتوانێت ئەم شەڕە بكات‌و هاوپەیمانیشی لەسەر ئاستی سیاسی‌و حزبی‌و میللی هەیە بۆ سەركەوتن لەو شەڕەدا، بە تایبەت لەم دۆخەدا كە كوردستان گەراوەتەوە خاڵەكانی سەرەتا لە حوكمدارێتی‌و سەروەری، بەدەر لەوە یەكێتی توانای بەردەوامی نابێت‌و رەفتارە تاكرەویەكانی پارتی‌و خۆسەپاندن‌و كڕینی ویژدان‌و حزبە پۆپۆلیستیەكانی ئەمبەری دێگەڵە تا دێت لەسەر جەستەی پەرتی یەكێتی گەورەتر دەبن‌و سەرەنجام ئەم یەكێتیە ئەگەر جیاوازیەكانی لەگەڵ پارتی‌و تەواوی لایەنەكانی تر زیاتر نەكات، ئەوا مەرگی خۆی دەبینێت لەبری سەركەوتن لە ململانێ سیاسیەكاندا.

شەڕی دیموكراسی‌و ئازاد، شەڕ بۆ ماف‌و خزمەتگوزاری‌و ژیانی شایستە، سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستان دەكاتە پێشمەرگەیەكی چاونەترس‌و قارەمان‌و ئازای یەكێتی‌و كوردستان، بەڵام شەڕی چەكداری‌و كوشتنی براكان، پێشمەرگە چەك بەدەستەكانی ئێستاش ناچار دەكات چەكەكانیان فڕێ بدەن، چونكە كەس سودی لە كوشتنی براكان نەبینی، پارتی‌و یەكێتیش نەیانتوانی بە چەك یەكتر لەناو ببەن، چونكە شەڕی چەك تەنیا بازرگانەكان تیایدا سەركەوتوو بون كە چەكی بەرەكانیان دەبردەوە بازاڕ‌و دەیانفرۆشتەوە، گەنجانیان ئاراستەی دۆزەخی شەڕ دەكرد‌و خۆیشیان لە بەرزاییەكانەوە بە دوربین لەگەڵ هەر فیشەكێك كە دڵی یەكێكی دەسمی، دینارە زیادەكانیان دەژمار كە دەچوە باخەڵیانەوە.

با لەبری شەڕی براكوژی‌و چەك، شەڕی دیموكراسی‌و ئازادی‌و ماف بەرامبەر بە پارتی بكەین، ئەوكات پارتی یان دەگۆڕێ یاخود بە خراپی دەدۆڕێ.

ژوان ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە