پێکھێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم!

06/01/2019

ئارێز عەبدوڵا


لەبەر چەند ھۆکارێکی دیار پێکھێنانی حکومەت دواکەوتووە و داوای کارکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمیش دەکرێ. من بەش بە حالی خۆم ھەر لە سەرەتاوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ ئەو دەزگایە بە زیادە دەزانم، بەڵام ئەگەر کاراش بکرێتەوە لانی کەم دەبێ سەرۆک لەناو پەرلەمان ھەڵبژێردرێ و دەسەڵاتەکانی سنوردار بکرێن، لەو بارەیەشەوە پارتی نەرمییەکی نواندوە. واتا ئێستا پارتی دوو فایلی بەدەستەوەیە بۆ رێککەوتن: کابینەی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم، بۆ ھەردووکیشیان کاندیدی دیاریکردوە، ئەوە لەکاتێکدا کە بەپێی یاسا سەرۆکایەتی ھەرێم سڕکراوە و بو کاراکردنەوەشی دەبێ پێش وەختە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەموار بکرێتەوە، بەڵام پارتی تا ئێستا قایل نییە فایلەکانی بەغدا و کەرکوک بخرێنە سەرمێزی گفتوگۆ!
 پێم وایە رێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم پێویستە، بەڵام لەوە پێویستر چارەسەری کۆی کێشەکانی ھەرێمە لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی بۆ ئەوەی حکومەتێکی سەقامگیر و ئارامی و یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستیش لە بەغدا مسۆگەر بکرێن. ناکرێ پارتی بە ئارەزووی خۆی فایلێک ھەڵبژێرێ و فایلێکی تریش لەسەر رەفە بھێلێتەوە پێویستە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش بەیەکەوە کۆی فایلەکان بخەینە سەر مێزی گفتوگۆ. 
رێککەوتن لەسەر بەشێک و ھێشتنەوەی بەشێکی تر دەردی گەلی کوردستان چارەسەر ناکات. 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی