ئاشكرایە كە هەرلەسەرەتاوە مانەوەی ئەمریكا لەكوردستانی سوریا بۆ ئەوەبووكە ڕوسیا بەتەنیا لە سوریا نەبێ و ئێران بەئارەزووی خۆی تراتێنی تێدا نەكات ، باشترین بژاردەش بۆ واشنتن ئەوەبوو كە ڕێبكەوێت لەگەڵ كوردەكان بۆ ئەوەی ببنە هێزی سه رەكی پیادە لەجەنگی دژ بە داعشداو دواتریش بنكەی سەربازی خۆی بهێڵێتەوە بۆ ڕێگری لە هێنانی چەك و تەقەمەنی بەناو عێراقدا بۆ سوریا و بۆحیزبولڵای لوبنان .
ئەمە و ترامپ لە پڕ ، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ، هەڵوێستی خۆی لە ١٨٠پلە گۆری و رایگەیاندكە
: - داعشی لە ناو برد و ئیتر لە سوریا هێزی سەربازی ئەمریكا نامێنێ ، دەكشێتەوە !
ترامپ لە هەموو كەس باشتر دەزانێ كە ئەم ڕاگەیاندنە درۆیەكی گەورەبوو كردی . داعش لە ناونەبراوەو لە سوریا و لە عێراق و لە چەندین وڵاتیتر هێشتا هێزی هەیەو جێگەی مەترسیە . جگە لەمەش ، باشدەزانێ كە بوونی سەربازی ئەمریكا لەگەڵ كوردی سوریا تەنها بۆ لەناوبردنی داعش نەبووە ، بەڵكو ئامانجی دیكەشی لە پشتەوەیە . كەواتە سەرۆكی ئەمریكا ترامپ بۆچی ئەم بڕیارەیدا كە سوریا بەجێبێڵێ ؟ چ نهێنیەك لە پشتی ئەم بڕیارەوەیە كە تەنها ترس و ناڕەزایی كوردەكانی سوریا و هەموولایەكی بەرپانەكرد ، بەڵكو وەزیری بەرگری ئەمریكایش ماتیس دەستی لە كار كێشایەوە ، كۆمەڵێ لە كەسایەتی ناسراوی كۆنگرێسی ئەمریكی ناڕەزایی توندی خۆیان دەربڕی ، وەزیری بەرگری نزیكترین دەوڵەتی ئەوروپی – بەریتانی – بە ئەمریكا یەكەم كەس بوو ڕخنەی لە ترەمپ گرت . بەگشتی ئەوروپا ناڕازی بوو .
لێرەدا ئەوپرسیارە قوتدەبێتەوە : بۆچی ترامپ ئەمەی كرد ؟ نهێنیەك لەپشتی ئەم پرسەوەیە ؟
هێندێ لە ناوەندە سیاسیەكان وەهای بۆ دەچن كە ترامپ كاتی خۆی قەومانوویەتی لەگەڵ پۆتین ، خیانەتی لە وڵاتەكەی خۆی كردووە و لەگەڵ پۆتین ڕێك كەوتووە كە یارمەتی بدات بۆ ئەوەی ببێتەسەرۆكی ئەمریكا. ئەوناوەندە سیاسیانە پێیان وایە كە پۆتین هەڕەشەی لەترامپ كردووە: ئەگەر سوریا بەجێ نەهێڵت من ئەو نهێنێ ئاشكرا دەكەم كە لە نێوانماندایە و خۆت ئەزانیت ئەنجامەكەی چ دەبێت؟
ترامپ خۆی نیوە شێتە و ئەم هەڕەشەیەش شێتتریشی كردووە . وەكو ئەوە وایە كە گوێزانی قوتداوە، نە بە تەواوی بۆی قووتدەدرێ و نە دەتوانێ تفی بكاتەوە . ئەم هەڵوێستە ئەو ڕاستیە بۆ هەموو جیهان دەردەخات كە ترامپ درۆدەكات كاتێ دەڵێ :
- بەرژەوەندی ئەمریكا لە سەروو هەموو شتێكەوەیە .
لێرەدا ئاشكرایە كە بەرژەوەندی شەخسی ترامپ ، نەك بەرژەوەندی ئەمریكا ، لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە . بەڵگەش بۆ ئەمە ڕوونە : ترامپ دەزانێ كە نە داعش لە ناوبراوەو نە ئێران لە سوریا دەركراوەو نە ڕوسیا سوریای جێهێشتووە . كەچی وەها بە ئاسانی بڕیاری كشانەوەش لە سوریا دەدات ! ترامپ هەتا پێویستی بە كوردەكان بوو كردنی بە ( كەوا سووری بەر لەشكر)و هەزاران شهیدو كەمئەندامیان پێشكەش كردو ئیستەش ، كە ئیتر بڕیاری كشانەوە دەدات ، دەیانخاتە ژێر( ڕەحمەتی ) دڕندەیەكی تینو بە خوێنی كورد لە هەر گۆشەیەكی جیهاندا هەبن ، دەبێ میللەتی كورد دەرزێكی تاڵ لە پێوەندی خۆی لەگەڵ ترامپ و كەسانی وەكو ترامپ وەرگرێ و هەموو هێلكەكانی خۆی نەخاتە سەبەتەی هاوپەیمانی لەم چەشنە.
ئێمە ناتوانین لۆمەی كوردی سوریا بكەین لەسەر ئەم وەزعەی تێیكەوتوون ، چوونكە هەر لە نووكەوە هیچ مافێكی نەتەوەیی و دیموكراسیان نەبوە . بۆ یەكەم جارە لە هەموو مێژووی خۆیاندا كە ئەم دەسكەوتە دیموكراتیەی ئیستەیان بە خۆوە ببینن . بەڵام دەبێ لۆمەی تووندی حوكمڕانانی ئەم هەرێمە بكەین لەسەر ئەوە كە ، ئەگەر چی زۆریشیان پێناكرێ ، هیچ هەڵوێستێكیان وەرنەگرت و كە میشیان نەكرد بۆ یارمەتی كوردەكانی سوریا لەم دەردو نەگبەتیەیاندا . بە پێچەوانەوە ، هێندێكیان كێشەو گرفتی ئەوكوردانەیان پێخۆشبوو چونكە بەچاوی حیزبایەتی تەسكەوە ڕوانیانە پرسەكە .
من وای دەبینم كە كوردی سوریا ئەمڕۆ زۆر بژادەیان لە بەردەوامدا نیە و ناچارن بە هێندێ پاشە كشە و ڕازیبوون بە زیانی كەمتر و بەڵای بچوكتر . ناچارن هەوڵی ڕێكەوتن بدەن لەگەڵ ڕوس و لەگەڵ دیمەشق . بۆ ئاگاداری تا ئەم چركەیە هێزی ئەمریكی لە جێگەی خۆی ماوەو ئەگەر گۆڕانكاری پۆزەتیڤ لە وەزعەكەدا بوو ئەوە حسابی خۆی بۆ دەكرێ.
بەهادین نوری
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی