سەبارەت بە ”دیل گۆڕكێ“كەی نێوان پارتی‌و یەكێتی

07/01/2019

مەریوان وریا قانیع

ھەندێك دۆست پرسیاری ئەوەیان لەمن كردوە ڕام بەرانبەر بەو ”دیل گۆڕینەوە“یەی نێوان پارتی و یەكێتیی و ڕۆڵی دادگاكان لە ھەرێمدا، چییە؟

لە وەڵامی ئەو دۆستانەدا زۆر بە كورتیی دەڵێم:
١- لە ناو ھەر نوخبەیەكی سیاسیی حوكمڕاندا كە شەرم و ئەخلاق بەمانا ھەرە سادە و گشتییەكەی نەما، كە ھیچ جۆرە ھەستكردنێك بە بەرپرسیارێتی بوونی نەما، ئەودەم مرۆڤ دەبێت چاوەڕوانی ھەموو جۆرە سوكایەتیكردن و بێمافكردن و بەڵتجیەتیەكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی بێت. پارتی و یەكێتی دوو ھێزی بەڵتەجیین و ئەوەی دەیانجوڵێنێت لۆژیكی شەقاەوەیە نەك لۆژیكی دوو ھێزی سیاسیی خاوەن لانی ھەرە ھەرە كەمی بەرپرسیارێتیی و ئەخلاق و شەرمی سیاسیی.

٢- ساڵانێكی درێژە من بەرگریی لە تێزی سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا دەكەم. یەكێك لە ڕەھەندەكانی ئەم تێزە پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییە كە ئەوەی حوكمڕانەكانی ھەرێم دەجوڵێنێت نە ئایدیۆلۆژیا، نە پرۆژەیەكی سیاسیی نیشتیمانیی، نە جۆرێك لە تەفسیركردنی فیكرییە بۆ دونیا و كۆمەڵگا، بەڵكو عەقڵیەت و ئاكارێكی سوڵتانیی ڕووتە، كە وایكردوە حوكمڕانانی ئەم ھەرێمە ھەم خودی ھەرێمەكە و ھەم دانیشتوانەكەی بە موڵكی شەخسیی خۆیان و بنەماڵە و مناڵەكانیان بزانن. بۆیە پێیان ئاساییە چیان بوێت لەو ھەرێمە و لە دانیشتوانەكەی بكەن. ئاخر سوڵتان ئازادە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی موڵك و ماڵ و پارە و سامان و ئاژەڵ و ڕەعیەتەكەیدا، ئازادە كێ دەگرێت و كێ ڕاودەنێت و كێ دەفڕێنێت، وەكچۆن ئازادیشە كێ ئازاد و كێش خەڵات و ئافەرین دەكات. 

٣- ئەم ”دیلگۆڕكێ“یە جارێكی دیكە نیشانیداین لەدوای نزیك لە سی ساڵ لە حوكمڕانیی كوردیی، ئەم ئەزموونە شكستخواردوە تەنانەت یەك دەزگاشی دروستنەكردوە كە خۆیان و مناڵەكانیان ڕێزی بگرن و نرخی بۆ دابنێن، لە پێش ھەمووشیانەوە دەزگاكانی داوەرییكردن و ئەو لەشكرە لە داوەر و لە كەسانی یاسایی كە لەو دەزگایانەدا كاردەكەن. 

٤- ئەم ”دیلگۆڕكێ“یە بە پلەی یەكەم ئیھانەیەكی گەورە و ھەمەلایەنە بە سیستمی داوەریی بەگشتیی و بە سەرجەمی ئەو داوەر و كارگەرانەی لەناو ئەم سیستمەدا كاردەكەن. 

٥- لەم كەیسە ترسناكەشدا، وەكچۆن لەزۆر شتی تردا، ھەڵەیە تاوانەكان فیفێی بە فیفتی بەسەر دوو ھێزە حوكمڕانەكەدا دابەشبكەین، كادرەكەی پارتی لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گیراوە و ئەوەی یەكێتی بە مەبەستی سیاسیی و وەك تۆڵەكردنەوە فڕێندراوە. لەمەشدا تاوانباری ژمارە یەك پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەمەش وەك پارتییەكان بێماندووبوون سەدبارەی دەكەنەوە، نە لە ”گرێی پارتی“ی و نە لە ”ڕق لە پارتی“ی و نە ھیچ شتێكی تری لەم بابەتەوە نەھاتووە. بەڵكو وەسفكردنێكی سادە و بێلایەنەی ئەوەیە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا. كە ئەمە دەڵێم ھاوكات دەشمەوێت ئەو خاڵە لای ھەمووان ئاشكرابێت كە ھیچ تاوان و ناشیرینییەك نییە پارتی بیانكات و یەكێتی توانای كردنیانی نەبێت، ھەردوو ھێزكە دەتوانن ھەر تاوانێك بیانەوێت و چۆنیشیان بوێت بەو شێوەیە ئەنجامیبدەن.

٦. ئەوەشی لەناو ئەم چڵپاوەدا جارێكی تر بێمانا و نابەرپرسیارانەیە، ھەڵوێستی ئەو لەشكرەیە لە ڕۆشنبیران لە وڵاتەكەدا، كە بەدەگمەن نەبێت، یەكێكیان نقەیەكی بچووكیشی لەدەمەوە نەھاتەدەر.

مەریوان وریا قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە